کۆمەڵی ئیسلامی لەباوردۆخی هەولێر نیگەرانە و كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ لایەنەكان ئەنجامدەدات
شارپرێس: رامیار جەواد
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ لایەنەكان ئەنجامدەدات، ئەوەش بەهۆی ناڕازیبوونی لەبارودۆخی شاری هەولێر.

دوای دەستگیركردنی كارگێڕی مەڵبەندی سێی هەولێرو دیارنەمانی كادێرێكی تری، كە بەرپرسی ناوەندی ڕێكخراوە قوتابیەكانی كوردستانی سەر بەكۆمەڵە ئەو حیزبە هەوڵدەدات حیزب‌و لایەنەكان لەبارودۆخەكە ئاگاداربكاتەوە .
 
سەلیم كۆیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بەشارپرێسی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ چوار شەممە بەنیازین لەگەڵ سەرجەم حیزب‌و لایەنەكان كۆببینەوە بۆ باسكردنی ئەو بارودۆخەی لەشاری هەولێر دەگوزەرێت، بەتایبەتی دژی كۆمەڵی ئیسلامی چەند رێوشوێنێك گیراوەتە بەر".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند "لەهیچ وڵاتێك نەبووە تەنیا لەكوردستان نەبێت كەسێك دەستگیربكرێت بەدوو سەعات دان بەتاواندا بنێت‌و ناوی بڵاوبكرێتەوەو ئەگەر پێشتر هەموو شتێكی بۆ ئامادەنەكرابێت".

كۆیی هەروەها رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی ئێمە بۆ ئەوەیە، كە ئەم بارودۆخە بۆ لایەنەكان ڕوونبكەینەوەو پێیان بڵێن بارودۆخی بەم شێوەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ‌ سێ‌ شەممە ئاسایشی هەولێر، سەعدی مستەفا كارگێڕی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامییان بەتۆمەتی هێرشكردنە سەر كەناڵی رووداو لەهەولێر دەستگیركردو شەوی رابردووش كادرێكی هەمان حیزب دیارنەماوە، كە "گومانی رفاندنی لێدەكرێت".


به‌روار:  30/06/2016
667   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   482
کۆی سه‌ردان:   29233104