هەرێم چاوەڕێی قاوە خواردنەوەكەی بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەكات
خەڵك ــ بەهمەن محەمەد
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایەك ئاڕاستەی سەركردە سیاسیەكانی هەرێم دەكات و هۆشداریش دەدات لە تێكچوونی زیاتری دۆخی هەرێم.

دانا جەزا ؛ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند "دۆخی سیاسی هەرێم پێویستی بە دانیشتنی بەپەلەی سەركردە سیاسیەكان هەیە بۆ ئەوەی كێشە و ململانێكان لەوە زیاتر تەشەنە نەسەنێت".

دەشڵێت "پێویستە سەرجەم لایەنەكان بەئاڕاستەی كێشەكان بیربكەنەوە و بەرژەوەندی حزبی بەلاوە بنرێت، لێدوانە توندەكان ڕابگیرێن و دۆخی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە، چونكە ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی هەرێم لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لە هەریەكە لە سەرۆكی حزبەكەی (مەسعود بارزانی) و نەوشیروان مستەفا ؛ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان؛ كرد بەپەلە كۆببنەوە، لەوباریەشەوە وتی "دۆخی سیاسی هەرێم ئاڵۆزە، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی هەموو ڕێگاكان بە بنبەست گەیشتبن، بۆیە بە قاوە خواردنەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا پێدەچێت گرێكوێرەی زۆرێك لە كێشەكان بكرێنەوە".

دانا جەزا وتیشی "پێویستە سەرجەم سەركردەكان بە گیانێكی لەخۆبوردوانە هەوڵ بۆ چارەسەری كێشەكان بدەن و واز لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی بێنن و مزایەدەی سیاسی بەلاوە بنرێت".

بەهۆی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پەرلەمانی كوردستان لەكار خراوە و هەروەها دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمیش بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەوپەڕی خراپیدایە و سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت حكومەت ئامادە نیە هەمواری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بكات.


به‌روار:  24/08/2016
551   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   231
کۆی سه‌ردان:   29231578