عەلی قەرەداغی پشتیوانی هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەكا
خەڵك ـ بەشی هەواڵ
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا لە ناو خاكی سوریا لە جەڕابلوس دەكات و ڕایدەگەیەنێـت، ئامانج لێی دروست كردنی ناوچەیەكی ئارامە و دەشڵێت: "هەنگاوێكە بە ئاڕاستەیەكی دروست".
پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی ؛سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی؛ لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندوە، چوونە ناو خاكی باكوری سوریا لە لایەن سوپای توركیاوە، هەنگاوێكە بە ئاڕاستەیەكی دروست.
دەشڵێت: "ئەم ئۆپراسیۆنەی سوپای توركیا بۆ باكوری سوریا ئامانج لێی دروست كردنی ناوچەیەكی ئارام و ئاسایشە بۆ ئاوارەكان و ڕێگری كردنە لە دزە نەكردنی تیرۆرستان بۆ ناو خاكی توركیا".
ڕاشیگەیاندوە، هەنگاوێكیشە بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاوارەكان لە ناو خاكی توركیا لەدەست تیرۆرستان.
لە تویتەكەیدا عەلی قەرەداغی لەبری ناوهێنانی ڕۆژئاوای كوردستان دەستەواژەی (باكوری سوریا) بەكاردەهێنێت و لەسەر ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر بۆتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردوودا بە هۆی پشتیوانەیە بەردەوامەكانی عەلی قەرەداغی لە حكومەتەكەی ئەردۆغان و پشتگیری كردنی لە هەنگاوەكانی، بۆتە جێگەی ڕەخنەی بەشێك لە كوردان و زۆربەی جار لەكاتی دەربڕینی پشتیوانەكانی بۆ توركیا لە كۆمێنت و وەڵامەكاندا ئەوەی بیر دەخەنەوە، كە حكومەتی توركیا چەندە دڕندانە مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد دەكات لە باكوری كوردستان.
بهروار: 25/08/2016
1895 جار خوێندراوهتهوه
|