فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو لە هەڵوێستی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان نیگەرانن
رووداو - هەولێر

هاوشێوەی پارتی كە هۆشداریی تووند دەداتە شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو بە پەرتەوازەبوونی كورد لە بەغدا نیگەرانن كە تاوەكو ئێستا بە یەكێك لە بەهێزترین گرووپی سیاسی لە عێراق هەژمار دەكرا و بە عەیبێكی گەوەرەی دادەنێن، هەردوو حیزب پێیانوایە بەرژەوەندیی حیزبی بووەتە هۆی دوولەتبوونی كورد.

ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەرژەوەندیی حیزبی و پەیوەندیی حیزبی بووەتە هۆی دوولەتبوونی كورد لە بەغدا".

ئەحمەدی حاجی رەشید هەروەها گوتی "كورد ئیدی لە بەغدا زیاتر لە دوو بۆچوونیشی دەبێ، بۆچوونێك یەكێتی و گۆڕان پێكەوە، بۆچوونێك پارتی، بۆچوونی سێیەم كۆمەڵ و یەكگرتوو وەكو دوو هێزی ئیسلامی. ئەمەش بۆ پێگەی كورد زەرەری دەبێ كە پێشتر كورد یەكدەنگ بوون".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ رەخنە لە شێوازی رۆیشتنی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان هەیە بۆ بەغدا "كورد ئیدی بە دوو ئاراستە دەچێتە بەغدا، ئەمەش عەیبێكی گەورەیە".

لەسەر هەمان پرس، موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت "بەلای منەوە دیدار و دانوستاندنەكانی شاندی یەكێتی و گۆڕان بەتەنیا لەگەڵ هێز و لایەنەكانی عێراق ئاسایی نییە. ئەمە گوزارشت لە شێواویی نێو ماڵی كورد دەكات".

دوای واژۆكردنی رێككەوتنی سیاسیی نێوانیان لە 17/5/2016، شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان رۆژی 25/6/2016 لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندێكی حیزبی دەعوەی عێراق كۆبوونەوە.

عەلی عەلاق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دەعوە بەشێكی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ (رووداو) ئاشكراكرد و رایگەیاند، شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەبارەی گشتپرسییەوە رای خۆیان بەوان گوتووە و دڵنیایان كردوونەتەوە كە ئەوان لەگەڵ جیابوونەوە لە عێراق نین.

هاوكات شوان داودی، ئەندامی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا بە (رووداو)ی گوت "كوتلەی ئێمە (یەكێتی و گۆڕان) دەبێتە گەورەترین كوتلەی كوردستانی لە بەغدا و 30 كورسیمان دەبێ و كاریگەری خۆی دەبێ، سەردەمی پارتی وەكو هێزی یەكەم لە بەغدا گوزەشت، ئیدی یەكێتی و گۆڕان ژمارە یەكن".
به‌روار:  27/06/2016
786   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   955
کۆی سه‌ردان:   29263984