لەبری شەكراو خواردنەوەو ئاهەنگی هاوسەرگیری بڕی‌ 200 هەزار دۆلار دەبەخشنە نەخۆشخانەی هیوا،
خەندان-

خاوەنی گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ قەیوان‌و سەرمایەدارێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لەبری شەكراو خواردنەوەو ئاهەنگی هاوسەرگیری كچ‌و كوڕێكیان بڕی‌ 200 هەزار دۆلار دەبەخشنە نەخۆشخانەی هیوا، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی‌ هەڵمەتی‌ ئەو نەخۆشخانەیە بۆ كۆكردنەوەی‌ كۆمەك.
دوانیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ خانەوادەی‌ (هاژە حاجی‌ تۆفیق قەیوانی‌) كچی‌ (حاجی‌ تۆفیق تەیب) خاوەنی‌ گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ قەیوان و (كاروخ حسێن ساڵح) كە دەكاتە كوڕی‌ (حسێنی‌ مەلا ساڵح زڕگوێزی‌) سەرمایەداری‌ دیاری‌ شاری‌ سلێمانی‌، رێككەوتن لەبری‌ تێچووی‌ شەكراو خواردنەوەی نێوان ئەو كوڕو كچەیان، دوو سەد هەزار دۆلار ببەخشن بە نەخۆشخانەی‌ هیواو تێچووی‌ كڕینی دەرمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە لە ئەستۆ بگرن.

فاخر تەیب، بەناوی‌ هەردوو بنەماڵەوە رایگەیاند: تێچوی شەكراو خواردنەوەو ئاهەنگی بەیەك گەیشتنی ئەو كوڕو كچە وەك كارێكی خێرخوازی پێشكەش نەخۆشخانەی هیوا كرا كە لەئێستادا پێویستی بەكۆمەك‌و هاریكارییە بۆئەوەی‌ بتوانرێت هیوایەك بۆ ئەو نەخۆشانە بگەڕێتەوە كە لەو نەخۆشخانەیەدا چارەسەر وەردەگرن.
لایخۆیەوە وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان سوپاسی‌ بنەماڵەی‌ بوك‌و زاوای‌ كردو رایگەیاند"ئەو كارەی‌ ئەم دوو بنەماڵە بەڕێزە ئەنجامیانداوە ناتوانرێت بە پارە بخەمڵێنرێـت‌و هیواخوازین ببێت بە نەریتێك كە خەڵكی‌ تر‌ چاویان لێبكات، چونكە لە جیهاندا نەخۆشخانەكانی‌ تایبەت بە شێرپەنجە تەنها بەحكومەت بەڕێوە نابرێن‌و پێویستە لەلایەن سەرمایەداران‌و خێرخوازانەوە هاوكاری بكرێن".

به‌روار:  27/06/2016
674   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   810
کۆی سه‌ردان:   29257899