فەرمانبەران دەبێت زەكاتی موچە دواكەوتوەكانیشیان بدەن
ئەندامێكی لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە هەر فەرمانبەرێك قەرز و پاشەكەوتی لای حكومەت بێت و لە (5) ملیۆن زیاتر بێت و ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، دەبێت زەكات بدات.
ئەحمەد شافیعی، ئەندامی لیژنەی فتوای هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە پێی بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەركەس قەرزی لای كەسێكی تر بوو و ساڵی بەسەردا تێپەڕبوو، دەبێت خاوەن قەرز زەكاتی قەرزەكەی دەربكات".
وتیشی: "بۆ ئەو قەرز و پاشەكەوتەی لای حكومەتە، رەنگە ئێستا كەسێك هەبێت ئاستی پارەكەی ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووبێت و گەیشتبێتە ئاستی زەكات، بۆیە واجبە كە ئەو كەسە كە فەرمانبەرە زەكاتی قەرزەكەی لای حكومەت دەربكات".
بۆ ئاستی ئەو پارەش كە زەكاتی دەكەوێتەسەر ئەندامەكەی لیژنەی فتوا ئەوەی خستەڕوو كە "لەم ساڵدا هەر پارەیەك بگاتە 5 ملیۆن دینار و ساڵی بەسەردا تێپەڕبوو بێت، دەبێت زەكاتی لێ دەربكرێت".
د.ئەحمەد شافیعی روونیشیكردەوە كە "لە رووی شەرعییەوە ناكرێت حكومەت زەكاتی ئەو قەرزە بۆ فەرمانبەرەكانی دەربكات و ئەوە یەكلاكەرەوەیە كە دەبێت فەرمانبەر خۆی بە ئەم كارە هەڵسێت".
تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی چوار مانگی ساڵی رابردووی فەرمانبەران و پاشەكەوتی سێ مانگ و مووچەی دوو مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان قەرزارە.
سەرچاوە: وێستگە
بهروار: 27/05/2016
769 جار خوێندراوهتهوه
|