سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكەم لابدات

سنور میدیا 
یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چه‌ند نهێنیه‌ك پارتی ئاشكرا ده‌كات ،  دەڵێت: پارتی دیموكرات پێِش 12/10 بەتەمابو لەسەر زانكۆی كوردستانیش دەرگای پەرلەمان دابخات.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەدیدارێكی رۆژنامەوانیدا پەنجەی خستە سەر هۆكارو دەرهاوێشتەی روداوەكانی ئەمدواییانەی هەرێمی كوردستان،ئاشكرای كرد" كە پارتی دەمێك بو هەوڵی دەستەمۆكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئەداو،ئەیویست وەكو خولەكانی پێشوتر پەرلەمان بخاتە ژێر ركیفی خۆیەوەو چۆنی بوێت ئاوا هەڵیسورێنێ. لەم بارەوە سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەیدا " كاتێك یاسای هەمواركردنی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتە پەرلەمان پارتی هەڕەشەی ئەوەیان لێمكرد ئەگەر بێتو باسی زانكۆی كوردستان(سەر بە نێچیرڤان بارزانی) بكەین ئەوە دەرگای پەرلەمان قفل ئەدەن وئەمانێرنە ماڵەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوێمان پێەدانو یاساكەمان تێپەراند".
 
ئەم وتانەی سەرۆكی پەرلەمان لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ سایتی" سارا پریس" هات كە بەزمانی عەرەبی لەسلێمانی پەخش ئەكرێ.
 
سەبارەت بەدەسپێكی قەیرانی سیاسی لەكوردستاندا سەرۆكی پەرلەمان جەختی كردەوە كە كێشەكە لەبنەڕەتدا پەیوەست بو بەكورسیەكەی مەسعود بارزانیەوە،ئەوان سوربون لەسەر مانەوەی بارزانی، لەلایەكی تریشەوە ویستیان ئەمجارەش پەرلەمان دەستەمۆ بكەن،ئەمەش ئێمە پێی رازی نەبوین بۆیە پەرلەمانیان پەكخستو ئەم قەیرانە سەریهەڵدا".
 
لەبەرامبەر ئەو لێدوانانەی سەركردەكانی پارتی گوایە رێگا نادەن یوسف محمد تا هەڵبژاردنی داهاتو بگەرێتەوە هەولێر،وتی"من لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوم، بەدەنگی پەرلەمانتارانی نوێنەرانی گەلیش بومەتە سەرۆكی پەرلەمان هیچ كەسێك ناتوانێت من لە پۆستەكە لابدات، چونكە لەپەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەماندا هیچ دەقێك نیە بۆ لادانی سەرۆك لەبەر ئەوەی لایەنیك پێی رازی نیە، ئەمەش بۆ ئەوە بوە تا هیچ لایەنێكی سیاسی نەتوانی لەرێگای فراكسیۆنەكەیەوە سەرۆك لابدات".
 
لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا دانیشتنی 23 حوزەیران لەسەر داوای حزبەكەی بوە یا ئیجرائاتێكی یاسایی بوە،سەرۆكی پەرلەمان وتی"مەسەلەكە سیاسی نەبو،تەنها لەروی یاساییەوە مامەڵەمان لەگەل كرد،سەرۆكێك هەبو ماوەی ویلایەتەكەی تەواو ببو، ئەبوایە رێگایەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی توشی فەراغی یاسایی نەبین، من هەر لەدەستپێكی مەسەلەكەدا رای خۆم بە راشكاوی راگەیاندو وتم، ئامادە نیم بەهیچ شێوەیەك ئەزمونی 30 حوزەیرانی 2013 دوبارە بكەمەوە،ئەگەر نا من دەست لەكار ئەكێشمەوەو ئەمكارە ناكەم، بۆیە سێ بژاردەمان خستەڕو، یەكەم دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجامبدات،یا نوسینەوەی دەستورێكی تازە شێوازی سەرۆكایەتی دیاریبكات،یاخود هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بۆ ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژیردرێت، بەڵام هەر سێ بژاردەكە لەلایەن پارتییەوە لەباربران".
 
