دایكێكی كورد پەتی سێدارە لە ملی بكوژی كوڕەكەی دەكاتەوە
خەندان - محەمەد بەختیار

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەشاری سنەی پارێزگای كوردستان كەسێك كە بە تاوانی كوشتن بە فەرمانی دادوەر بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەكاتی جێبەجێ كردنی فەرمانەكەداو لەو كاتەی كە پەتی لەسێدارەدانەكە لەملی ئاڵێنرابوو، كەوتەبەر لێخۆشبوونی خێزانی كوژراوەكەو لە مردن ڕزگاری بوو.

دلێر ئەحمەدی گەنجێكی تەمەن 23 ساڵی خەڵكی سنەیە كە چوار ساڵ پێش ئێستا لەئەنجامی شەڕێك بە دەستی هاوڕێیەكی خۆی كوژراو دواتر دادگای ئێران بە تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ بكوژەكە دەركرد.

سیمینی چایچی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سنەوە بە بی بی سی فارسی ڕاگەیاندووە"بەمەبەستی لێخۆشبوون لە بكوژەكە وەكو چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی سێ ساڵ پێش ئێستا دەستمان بە گفتوگۆكرد لەگەڵ خانەوادەی دلێر ئەحمەدی، بەڵام  دایكی دلێر بە هیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو ئێمە ببینێت‌و سووربوو لەسەر جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگاو لەسێدارەدانی تاوانبارەكە لە بری كوشتنی كوڕەكەی".

بە وتەی سیمین، سێ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن خانەوادەی بكوژەكەوە پێیان ڕاگەیەنراوە كە دادگای باڵای سنە سێ ڕۆژی تر بڕیاری لەسێدارەدانەكە جێبەجێ دەكات‌و بە مەبەستی دواین دیدار بانگهێشتی زیندان كراون هەربۆیە ئەوان وەكو چالاكوانانی مەدەنی جارێكیتر سەردانی ماڵی كوژراوەكەیان كردووەتەوە.

سیمینی چایچی لەبارەی باری دەروونی دایكی دلێر ئەحمەدیەوە ڕایگەیاندووە"لەم سێ ڕۆژەدا نەمتوانی سەیری چاوی بكەم، ئەوەندە خەم لەو دایكە دەبینرا كە بۆ یەك جاریش بێت نەم توانی داوای لێ بكەم بكوژەكە عەفوو بكات، بۆیە تەنها لەگەڵ باوكی دلێر و براكانی قسەمان كرد و داوامان لەوان كرد لەگەڵ دایكەكە قسە بكەن".

بە وتەی ئەو چالاكوانە ئەمڕۆ لەكاتێكدا دادگای سنە بكوژەكەی لەسەر كورسی لەسێدارەدان داناوەو پەتی سێدارەی كردوەتە ملی، لەوكاتەدا دایكی كوژراوەكە، لەبكوژی كوڕەكەی خۆشبووەو لەسەر كورسی پەتی سێدارە هێنراوەتە خوارەوە.

بەپێی یاساكانی ئێران تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست سزاكەی لەسێدارەدانە و هەر كەس بەهەر بیانوویەك كەسێك بكوژێت لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتەوە لەسێدارە دەدرێت تەنها لەحاڵەتی لێخۆشبوونی كەسوكاری كوژراوەكەوە، دەكرێت لە مردن ڕزگاری ببێت.




به‌روار:  23/08/2016
840   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1617
کۆی سه‌ردان:   29265632