كۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی نەوشیروان مستەفا ببێت بە سكرتێری گشتیی یەكێتی
خەڵك-دڵشاد

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە وتووێژێكی لەگەڵ بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا دەڵێت، من لەگەڵ یەكگرتنەوەم لەگەڵ گۆڕان و زۆربەی برادەرانی سەركردایەتی و كادیرەكان پـێـیان خۆشە كاك نەوشیروان ببێتەوە سكرتێری گشتی یەكێتی. 

عادل موراد لەبارەی رێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دەڵێت: "ئەم ڕێكەوتنە هی دوێنێ و پێرێ نییە و پێش دەباشان لە (2012)ـەوە گفتوگۆی لەسەر كراوە و لە كۆنگرەی (3)شدا باس كرا، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەس چوون قسەكانیان بۆ‌ كاك نەوشیروان گێڕایەوە و كاك نەوشیروان نیگەران بوو، من خۆم چووم بۆ لای كاك نەوشیروان كە گلەیی ئەوەی هەبوو، قەینا كە باسیان دەكەن، بەڵام بۆچی دەچن لە كوردستانی نوێوە ئەوانە باس دەكرێن، دواتر زانیمان كێ بووە وایكردووە و بۆچی وایكردووە."

لە ‌بارەی بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەسەر رێكەوتنەكە دەڵێت: "برادەرانی ئێمە كاك سەعدی پـیرە و كاك رزگار عەلی پێش رێكەوتنەكە چوونە لای برادەرانی پارتی، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستیان سلبی بوو، دوای ئەوە پارتی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕانی لە هەولێر دەركرد، ڕێكەوتنی پەنجا ساڵەی لەگەڵ توركیا كرد بۆ فرۆشتنی نەوتی كوردستان نەك هەر پرسیان بە ئێمە نەكرد، بەڵكوو ئێمە لە راگەیاندنەكانەوە بیستمان."

لەبارەی بە دەوڵەت بوون و سەربەخۆییەوە دەڵێت، "ئێمە لێرە باسی دەوڵەتی كوردی دەكەین كەچی دەبینن ئەوە وەزعی ناوخۆمانە، ئەوە دەبینین وەزعمان لەگەڵ بەغداد، وەزعمان لەگەڵ باكور، لەگەڵ ڕۆژئاوا چۆنە؟ ئەوە دەبینین وەزعی موچە چۆنە و موچەمان پێنادرێت، پێنج شەش مانگە موچەمان پێنادرێت ئیتر چۆن ئاوا دەوڵەت دروست دەكرێت؟ هیچ شتێك بە شەڕە شەق دروست ناكرێت."

لەبارەی نەهاتنی كونسوڵخانەكان بۆ مەراسیمی ڕێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی رایدەگەینێت، "هۆكاری نەهاتنی ئەوان پەیوەندی بەوەوە هەبوو، ئەو برادەرانەی ئیشی بانگهێشتەكەیان پێسپێردرابوو ئیشەكەیان بە باشی نەكردبوو، بە بەڵگەی ئەوەی دواتر سەفیری ڕۆمانی و بەریتانیا هاتن بۆ لای خۆم بۆ پیرۆزبایی."

لەبارەی كاریگەری ڕێكەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی لەسەر ڕێكەوتنە پەنجا ساڵییەكەی حكومەتی هەرێم و توركیا بۆ فرۆشتنی نەوت و سوتەمەنی كوردستان، دەڵێت: "ئەو ڕێكەوتنە زۆر مەترسیدارە، ئێمە ئاگاداری نەبووین تا لە ڕاگەیاندنەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە بڵاو كرایەوە." 


دەربارەی پرسی بڕینی موچەی هەرێم لە لایەن مالكییەوە كە ئەوی تیا تۆمەتبار كرا، دەڵێت "بۆ یەكەم جارە باس لەوە دەكەم چۆن مالكی بە هۆی قسەكانی منەوە موچەی مانگێكی نارد، بەڵام پاش ئەوەی عارف تەیفور وتی لەبەر ئەوەی عادل موراد شیعەیە و مالیكیش شیعەیە، بۆیە بە قسەی كردووە و موچەی ناردووە.‌ دواتر چەند هێرشی تر كرایە سەری، تا ئەو كاتەی مالكی تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی، من وای بۆ دەچووم لە خورماتووەوە بە گوڵ پێشوازیت لێبكەن، چونكە بە هۆی تۆوە موچەم نارد كەچی جنێوت پێدەدەن."

لەبارەی ئەگەری پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان، عادل موردا دەڵێت، "من لەگەڵ یەكگرتنەوەم نەك رێككەوتن، زۆربەی برادەرانی سەركردایەتی و كادیرەكان پـێـیان خۆشە كاك نەوشیروان ببێتەوە سكرتێری گشتی، من خۆشم قبوڵمە، هەموو جارێك مام جەلال لە شاخ دەیوت كەس موناقەشە لەگەڵ عادل نەكات و هیچی پێ نەڵێت، چونكە ئەو تەنها من و نەوشیروان بە بەرپرسی خۆی دەزانێت، ئێستاش من قبوڵمە كاك نەوشیروان ببێت بە سكرتێری گشتی. هەم لەناو ئێمەش و هەم لەناو گۆڕان كۆدەنگییەك هەیە لەسەر كاك نەوشیروان بۆ پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی."
خەڵک

به‌روار:  29/05/2016
622   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1163
کۆی سه‌ردان:   29309707