فوئاد حسێن: لە كوردستاندا تەنها نەوشیروان مستەفا و بارزانی خاوەن بڕیارن
دوای ئەوی دوور لەچاوی راگەیاندنەكان، د.فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەنوێنەرایەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن نوێنەرەكەی بارزانی داوای لە رێكخەری گۆڕان كردوە دەسپێشخەری بكات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەی "ئاوێنە" بڵاویكردۆتەوە، د.فوئاد حسێن لەدیدارەكەیدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا وتویەتی "تەنها هاتووم بۆ مناقەشە تابزانم پێشنیار و رای لایەنەكان چییە بۆ كاركردن لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخەكە".

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، نوێنەرەكەی بارزانی بە رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی وتوە "لە هەرێمی كوردستاندا تەنها تۆ و بارزانی خاوەن بڕیارن". لەوەڵامی ئەو قسەیەشدا نەوشیروان مستەفا وتویەتی "من خاوەنی بڕیار و دەسەڵات نیم، هەرچی دەسەڵاتەكانە لای بارزانی كۆبۆتەوە، دەبێت ئەو دەستپێشخەری بكات".

سەرچاوەیەكی ناو گۆڕانیش دەڵێت "تەكنیكی گفتوگۆی پارتی ئەوەیە هیچ لە بڕیاری خۆی نەیەتە خوارەوە، داوا لەئێمە دەكەن دەسپێشخەریمان هەبێت، دوای ئەو دەستپێشخەریەش دیسانەوە داواكاری و قسەی تریان دەبێت".

سەرچاوەكە دوپاتیكردۆتەوە، لەبەرئەوەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نییە، بۆیە دەستپێشخەریشی نابێت، وتوشیەتی "دەسەڵات لای بارزانی-یە و دەبێت ئەو دەستپێشخەری هەبێت، ئێمە لە نیەتی پارتی تێگەیشتوین، دەیانەوێت هیچ شتێك نەكەن و شتیش لەئێمە بەدەستبهێنن".
نەوا

به‌روار:  26/07/2016
816   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   926
کۆی سه‌ردان:   29258243