بارزانی بانگهێشتی لایەنەكان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی
خەندان-

مەسعود بارزانی بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر پرسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو، داواش لەسەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكات لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر ئەو پرسەو هەنگاوی یەكەمیش بە گفتوگۆی راشكاوانە لەگەڵ بەغدا دادەنێت.

مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، باسلەوەدەكات دۆخی ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و بە هەموو لێكدانەوەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە ئارادان.

بارزانی دەڵێت"گەلی كوردستان و ئەزموونەكەی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیارو چارەنووسسازدایە، ناكرێت ئەو دەرفەتەی ئەم جارە بۆ گەلەكەمان هاتووەتەپێش، لەدەستی بدەین".

مەسعود بارزانی دەشڵێت"لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە".

بارزانی بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكات كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەو بابەتە ئەنجام بدەن، ئەوەش بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو، دەشڵێت"بۆ ئەوەش دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بە هەموو لایەنەكانەوە دەكات".

هەرلەو پەیامەیدا مەسعود بارزانی تیشك دەخاتەسەر سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بەسەر چەكدارانی داعشدا‌و ئەوەدەخاتەڕوو كە پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە‌و "لەشەڕی تیرۆریش بە هەوڵ‌و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان‌و لەسایەی خوێنی شەهیدان‌و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان‌و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووەو تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون، بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە".

به‌روار:  23/06/2016
673   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   763
کۆی سه‌ردان:   29262578