كۆشكی سپی ئەمریكا هۆشداری داوە بە توركیا لە هێرشەكانی جەڕابلوس ڕووبەڕووی پەیەدە و یەپەگە نەبنەوە
خەڵك- ئومێد حسێن
بەرپرسانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستدرێژی و چوونەناوەوەی سەربازی توركیا بۆ ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا بە "دەستدرێژی" وەسف دەكەن و جەختیشدەكەنەوە، كە "توركیا وەك داعش شكست دەهێنێت".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە، هێرشی سوپای توركیا بە پاڵپشتی دەبابە و تۆپی دوورهاوێژ و فڕۆكە بۆ سەر داعش لە جەڕابلوس دەستی پێكرد و بیناڵی یەڵدرم ؛سەرۆك وەزیرانی توركیا؛ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش؛ لەگەڵ جۆ بایدن ؛جێگری سەرۆكی ئەمریكا؛ ڕایگەیاند، هێرشەكەیان بە ئاگاداری ئەمریكایە.
لە كاردانەوەی هێرشەكەدا، حكومەتی سوریا بە توندی هێرشی كردە سەر توركیا و ڕایگەیاند، كە ئەو كارەی توركیا دەستدرێژیە بۆ سەر خاكی وڵاتەكەیان و بەزاندنی سەروەری خاكی سوریایە.
هاوكات، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند، كە هۆشداریان داوەتە توركیا لەوەی لە هێرشەكانی بۆ سەر جەڕابلوس ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە ئەنجام نەدات و خۆی لە هێرشكردنە سەر كوردەكان بپارێزێت.
لای خۆشیەوە، ساڵح موسلیم ؛هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی كوردی-سوریا (پەیەدە)؛ ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ دەستپێكی هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر جەڕابلوس لە هەژماری خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، توركیا بە هەمان شێوەی داعش لە سوریا شكست دەهێنێت.
هاوكات ڕێدۆر خەلیل ؛وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)؛ ڕایگەیاندووە، كە دەستێوەردانی سەربازی توركیا لە سوریا و باكوری كوردستان "دەستدرێژیەكی ڕوونە لە كاروباری ناوخۆی سوریا" و ئاشكراشی كرد، كە ئەو دەستدرێژیە بەهۆی ڕێكەوتنی ژێربەژێری نێوان توركیا، ئێران و سوریایە.
توركیا پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی ئەو چەكدارانە دەكات، كە دژی بەشار ئەسەد دەجەنگن، بەڵام ترسێكی گەورەی لە جەنگاوەرە كوردەكان هەیە، كە دژی ئەسەدن و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت.
لەو بارەیەشەوە، مەولود چاوش ئۆغڵو ؛وەزیری دەرەوەی توركیا؛ ڕایگەیاند، كە پێویستە چەكدارە كوردەكانی سوریا (كە مەبەستی یەپەگەیە) بگەڕێنەوە ناوچەكانی ڕۆژهەلاتی ڕوباری فوڕات.
بیناڵی یەڵدرم ؛سەرۆك وەزیرانی توركیا؛ لە كۆنگرەیەكی هاوبەش لەگەڵ جۆ بایدن ؛جێگری سەرۆكی ئەمریكا؛ لە ئەنكەرە ڕایگەیاند، كە ڕێگە نادەین هیچ كیانێكی نەتەوەیی لە سوریا دروست ببێت.
سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی جەڕابلوس لە دەست داعش وتی: "هێرشەكانمان بۆ سەر جەڕابلوس بە هەماهەنگی و ئاگاداری ئەمریكا بووە، چونكە لەو ناوچەیەوە چەندین جار هێرش كراوەتە سەر خاكی توركیا لەلایەن چەكدارانی داعش-ەوە".
وتیشی: "یەپەگە و پەیەدە تیرۆرستن و نابێت بچنە ڕۆژئاوای ئاوی فوڕات و هاوسۆزی پەكەكە-ن و دەبێت ئەمریكا هەڵوێستی خۆیان لەسەریان ڕوونبكاتەوە".
لای خۆشیەوە، جۆ بایدن ڕایگەیاند، كە هەڵوێستمان لەوبارەیەوە ڕوونە و هەرچەندە بە هیچ شێوەیەك دانی نەنا بە "تیرۆرست" ناساندنی (پەیەدە) وتی: "هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتمان كردووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی مەنبەج، بەڵام بەو مەرجە هاوكاریەكان بەردەوام دەبێت، كە پابەند بن بە ڕێكەوتنەكانەوە و دواتر لەو ناوچەیە بكشێنەوە".
لە بەرامبەردا، ڕێدۆر خەلیل وتی: "ئەو داواكاریە پەیوەستە هێزەكانی سوریای دیموكرات، چونكە ئەمریكا پاڵپشتی دەستێوەردانی توركیای كردووە.
لای خۆشیەوە، ئاڵدار خەلیل ؛كەسایەتی سیاسی كوردی؛ هێرشەكەی توركیا بۆ جەڕابلوس بە "داگیركاری" وەسف دەكات و دەڵێت: "دەستێوەردانی توركیا ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ئیدارەی زاتی لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە لایەنە كوردیەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا ڕایانگەیاندووە".
وتیشی: "وەڵامدانەوە و شێوازی وەڵامدانەوەی پێویستی بە گفتوگۆ و لێكۆڵینەوەیە، بۆیە تا ئێستا لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەین و وەك پرنسیپیش بە هەموو جۆرێك داگیركاری ڕەتدەكەینەوە".
بهروار: 24/08/2016
4498 جار خوێندراوهتهوه
|