دەستگیركردنی ئەو سەرۆك هۆزانەی لەكاتی شەهیدكردنی كوردێكدا لەفەلوجە بەیعەتیاندایە داعش
خەندان-

ئەو سەرۆك هۆزانەی ساڵی رابردوو لەكاتی شەهیدكردنی سەربازێكی كورددا لەفەلوجە ئامادەبوون‌و بەیعەتیان دایە داعش، لەلایەن هێزە عیراقیەكانەوە دەستگیركراون‌و كەناڵی عیراقیەی نیمچە فەرمیش، دانپێدانانەكانیان بڵاودەكاتەوە.

كەناڵی عیراقیەی نیمچە فەرمی، لەراپۆرتێكیدا بەناوی (كۆتایی داعش) ئاماژەی بەدەستگیركردنی ژمارەیەك لەو شێخ‌و سەرۆك هۆزانە كردووە كە لەسەرەتای  كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی فەلوجە لەلایەن داعشەوە، بەیعەتیاندابوو بەو رێكخراوەو فەرمانیان بە كوشتنی هەموو ئەو سەرباز و پۆلیسانە كردبوو كە دان بەرێكخراوەكەدا نانێن.

كەناڵەكە باس لەشەهیدكردنی ئەو سەربازە كوردەی سوپای عیراقیش دەكات، كە دوای دەركردنی فەرمانەكان‌و خوێندنەوەی بەیاننامەیەك، لەهەمان حەوشەی ئەو مزگەوتەدا سەربڕدرا كە كۆبوونەوەكەی تێدا ئەنجامدراو سەرۆك هۆزەكان بەیعەتیان دا بەداعش.


به‌شێك له‌سه‌رۆك هۆزه‌كانی فه‌لوجه‌  له‌كاتی شه‌هیدكردنی سه‌میر موراد-دا به‌یعه‌تیان دایه‌ داعش


سەمیر موراد لەدایكبووی 1968، یەكێكە لەو سەربازە كوردانەی‌ سوپای عیراق كە لەشەڕی شارۆچكەی‌ گەرمەی سەر بەقەزای فەلوجە لە (26ی ئایار/5)ی ساڵی رابردوو لەلایەن داعشەوە بەدیلگیراو دوای حەوت رۆژ لەبەردەم سەرۆك هۆزەكانی‌ فەلوجە بەسەربڕین شەهیدكراو ڤیدیۆكەشی بڵاوكرایەوە.

لەراپۆرتەكەی كەناڵی عیراقیە، ئەحمەد درع عەبدوڵڵا یەكێك لەو سەرۆك هۆزانەی لەگرتە ڤیدیۆییەكەی ساڵی رابردووی داعشدا دەردەكەوێت‌و بەیاننامەكە دەخوێنێتەوە، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەڵێت داعش بە ئامادەكراوی بەیاننامەكەی خستووەتە بەردەستیان و فەرمانیان پێكردوون بیخوێننەوە.

دەستگیركردنی ئەو سەرۆك عەشیرەتانە دوای ئەوە هات، كە دوێنێ حكومەتی عیراق ئازادكرنەوەی‌ تەواوی فەلوجەی‌ راگەیاند لەژێر دەستی داعش، ئەوەش دوای 33 رۆژ لەئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەیدا.

رائید تارق عیماد، بەڕێوەبەری قەڵاچۆكردنی تاوانەكان لەئەنبار لەراپۆرتەكەی كەناڵی عیراقیەدا دەڵێت، ئەوانەی دەستگیركران بەشێوەیەكی یاسایی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كرا‌و دانییان بەتاوانەكەدا ناوە‌و وتەكانیان تۆماركراوە، دەخرێنە زیندانەوە‌و دواتر بەپێی یاسا‌و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە سزای خۆیان وەردەگرن.

لەئێستا كەسوكاری شەهیدە كوردەی سوپای عیراق، دوو داواكاری سەرەكییان هەیە، دۆزینەوەی‌ تەرمی سەمیرو سزادانی ئەو سەرۆك هۆزانە.

پەیوەندی سەمیر موراد بەسوپای عیراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوای دروستكردنەوەی‌ سوپای عیراق لەساڵی 2003 كە كورد رۆڵی سەرەكی تێدا هەبووەو بەوتەی‌ كەسوكاری، لەبەر بژێوی ژیان بووە بەسەرباز.

عەبدولجەبار عەدەن، یەكێكی تر بووە لەبەشداربوونی ئەو كۆبونەوەیەی تێیدا بەیعەت بەداعش درا‌و سەربازە كوردە شەهیدكرا، دوای دەستگیركردنی حاشا لەوە دەكات ئاگاداریی رووداوەكە بوبێت.

هەروەها یەكێكیتر لەو دەستگیركراوانە، فەرحان شەلال فەرحان-ە كە رەتیدەكاتەوە هاندەری شەهیدكردنی سەربازەكە بوبێت، دەڵێت ئەوان داوایان كردووە ئازاد بكرێت، لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتەكەی عیراقیە، ئەوان لەگرتە ڤیدیۆییەكەی ساڵی رابردووی داعش بەروونی دەردەكەون‌و بەشدارن لەرووداوی شەهیدكردنی سەربازە كوردەكەدا.
به‌روار:  28/06/2016
641   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   529
کۆی سه‌ردان:   29256715