قەشەیەکی بەریتانی لەسەر کڕینەوەی كۆیلەی سێكسی" لە داعش لیكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ
خەندان- 

پیاوێكی ئاینی بەریتانی كە بە "قەشەی بەغدا" ناسراوە ئێستا لە پۆستەكەی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، بەهۆی ئەوەی تێوەگلاوە لە كڕینەوەی "كۆیلەی سێكسی" لە چەكدارانی داعش.

بەپێی دەیلی مەیڵی بەریتانی، كانون ئەندرۆ وایت، تەمەن 52 ساڵ، كە بەڕێوەبەری دامەزراوەی فریاگوزاریی و ئاشتەواییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەن رێكخراوە خێرخوازییەكەی خۆیەوە لەپۆستەكەی هەڵپەسێردراوە، كاتێ كۆمسیۆنی رێكخراوەكە لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامدا لەسەر پۆستێكی فەیسبووكی وایت كە لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردودا لە هەژماری فەیسبوكی خۆی بڵاوی كردبۆوە.

وایت لە پۆستەكەیدا نوسیویەتی، دامەزراوەكەی كارێكی زۆر مەزنی كردووە لەگەڵ ئەو ژن و كچانەی كە وەكو "كۆیلەی سێكسی" ڕزگاركراون. "ئەمە كارێكی مەزنە كە ئێمە لەڕاستیدا زۆر نەمانتوانیوە قسەی لەبارەوە بكەین".

"كۆیلەی سێكسی" بەو كچ و ژنانە دەوترێت كە داعش لەدوای داگیركردنی ناوچەكانیان كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكات لەناو چەكدارانی خۆیدا.

دوای پۆستەكە پرسیاری ئەوە وروژێنراوە كە ئەو چۆن توانیویەتی "كۆیلە سێكسییەكان" ڕزگاربكات، چونكە لە بەریتانیا پێدانی پارە بە گروپە تیرۆریستییەكانی وەكو داعش  بۆ وەرگرتنەوەی بەندكراو نایاساییە.

وایت نازناوی "قەشەی بەغدا"ی وەرگرت لەكاتێكدا وەكو قەشەی كەنیسەی ئێس تی جۆرج لەشاری بەغدا، كە تاكە كەنیسەی  سەربە كەنیسەی ئینگلتەرایە لەهەموو عیراقدا، خزمەتی كردووە.

دواتر وایت بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامەوە لەسەر ژیانی خۆی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ناچار كرا بڕوات بۆ ئیسرائیل و ئێستاش لە عەممانی پایتەختی ئوردون دەژی.



به‌روار:  25/06/2016
769   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   640
کۆی سه‌ردان:   29261925