بەیاننامەی چاودێری کودۆساید-چاک بە بۆنەی یادی29 ساڵەی کیمیابارانی شاری سەردەشت
مالمۆکورد
کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت لهبیر ناکهین
بیستو نۆسال پێش ئیستا و لە ڕۆژی 28/6/1987 کاتژمێری 4:30 ی دوانیوهرۆ، ڕژێمی ڕەگەزپەرستی بەعس، شاری سەردەشتی خۆشەویستی گازباران کرد، بۆمبەکانی لە قەرهباڵخترین شوێنەکانی شاردا خسته خوارهوه، ئهوهش بۆئهوهی زیاترین خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاع بکوژێ.
شاری سەردەشت کاتێ بۆردومان کرا کە جەنگی عیراق و ئیران لەوپەڕی دڕاندایەتیدا بوو، تەنانەت بۆردومانی شارەکان و خەڵکی مەدەنی بەئاشکرا درێژەیان هەبوو، بە بەرچاوی دونیاوە، کار گەیشتە ئەوەی چەکی کیمیایش دژ بە شارەکان بەکار بهێنرێت، کە ئەمە گەورەترین تاوانە دژ بەمرۆڤایەتی ، بەهیچ شێوەیەک نابێ خەڵکی مەدەنی بکرێنە ئامانجی جەنگەکان، مەخابن نەتەوەیەکگرتوەکان و دەولەتانی بێ لایەن نوزەیان لێوە نەهات، ئەم هەموو تاوانی جەنگە بە بەرچاویانەوە دەکرا کەچی چاویان دادەخست، پەیوەندی بازرگانی و ساخکردنەوەی چەک لەبازاری جەنگدا هۆکارێک بوو بۆ ئەم بێ دەنگیە.
لەو کاتەدا ڕژێمی بەعسی فاشیی، چەکی کیمیایی بەکار دەهێنا لەبەرەکانی جەنگ ، لهکاتێکدا که بەپێی پەیماننامەی جنیڤی سالی 1925 و عیراقیش واژۆی کردووە چەکێکی قەدەغەکراوه.
رژێم بەوەشەوە نەوەستا لە ئازاری ساڵی 1987 دا دەستیکرد بە کیمیابارانکردنی گوندو شارۆچکە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەلاتی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان، دواتریش لەهاوینی سالی 1987 دا یەکەم شاری کوردنشینی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کیمیاباران کرد، سەردەشت یەکەم شاری پڕ لەئاوەدانی بوو کە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەنجام درا، زیاتر لە 130 شەهیدو 8025 کەس بریندار بوون.
پەرلەمان و حکومەتی ئێران هێشتا بەشیوەی یاسایی ئەو تاوانەیان بە جینۆساید نەناساندووە ، هەوڵێشیان نەداوە لە سەر ئاستی جیهان بناسرێت، تا ئیستاش بریندارانی ئەو تاوانە دەنالێنن و وەک پیوست خزمەت بەو شارە نەکراوە.
دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران داوای قەرەبوو بۆ شاری سەردەشت و تەواوی شوێنە کیمیابارانکراوەکانی تری کوردستان بکات، لەوانە نۆدشە و زەردەو قەلاجێ، هاوکات داوا دهکهین که برینداران و بهرکهوتوانی ئهو گازه کوشندهیه چارهسهر بکرێن.
لەم یادەدا کەمتەرخەمیەکانی دەولەتی ئێران سەرکۆنە دەکەین بەرامبەر بە پشتگوێخستنی شاری سەردەشتی جینۆساید کراو.
سەری ڕێز ونهوازشیش بۆ شەهیدانی کیمیابارانی سەردەشت نەوی دەکەین، هیوای چاکبوونهوهش بۆ بەرکەوتوان دەخوازین.
چاودێری کوردۆساید-چاک
28/6/2016
بهروار: 27/06/2016
861 جار خوێندراوهتهوه
|