تەنیا پەکەکەیە، دەتوانێ ئەم ئیرادە شکاوەی تاکی ئێمە چاک و دروست بکاتەوە
پێشکەونێک بۆ دواوە..!
سەنگەر گواستنەوەی بێژەرەکان لە میدیای ئەهلیییەوە بۆ میدیای پارتی، لە سەرکردایەتی حیزبێکی سۆسیالدیمۆکراتەوە بۆ حیزبێکی ڕاستڕەو و کۆنزەرڤاتیڤ، هەڵوێست گۆڕین و کرانەوەی عەقڵیی و پێشکەوتن نییە، ئەگەر پێشکەوتن بێت پێشکەوتنێکە بۆ دواوە.
کاراکتەری کوردی کاراکتەرێکی تێکشکاو و ئیرادە لاوازە، مێژوو بخوێنەرەوە؛ دەزانی زۆربەی زۆری شۆڕشەکانی بە خیانەتی ناوخۆیی شکست پێهاتووە، ئەوەی یەکێتی و پارتی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لێیان بردین؛ بەتەنها پارە نەبووە، ئەگەر خەمی پارەتە لێرەدا بوەستە و ئەم پۆستە مەخوێنەرەوە، ئەوەی ئەوان کردیان فەسادکردنی ئەخلاقی خەڵکی ئێمە بوو، کە بە ٥٠ ساڵی تر هەر ناچێتەوە شوێنە کۆنەکەی خۆشی، بەم ڕەوتەی ئێستای بڕوات لە ١٠ ساڵی داهاتوودا دەبێ لەو کوردستانە بۆ کەسێکی شەریف کوناوکون بگەڕێیت... ئەوان وایانکرد؛ خەڵکی بەها بۆ پرەنسیپە ناوەکییەکانی خۆشی دانەنێت، لە کویا بۆی لوا هەڵوێست و بیروباوەڕی؛ وەک گۆرەوییەکانی بگۆڕێ و ببێت بە تەنافبازێکی کارامە کە لەمبەرەوە خۆی هەڵدا بۆ ئەوبەر بێ ئەوەی ترسی کەوتنی هەبێت... چونکە لە بنەڕەتدا ئەوان لە خواری خوارەوە بازبازێن دەکەن و خوارەوەش شوێنێکە کە تێیدا کەوتن هیچ مانایەکی نییە.
من ئەگەرچی زۆر نیگەرانم، لە تۆتالیریەتی PKK و سیاسەتی ناوچەییان، ئەگەرچی دژی ئاپۆچێتی و ئەو سروتە تەوتەمگەراییەم کە ئەو حیزبە بۆ ڕێبەرەکەی دەیگێڕێت، ئەگەرچی بەشی زۆری تەمەنی گەنجییم لەناو PKK دانا و زۆرترین هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانم شەهید بوون و بە قودرەتی قادر، وەک کاراکتەری ناو چیرۆکێکی ڕیالیزمی سیحری نازانم چ هێزێک نەیهێشت لەو هەموو شەڕەدا بکوژرێم، بەڵام ئێستایش لام وایە؛ ئەوەی دەتوانێ ئەم ئیرادە شکاوەی تاکی ئێمە چاک و دروست بکاتەوە تەنیا پارتێکی وەک پەکەکەیە، کە ئەندامەکانی بە پەروردەیەکی شۆڕشگێڕانە وەها پەروەردە دەکات، کە سێکس و پارە بە ئاسانی ناتوانن بیکڕن..!
تـوانــا ئەمین
ـــــــــــــــــــــ
فۆتۆکە: لەگەڵ هەڤاڵان و هاوسەنگەران، ساڵی ١٩٩٧ کە ئێستا تەنها من و کاک دیاری لەم وێنەیەدا لە ژیاندا ماوین.
پەیجی نووسەر
بهروار: 27/07/2016
1074 جار خوێندراوهتهوه
|