من ناوم (بیست و پێنج ) هەزاریە
هێمن عەبدولقادر

ئەم کاتەتان باش
من ناوم (بیست و پێنج ) هەزاریە و
وا نزیکەی دووساڵە من یاخیم لە گیرفان و 
لە دەست و لە گەرووی هەموو خەڵکێک ...
ئەوەی کە من ئەبینێت هەر سنگی نەرمی 
سەماکاری شەوانەی باخەکانی قەراغ شار و 
هەر قاپە ویسکی سەرمێزی هەڤاڵی شاخ و
چەند دانەیەکیشمان بەو پەڕی روو زەردیەوە دەچینە گیرفانی 
ڕاپۆرت نووسێک ..
من ناوم بیست و پێنج هەزاریە و 
بیست و پێنج ساڵە ، ئەم شارنەوە و 
لەم ژێر زەمین و بانقەوە بۆ هەورەبان و قاسەی ئەوماڵ 
دەم هێنن و دەم بەن ،
نە منداڵێکی هەژار توانی لەگەڵ بچکۆلەکانی من
یاری بکات و 
نە کرێکارێک سێڵفیەکی لەگەڵ گرتم و
نە پێشمەرگەیەک دامی بە قوتوویەک شیر ....
لەوەتەی هەم ئەمدەن پاوپوزی ساف و 
بە فیشەکێک بۆ ناودەمی قەڵەمێکی یاخی و 
بە سەری نێزە و بە خەنجەر و بە تیر ..
من ناوم بیست و پێنج هەزاریە و 
بیست و پێنج ساڵە دەڵێن ئەمڕۆ نا سبەی ئەگەڕێمەوە و
دەبمە بوکە شوشەی دەستی منداڵێک کە باوکی لەسەر قازێک کوژرا
بیست و پێنج ساڵە دەڵێن ئەمڕۆ نا سبەی ئەگەڕێمەوە دەبمە 
دار چوالەی شیرین تا دوو عاشقی لە خێڵ یاخی بێن و 
لە بن مندا بەدەم بەستەی (هەی بەلار و بەلار) ەوە ، 
بۆ هەتا هەتایە روو لە عەشق و پشت لە نیشتمان بکەن
بینیویانە
ئەڵێن لە نێوان سنگی گۆرانی بێژێکی لوبنانیدا لە پایتەخت بینیویانە
نامەیەکی ناردووە و بە نهێنی نوسیوویەتی :-
ئەگەڕێمەوە ، دڵنیابن هەر ئەگەڕێمەوە
ئاخر بۆ نەگەڕێمەوە
کە ( ڕیشە ) لەو لەیلانە تفەنگەکەی فڕێ بدات و بگەڕێتەوە
ئیتر من بۆ نەیەمەوە ؟؟
کە مەلا عەلی لە زیندانی موسڵ قەلەمەکەی فڕێ بدات و واز لە 
(برا دور و خزم دور و کەسم دور) بهێنێت و بگەڕێتەوە
ئیتر من بۆ نەیەمەوە ...
ئەگەڕێمەوە ، دڵنیابن ڕۆژێک هەر دەگەڕێمەوە
بۆ ناو دەست و بۆ ناو دەم و بۆناو گەرووی تفت و تاڵی منداڵێک
کە لەگەڵ یەکەم ساتی لەدایک بونیدا 
باوکیان لە سەر رەنگی کراسەکەی کوشت .
..................................................................
لە قەصیدەی (ئێستا بیست و پێنج هەزاریەک نیشتمانمە )
پەیجی شاعیر

به‌روار:  31/05/2016
877   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   808
کۆی سه‌ردان:   29234314