دواهەمین هەناری دونیا لە لیستی دە باشترینی ڕۆمانی هەڵبژاردەی ڕەخنەگرانی ئەڵماندایە
دواهەمین هەناری دونیا
لە لیستی دە باشترینی ڕۆمانی هەڵبژاردەی ڕەخنەگرانی ئەڵماندایە
ئەمڕۆ 6.28 لیستی باشترینی ڕەخنەگرانی ئەڵمان بڵاوکرایەوە، دواهەمین هەناری دونیا لە لیستەکەدا شان لە شانی بەرهەمە گەورە و نوسەرە هەرە گەورەکانی ئەمڕۆی ئەڵمانیا و دونیا دەدات. ئەم لیستە مانگانە یان دوو مانگ جارێک دەردەچێت و ناوی (لیستی باشترینە لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە)، لیستێکە لە لایەن نزیکی 30 ڕەخنەگری گەورەی ئەڵمانەوە ئامادەدەکرێت، کە دیارترین ڕەخنەگرانی ئەدەبی و سەختگیرترینیانن لە حوکمداندا، ئەم لیستە لە چل ساڵ لە مەوبەرەوە وەک کولتوورێکی ئەدەبی، شوێنێکی گرنگی لە ژیانی ئەدەبیدا هەیە. ڕەخنەگران دە باشترین کتێب هەڵدەبژێرن و بۆ خوێنەرانی ئەڵمانی پێشنیار دەکەن. میکانیزمی هەڵبژاردنەکە بە جۆرێکە، هەر ڕەخنەگرە لە ناو سەدان کتێبدا کە بە ئەڵمانی دەنووسرێن یان لە دەیان زمانەوە وەردەگێڕدرێن و لە سەدان نەشرەوە بڵاودەکرێنەوە، بۆی هەیە تەنیا چوار کتێب هەڵبژێرێت و بۆ لیستەکە پێشنیاری بکات ، گرنگ نییە نووسەرەکە زیندوە یان مردوە، کۆنە یان نوێیە، تا کتێبەکە ڕەخنەگران زیاتر بیخوێننەوە و دەنگی بدەنێ، فرسەتی گەیشتنی بە لیستەکە زۆرتر دەبێت، لێرەوە کتێبی تازەی وەک دواهەمین هەناری دونیا کە تەنیا 25 ڕۆژ پێش ئامادەکردنی لیستەکە کەوتۆتە بازاڕەوە، لە ئاستی باوەڕنەکردندایە (دواهەمین هەناری دونیا لە 20 ی پێنجی 2016 دا یەکەم چاپی لە چاپخانە هاتۆتەدەرێ و ڕۆژی ئامادەکردنی تەواوی لیستەکە 15 ی 6 بووە).
لەوەش گرنگتر، ئامادەیی کتێبەکەیە لە لیستێکدا کە ژمارەیەک ناوی زۆر گەورەی ئەدەبیاتی ئەمڕۆی جیهانی تێدایە (وەک ساشا ستانیسیچ. هەڵگری خەڵاتی پێشانگای کتێبی لایبزگ کە دووهەمین گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی ئەڵمانییە. هەڵگری خەڵاتی ئەلفرید دوبلن، هەڵاوێردی خەڵاتی باشترین کتێبی ساڵی ئەڵمانی). (نووسەری ئینگلیزی . گراهام سویفت : هەڵگری خەڵاتی مان بوکەر پرایز 1996، گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی جیهانی ئنگلیزی) (نووسەری زۆر ناوداری ئینگلیزی : هیلاری مانتل : هەڵگری دوو خەڵاتی مان بوکەر پرایز. ساڵی 2009 و ساڵی 2012). (خانمی جودیس هارتمان : کە چەندین ساڵە گەورەترین ناوی دونیای چیرۆکی ئەڵمانییە. خانمی «ژولیا کاسنا. لە گرنگترین ناوەکانی ئەدەبیاتی روسی هاوچەرخە) لەگەڵ نووسەرێکی گەورەی وەک (جۆن دۆس پاسۆس) کە لە پاڵ (فۆکنەر و هەمەنگوایی) یدا بە سێ کوچکەی ئەدەبی ئەمریکی نوێ دەناسرێن و رۆمانەکەی لە ساڵی 1925 بڵاوبۆتەوە و خۆی ساڵی 1970 کۆچی دوایی کردوە .
لەمانەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، لە 20 ساڵی ڕابوردوودا تاکە ڕۆماننووسێکی خۆرهەڵاتی گەیشتبێتە ئەم لیستە (ئۆرهان پامۆکە). گەرچی ساڵانە دەیان ڕۆمانی عەرەبی و فارسی و تورکی دەکرێنە ئەڵمانی، بەڵام هیچ نوسەرێکی خۆرهەڵاتی دی کە بە زمانە خۆرهەڵاتییەکان دەنووسن نەگەیشتۆتنە لیستەکە. تاکە ڕۆماننووسێکی خۆرهەڵاتی گەیشتبێتە ئەم لیستە (ئیبراهیم کونی) کە بیست ساڵ لە مەوبەر و لەساڵی 1996 دا لە لیستەکەدا بووە. دوا نووسەری خۆرهەڵاتی گەیشتبێتە لیستەکە دیوانێکی شیعری (مەحمود دەرویش) بووە، چواردە ساڵ لە مەوبەر. نەک هەر ئەوە لە بیست ساڵی ڕابوردودا، ژمارەی ئەو کتێبانەی لە کۆی ئەدەبیاتی ئاسیاییەوە گەیشتونەتە لیستەکە لە 6 کتێب تێناپەڕێت، بە ڕۆمانەکانی «کینزا بۆرۆ ئۆی» یشەوە کە هەڵگری نۆبڵی ئەدەبیاتە. ئەمانە هەموو هۆکارن، کە ئامادەگی دواهەمین هەناری دونیا لەوێدا، بە سەرکەوتنێک بۆ ئەدەبیاتی کوردی ببینین، کە بە ئەدەبیاتێکی نوێ و نەناسراو سەیر دەکرێت.
نوێنەرانی لیژنەکە لە 30 ی مانگدا لە لیتراتورهاوسی بەرلین کتێبەکان دەخەنە ڕوو و دواتر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیونی تایبەتدا گفتوگۆکان پیشاندەدرێن، لە کاتی خۆیدا زانیاری زیارە بڵاودەکەینەوە.
ئامادەکردنی بابەت. هاورێیانی بەرێوەبەرانی پەیجی فەرمی بەختیار عەلی
پەیجی خەسرەو حەمەکەریم



به‌روار:  30/06/2016
850   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   939
کۆی سه‌ردان:   29264384