رۆژئاوا-باکوری سوریا بوو به خاوه‌نی ره‌شنوسی ده‌ستور
رۆژنیوز – ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان
پاش نزیکه‌ی سێ مانگ له نوسینه‌وه‌ی، ره‌شنوسی کۆتایی ده‌ستوری سیسته‌می فیدراڵی رۆژئاوا-باکوری سوریا بڵاوکرایه‌وه.
پاش نزیکه‌ی سێ مانگ سه‌رقاڵبوون به نوسینه‌وه‌ی و دوای کۆبوونه‌وه‌ی کۆنسه‌ی رێکخستنی دامه‌زراندنی سیسته‌می فیدراڵی رۆژئاوا-باکوری سوریا له رۆژی 27 و 28/ حوزه‌یران له شاری دێرک، ئه‌مڕۆ ره‌شنوسی کۆتایی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی (ده‌ستور)ی سیسته‌می فیدراڵی رۆژئاوا-باکوری سوریا بڵاوکرایه‌وه.
ده‌ستوره‌که (په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی)، له چوار به‌ش و 11 فه‌سڵ و 85 مادده پێکهاتووه.
له پێشه‌کی ده‌ستوره‌که‌دا، جه‌ختکراوه‌ته‌وه، که گه‌لی رۆژئاوا-باکوری سوریا به هه‌موو پێکهاته ئاینی، مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، سیسته‌می فیدراڵی دیموکراتی به گونجاوترین سیسته‌م ده‌زانن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان به ئیراده‌ی گه‌ل.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شکراوه، که قامیشلۆ ناوه‌ندی ئیداری فیدراڵی دیموکراتی رۆژئاوا-باکوری سوریایه.
به‌پێی مادده‌ی پێنجی ده‌ستوره‌که، ئاڵای تایبه‌تی فیدراڵی دیموکراتی رۆژئاوا-باکوری سوریا له‌گه‌ڵ ئاڵای فیدراڵی سوریای دیموکراتی به‌یه‌که‌وه به‌رزده‌کرێته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی ده‌ستوری سیسته‌می فیدراڵی رۆژئاوا-باکوری سوریا مافی ژن و پیاو له هه‌موو بواره‌کاندا وه‌ک یه‌که و هیچ جیاوازییه‌کی نیه.
به‌روار: 01/07/2016
1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|