پارێزه‌ری كۆمه‌ڵ: پۆلیس سوكایه‌تیان پێ‌كردم
خه‌ندان، هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د
پارێزه‌ری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بنكه‌یه‌كی پۆلیسی هه‌ولێر تۆمه‌تبارده‌كات به‌وه‌ی سكاڵایه‌كیان وه‌رنه‌گرتووه‌و سوكایه‌تییان پێكردووه، له‌كاتێكدا پۆلیسیش سه‌رباری تۆمه‌تباركردنی پارێزه‌ره‌كه به‌مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو، ده‌ڵێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی ئه‌وان سكاڵایان له‌سه‌ری هه‌بووه لای ئاسایشه.
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری هه‌ولێر ئاشكرایانكرد كه له‌بنكه‌یه‌كی پۆلیس، سكاڵایان وه‌رنه‌گیراوه دژی ئاسایشی هه‌ولێر به‌تۆمه‌تی ناوزراندن‌و ده‌ستگیركردنی چه‌ند كادیرێكی باڵای حزبه‌كه.
بێستوون سورچی، پارێزه‌ری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی "به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس ئازادی شاری هه‌ولێر سوكایه‌تی‌و جنێوی پێكرداوین، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ویستومانه سكاڵا له‌دژی ئاسایشی هه‌ولێر تۆماربكه‌ین‌و ئاماده‌نه‌بوو سكاڵاكه‌مان وه‌ربگرێت".
وتیشی "سه‌ره‌تا چه‌ند بیانویه‌كی هێنایه‌وه بۆ وه‌رنه‌گرتنی سكاڵاكه‌مان، پێیوتین ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وه‌رناگرم، منیش پێموت له‌رێگه‌ی یاساییه‌وه سكاڵامان خستووه‌ته به‌رده‌ست جه‌نابیتان، ئێوه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی نوسراو وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌و بۆمان رونبكه‌نه‌وه كه‌بۆچی سكاڵاكه وه‌رناگرن".
سورچی ده‌ڵێت "دواتر كۆمه‌ڵێك جنێو‌و وشه‌ی نه‌شیاوی پێوتین، وتی ئه‌گه‌ر دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه خۆشی بێت سكاڵا له‌دژی ئاسایش وه‌رناگرم، دواتریش وتی بڕۆره ده‌ره‌وه‌و جنێوی پێدام".
پارێزه‌ره‌كه‌ی كۆمه‌ڵ جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌ر "نایاسایی" بونی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانیان‌و به‌كه‌یسێكی "سیاسی" ده‌زانێت، پێشیوایه روداوه‌كه‌ی بنكه‌ی پۆلیس ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه.
هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا دوو كادیری كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌یان ده‌ستگیركرد به‌تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی له‌هێرشكردنه سه‌ر ئۆفیسی سه‌ره‌كی كه‌ناڵی رووداو له‌و شاره، كه به‌پێی ئه‌و میدیایه له‌رێی‌ی فڕیدانی نارنجۆكه‌وه بووه‌و پێنج كه‌سیان برینداربوون.
پۆلیسی ئازادی له‌شاری هه‌ولێر، له‌راگه‌یه‌نراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ خه‌ندان نێردراوه له‌وه‌ڵامی پارێزه‌ره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌دا ده‌ڵێت "لای هه‌مولایه‌ك ئاشكرایه په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونی ئه‌و دۆسیه‌یه (هێرشكردنه سه‌ر رووداو) له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێره‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌پۆلیسه‌وه نیه، به‌ڵام ئه‌و پارێزه‌ره دور له‌به‌های ئه‌خلاقی و یاسایی كه نازانن یاسا مانای چیه، به‌شێوازێكی زۆر ناشیاو هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه له‌ناو بنكه‌كه‌مان".
هه‌روه‌ها له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه "تیمی پارێزه‌رانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن بكه‌ن، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانه‌وانی دژی جێبه‌جێكردنی یاسا‌و ده‌زگای پۆلیس ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه تاوانێكه‌و ده‌یانه‌وێت به‌و جۆره ره‌فتارانه په‌رده‌پۆشی بكه‌ن".
پارێزه‌ره‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و پۆلیسی ئازادی شاری هه‌ولێر، بڕیاریانداوه سكاڵا دژی یه‌كتری تۆماربكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی رونكردنه‌وه‌ی هه‌ردوولا.
ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، دوێنێ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامه‌كانی به"ته‌سفییه‌ی حسابات" دژی حزبه‌كه‌ی ناوبرد‌و جه‌ختیكردبووه‌وه، به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندنی كارگێڕ مه‌ڵبه‌ندێكیان‌و ته‌شهیر به‌كۆمه‌ڵ له‌و دۆسیه‌یه‌دا، سكاڵا دژی ئاسایش تۆمارده‌كه‌ن.
به‌روار: 01/07/2016
561 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|