سەبارەت بەچارەسەرییەكانی دەرچون لەم قەیرانە سەرۆكی پەرلەمان وتی" چارەسەر بەوە نابێت لایەنێك پێداگییری لەسەر كاری ناشەرعی وناقانونی بكات،بەهەڕەشەو گوڕەشەی شەڕی ناوخۆو دو ئیدارەییش چارەسەر ناكرێ،بە پەكخستنی پەرلەمانو ئیفلیجكردنی حكومەت ناكرێ،ئێمە لەپەرلەمان ناتوانین شەرعیەت بدەین بەكاری ناشەرعی پارتی دیموكرات،چارەسەر بەزەبری چەكیش نابێ، ناكرێ هەولێر وەكو پایتەخت لەژێر هەیمەنەی حزبێكی چەكداردا بێت، دەبێ لەدەرەوەی ململانێ سیاسییەكاندا بێت چونكە پایتەختی میللەتە،من ئەوە ناڵێم لەبەر ئەوەی خۆمان بزوتنەوەیەكی بێ چەكین، چونكە بینیمان ئەوانەی چەكیشیان بەدەستەوەوە بو نەیانتوانی خاكی كوردستان بپارێزنو شەنگال و شوێنی تریان دایە دەست داعشو دیفاعیان لێنەكرد، ئەبو چەك لەدژی تیرۆریستان بەكار بهێنرایە نەوەك بۆ پەكخستنی دەزگای شەرعی پەرلەمان".سەبارەت بە مانەوەی مەسعود بارزانیش لەسەر كورسییەكەی دكتۆر یوسف محمدی سەرۆكی پەرلەمان وتی" پێداگییری بارزانی لەسەرمانەوەی بەشێوەیەكی ناشەرعی عورفێكی ناشرینی لەكوردستاندا داهێنا، كە لەگەڵ دیموكراسی ناكۆكە،ئەبوایە وەكو سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا جۆرج واشنتونی بكردایە كە وەكو رەمزێكی گەورە دوای دو خولی سەرۆكایەتی ئامادە نەبو خۆی بۆ خولی سێیەم كاندید بكاتەوە، بەمەش عورفێكی جوانی داهێنا بۆ میللەتەكەی، بەپێچەوانەی مەسعود بارزانیەوە كە عورفێكی ناشرینی داهێنا،ئیستا هەمو ئەوانی لەخوار ئەویشن بەسەریا ئەرۆن چونكە دادوەر هەیە كۆتایی بەخزمەتی هاتوە كەچی داوای درێژكردنەوەی پۆستەكەی ئەكات".
 
لەبارەی پەكخستنی پەرلەمانیش وتی"تەنها مەسەلەكە پەیوەست بەكورسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە نیە، بەڵكە بەرۆڵی چاودێری پەرلەمانو پرسینەوە لەحكومەت سەبارەت بەداهاتو چۆنیەتی سەرفكردنو دیارنەمانی ملیاران دۆلاری فرۆشی نەوت،پێویست ناكات میللەتی خۆمان هەڵخەڵەتێنین،یا ئەوەتا پەرلەمان بەرۆڵی چاودیری خۆی كار بۆ سەروەری یاسا بكات یا ئەوەتا هەر لەئەسڵا پێویست بەپەرلەمانێكی گوێرایەڵی حزبێك ناكات".سەبارەت بەئەگەری دابەشبونی هەرێمیش بۆ دو ئیدارەیی سەرۆكی پەرلەمان وتی" ئێستا بە واقیع دو ئیدارەیی بونی هەیە، ئەوەتا حزبێك هەولێری خستۆتە ژێر ركێفی خۆیەوە، نایەڵێت پەرلەمان لەپایتەخت كۆ ببێتەوە، بۆیە هەڵكردن لەگەل حزبێك كە پابەندی یاسا نابێت وهەمیشە پەنا بