٣٧ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی میوانی نەوشیروان مستەفا بوون
هێمن مەحمود - سلێمانی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠١٦، ٣٧ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی میوانی نەوشیروان مستەفا بوون لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەو ٣٧ ئەندامەی یەکێتی لەلایەن نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بانگهێشت کراون بۆ نیوەڕۆخوانێک کە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لە شاری سلێمانی ساز کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دیارترین ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسیی کە میوان بوون بری حاکم قادر حەمەجان، نەجمەدین کەریم، مەحمود سەنگاوی و شێخ جەعفەر ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، هەروەها نەرمین عوسمان، هەرێمی کەمال ئاغا، هەڵۆ پێنجوێنی، سامان گەرمیانی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی ١٧ی ئایاری ٢٠١٦، گۆڕان و یەکێتی ڕێککەوتنێکیان لەلایەن هەر یەک لە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی ئیمزا کرا.هاوکات لیژنەی ئامادەکاری ڕێککەوتنەکە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بڕیارە گۆڕان و یەکێتی سەرکردایەتییەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ بڕیارە هاوبەشەکان و سەردانیکردنی لایەنەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی سەرکردایەتییەکە لە شەش کەس پێکدێت کە سیان لە گۆڕان و سیانەکەی تریان لە یەکێتی، هەروەها ئەندامەکانیش لە ئاستی باڵادا دەبن.
هەربەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، سەرکردایەتییەکە دوو ئەرکی سەرەکی دەبێت؛ کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە، هەروەها سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات و بۆ ئەوەی وتووێژیان لەگەڵدا بکات و ڕێککەوتنەکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە.

نالیا


به‌روار:  28/05/2016
745   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1607
کۆی سه‌ردان:   29265615