پارێزەرەکەى ماندێلا سەردانى گەریلاکانى پەکەکەدەکا
ئەسا موسا پارێزەرى نێڵسن ماندێلا لەگەڵ شاندێک لە کیشوەرەکانى ئەفریقا، ئەمریکا و وڵاتانى هندستان و تونسەوە سەردانى گەریلاکانى پەکەکەیان کرد لە باشووری کەرکوک.
ئەمڕۆ ٢٣ى تەمووزی ٢٠١٦ ئاژانسى هەواڵى فوارت بڵاویکردەوە، ئەسا موسا پارێزەرى نێڵسن ماندێلا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسى ئاشتى و سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هزرى عەبدوڵا ئۆجەلاندا سەردانى شارى سلێمانیى کردبوو ئەمڕۆ سەردانى گەریلاکانى پەکەکەى کرد لە باشوورى کەرکوک.

ئاماژە بەوەشکراوە لەگەڵ پارێزەرەکەى نێڵسن ماندێلادا، ژمارەیەک کەسایەتى، ئەکادیمسیەن، نووسەر، چالاکوانانى بوارى ژنان و پارێزەر لە کیشوەرەکانى ئەفریقا، ئەمریکا و وڵاتانى هندستان و فەلەستینەوە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کردبوو ڕۆیشتوون بۆ سەردانکردنى گەریلاکانى پەکەکە و لەلایەن چیدەم دۆغو فەرماندەى گەریلاکان و ژمارەیەکى تر گەریلاەوە پیشوازییان لێکراوە.

ئەسا موسا پارێزەرەکەى ماندێلا ڕایگەیاند " نێڵسن ماندێلای ڕێبەرمان لە ئەفریقای باشوور بەساڵان لە پێناو تێکۆشانی ئازادی دژ بە زۆرداری زیندانی کرا، وەک ئۆجەلان هەوڵی دا لە زیندان بەدیالۆگ لەگەڵ حکومەت کێشەکان چارەسەر بکات، ئێمە هیوادارین جارێکی دیکە قۆناغی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان دەستپێبکاتەوە و کێشەکان بەڕێی ئاشتی چارەسەر ببن، هەروەها پشتگیریی تێکۆشانی ئازادیخوازی ئێوە دەکەین، ئۆجەلانیش ئازاد دەبێت، خەباتی زیاتر بۆ ئاشتی دەکات".

هاوکات سامۆئیل جۆردن پارێزەری مافی مرۆڤی ئەمریکی لەکاتى سەردانەکەیدا بۆ لاى گەریلاکانى پەکەکە ڕایگەیاند "لە تێکۆشانی ئازادیی کوردەوە فێری زۆرشت بووە و لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بەدواوە لەو کاتەوەی بەڕێز ئۆجەلان دەستگیرکراوە، ئێمە چاودێریی پرسی کورد دەکەین. داوای ئازادیی ئۆجەلان دەکەین، چونکە ئەو دەتوانێت پێشەنگی هەنگاوی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، لەپاڵ تێکۆشانی ئێوەداین".

هەروەها سەلوە گیگا ژنە چالاکوانى تونسى وتی "من وەک کەسێکی تونسی نیگەران دەبم بەوەی دەبیستم تونسییەک چووەتە ناو داعش، بەڵام ئێستا کە بەچاوی خۆم ئەو مرۆڤانە دەبینم لەپێناو کەرامەتی مرۆڤایەتی دژ بە چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن، ئەوا من دەتوانم لە تونس بە ئاسوودەیی بژیم، ئەوە لەسایەی قارەمانێتی ئێوەدا دژ بە داعش، بۆیە سوپاسی نەبەردیتان دەکەین".

یەکێکى تر لەو کەسانە کە سەردانى گەریلاکانى پەکەکەى کرد لە باشوورى کەرکوک بەهرام ڕەحمانی کەسایەتیى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى باسى ئەوەیکرد "پەکەکە ماوەی ٤٠ ساڵە خەبات لە پێناو ئازادی و پاراستنی بەها مرۆڤایەتیەکان دەکات، پەکەکە و ئۆجەلان نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو ڕێبەر و پێشەنگی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانن، لەسەر ناوی مرۆڤایەتی تێدەکۆشن ".

لیۆ سالدانها نوێنەرى ناوەندى لێکۆڵینەوەى بەرنامەى پێشەوەبردنى نێونەتەوەیى هێندستان ئەندامێکى ترى شاندەکە بوو و لە کاتى سەردانکردنى گەریلاکانى پەکەکەدا ئەوەى خستەڕوو "ئێوە تەنها تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕی ناکەن، بەڵکو تێکۆشان بۆ ئازادیی هەموو مرۆڤایەتی دەکەن، ئێوە لە دژی چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن، ئەو تێکۆشانەتان نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو تێکۆشانی پاراستنی بەهاکانی مرۆڤایەتییە، ئێمەش لەم تێکۆشانەتان ئیلهام وەردەگرین و پێی سەربڵندین".
نالیا





به‌روار:  24/07/2016
854   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   812
کۆی سه‌ردان:   29310990