دەوڵەتی تورک جارێکیتر ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى دیجلەى ڕاگرت
حکومەتى تورکیا جارێکیتر ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى دیجلەى ڕاگرت. لە دوای ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە تا ئێستا ٤١ جار ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى دیجلە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕاگیراوە.

 ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها) ڕۆژى ٢٩ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، جارێکیتر و بە بڕیارى سەرۆکایەتیى ڕاگەیاندن و تەکنەلۆژیاى زانیاریى حکومەتى تورکیا، ماڵپەڕى ئاژانسەکەیان ڕاگیراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە ئاژانسى هەواڵى دیجلە ڕاگەیاندراوە "بەپێى لێکۆڵینەوە تەکنییەکییەکان و یاسایى ژمارە ٥٦٥١ ماڵپەڕى ئاژانسى دیجلە بە ناونیشانى (www. dicle-haber.xyz) لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت بە تەواوەتى ڕاگیراوە".

دیها ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە لە ئێستادا خوێنەرەکانیان دەتوانن لەسەر ناونیشانى (www.dicle-news.xyz) سەردانى ماڵپەڕى ئاژانسەکەیان بکەن.

بەپێى هەواڵەکەى دیها، گومانى ئەوە هەیە ئەو بڕیارە لە دواى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا لە ناوچەى لیجەى ئامەد و تەقینەوەکان لە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک دەرکرابێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە دواى ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە تا ئێستا ٤١ جار ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى دیجلە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕاگیراوە و ١٢ پەیامنێرى ئەو ئاژانسەش دەستگیر و زیندانیکراون.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها)
ئاژانسى هەواڵى دیجلە لە ٤ى نیسانى ٢٠٠٢ لە تورکیا بە دروشمى "لەپێناو بڵاوکردنەوەى ڕاستیدا سازش ناکەین" دامەزراوە. بارەگاى سەرەکیى لە شارى ئیستانبولى تورکیایە.

نزیکەى ٤٠ هەواڵساز، پەیامنێر و بەرپرسانى ئاژانسەکە لە ساڵى ٢٠١١ دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە و لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى کەجەکەدا دەستگیرکران.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە بە زمانەکانى کوردیى کرمانجى، تورکى و ئینگلیزى هەواڵ و زانیارى بڵاو دەکاتەوە.

دیجلە لە هەر یەک لە شارەکانى ئەنقەرە، ئیزمیر، ئامەد، هەولێر و وان نووسینگەى هەیە، کە ژمارەیەک سەرنووسەر، پەیامنێر، وێنەگر و کامێرامان کار لە ئاژانسەکەدا دەکەن.

لە مانگى حوزەیرانی ٢٠١٥ تاوەکو ١٤ى ئایارى ٢٠١٦ ماڵپەڕی ئاژانسى هەواڵى دیجلە بەهۆى ڕووماڵکردنى ڕووداوەکانى باکوورى کوردستانەوە ٣٨ جار لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕاگیرا.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە سەرچاوەیەکى سەرەکیى ڕووماڵکردنى ڕووداوەکانى باکوورى کوردستان و تورکیایە. سەربارى ئەوەش بە شێوەى فەرمى لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕێگاى پێنادرێت لە هیچ یەک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکانى بەرپرسانى حکومەتدا بەشدارى بکات.

دۆخى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى لە تورکیا

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژى ٧ى ئازارى ٢٠١٦ فدریگا مۆگرینى بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیى ئەوروپا ڕاگەیاندبوو "دەبێت تورکیا پابەند بێت بە ستاندارەکانى دیموکراسى لە ناوخۆى وڵاتەکەیدا".
هەروەها ڕۆژى ٤ى ئازارى ٢٠١٦ بەپێى بڕیارى یەکێک لە دادگاکانى ئیستانبول کۆنترۆڵى ڕۆژنامەى زەمان دەکەوێتە دەست حکومەت. ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتى لێکەوتەوە و پۆلیس هێزى بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران.

لە ئێستادا لە تورکیا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان کە زۆربەیان کوردن. پێشتریش حکومەتى تورکیا بڕیارى ڕاگرتن و داخستنى بۆ ژمارەیەک لە میدیاکانى کورد لە تورکیاى دەرکردبوو.

لە چوارچێوەى پێشهاتەکانى پەیوەندیدار لە ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕۆژى ٢٨ى شوباتى ٢٠١٦ لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بڕیارى دادگاى باڵاى دەستوورى بۆ ئازادکردنى دوو ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاندبوو "نە بڕیارەکە قبوڵ دەکەم و نە ڕێزى لێدەگرم و نە پەیڕەویى لێدەکەم".

هەروەها ڕۆژى ١٥ى ئەیلولى ٢٠١٥ داواکارى گشتیى تورکیا بە تۆمەتى بانگەشە بۆ تیرۆر لێکۆڵینەوەى لە دژى گروپى هەواڵى دۆغان دەستپێکردبوو.

پێش ئەوەش ده‌زگاى ڕادیۆ و ته‌له‌فیزۆنى باڵاى تورکیا ڕۆژى ١٤ى ئەیلولى ٢٠١٥ بڕیارى داخستنى کەناڵى گیون تیڤیى (ڕۆژ تیڤى) دەرکرد، کە تاکە کەناڵى تەلەفزیۆنى سەرتاسەریی کوردە لە ناوخۆى تورکیا.

دوابەدواى ئەوەش فەرمانگەى چاودێریی ڕادیۆ و پەخشى تەلەفزیۆنەکانى RTÜK ڕۆژى١٥ى ئەیلول هەستاوە بە ڕاگرتنی پەخشی ١٥ میدیاى جۆراجۆر لە تورکیا کە پشتیوانییان لە کورد دەکرد.

کۆمسیۆنى ئەوروپا، کە یەکێکە لە شەش دامەزراوە گرنگ و سەرەکییەکەى یەکێتیى ئەوروپا ڕەخنەى لە تورکیا گرتبوو بۆ پێشێلکردن و سنووردارکردنى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى.

تۆڕى میدیاى سەربەخۆ لە تورکیا (BİA) ڕۆژى ٢ى ئایاری ٢٠١٦ و بە بۆنەى هاتنى ڕۆژى ئازادیى ڕۆژنامەنووسیەوە ڕاپۆرتێکى لەبارەى دۆخى ڕۆژنامەنووسى لە تورکیا بڵاکردەوە و تیایدا هاتبوو، لە سێ مانگى ڕابردوودا ٢٨ ڕۆژنامەنووس و ١٠ بڵاوکەرەوەى ڕۆژنامە و گۆڤار سزاى زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ١٨ ڕۆژنامەنووسیان و هەر ١٠ بڵاوکەرەوەکە کوردن. هەروەها ١٥ ماڵپەڕ ڕاگیراون و هەواڵەکانى ٣١٢ ماڵپەڕیش سانسۆرکراون و ١٨٥ ڕۆژنامەنووسیش بێکاربون.
نالیا


به‌روار:  30/06/2016
575   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   544
کۆی سه‌ردان:   29261506