''ئێران دەیەوێت لەرێگەی یەكێتیی و گۆڕانەوە فەرمانڕەوایەتی هەرێمی كوردستان بكات
خەڵك-دڵشاد حەمە

نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە توركیا هێرش دەكاتە سەر گۆڕان و یەكێتی و پەكەكە، یەكێتی و گۆڕان بەوە تۆمەتبار دەكات بە داخوازیی ئێران ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن و هەوڵی ئەوە دەدەن بە شێوەیەكی نهێنی پەكەكە لە سلێمانی جێگیر بكەن و دەڵێت، "بەڵام سەرۆك بارزانی رێگا بەوە نادات".

عومەر میرانی، نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە توركیا، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) رایگەیاندووە: "ئەوەی پەكەكە دەیكات، شەڕێك نییە لە پێناو مافە بنەڕەتییەكانی كورد، هۆكاری ناوچەیی بنەڕەتی ئەوەیە، ئێران كە یەكێكە لە دەوڵەتەكانی نێو پرۆژەی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نایەوێت نۆرەی خۆی بێت، لەبەرئەوە دەیەوێت پشێوی سوریا و توركیا درێژەی هەبێت". 

عومەر میرانی دەڵێت: "پەكەكە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیاوە زیانی زۆری بەركەوتووە، بارەگاكانی لە قەندیل دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی و دەنگۆی ئەوە هەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە ژێر هەژموونی ئێراندایە، رابەرایەتی ئەوە دەكات بەشێوەیەكی نهێنی پەكەكە لە سلێمانی جێگیر بكات، بەڵام سەرۆك مەسعود بارزانی رێگە بەوە نادات، چونكەلەو حاڵەتەدا گەورەترین مەترسی روو لە ئێمە دەكات و یەكەم ئامانجی پەكەكە ئێمە دەبین."

لە درێژەی ئەو بابەتە ئاماژەی بەوە كردووە، ''ئێران دەیەوێت لەرێگەی یەكێتیی و گۆڕانەوە فەرمانڕەوایەتی هەرێمی كوردستان بكات و نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانیشی بۆ ئەو مەبەستە قۆستۆتەوە، ئێران بۆ ئەوەی بە ئامانجەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگات، پەكەكە و ئەو پارتانەی دیكە كە لەسەر هەمان هێڵ چالاكی سیاسی دەكەن، وەك بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەكار دەهێنێت، یەكێتیی و گۆڕان بە فەرمانی ئێران دەجووڵێنەوە، ئێران لە رێگەی ئەم دوو پێكهاتەیەوە دەست لە كاروباری ناوخۆشمان وەردەدات، ئەو كاتەی وەزیرەكانی گۆڕان لە كارەكانیان دوورخرانەوە، ئێران هاتە سەر هێڵ و پەیامی پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی دا بەڵام حكوومەتی فیدراڵی ئەمەی قبووڵ نەكرد."

ئاماژە بەوەش دەكات، ''هەركاتێك حكوومەتەكەمان هەنگاوێكی ئەرێنێ بەسوودی هەرێمەكە بهاوێژێت، ئاستەنگێكی بۆ دروست دەكرێت. كێ ئەو ئاستەنگە دروست دەكات؟ ئێران. چۆن دروستی دەكات؟ لە رێگەی گۆڕان و یەكێتییەوە دروستی دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دوو پێكهاتەیە دەزانن كە ئەو هەڵوێستانە كاردانەوەی توندی خەڵكی لێ دەكەوێتەوە، لە رێگەی میدیاوە پەیامی جیاواز بڵاو دەكەنەوە''.

دەربارەی پەكەكەش دەڵێت:"پەكەكە هەرەشەیە لەسەر ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە دوای ماوەیەكی كەم ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەین، بەڵام پەكەكە ئەوە ناخوازێت. هەمیشە پەكەكە دژی دەوڵەتێكی كوردی بووە لە عێراق و بەردەوام لە دژیەتی." بۆ ئەوەش وتەیەكی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەك نمونە دەهێنێتەوە گوایە لە كاتی دەستگیركردنەكەیدا وتوویەتی، "ئەگەر من نەبوومایە تا ئێستا دەوڵەتی كوردی دروست بوبوو."

دەربارەی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە توركیا دەڵێت: ''سیستمێكی سەرۆكایەتی كە تێیدا داوای فیدراڵی نەكرێت، گونجاو دەبێت بۆ كوردیش، بەو شێوەیەش مافە دیموكراتییەكان و دەسەڵاتە خۆجێییەكان چالاكتر دەبن. ئەوە سەیرە كە بێ ئەوەی باس لە وردەكارییەكانی سیستمی سەرۆكایەتییەكە بكرێت، دژی دەوەستنەوە."

به‌روار:  29/06/2016
974   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1225
کۆی سه‌ردان:   29310005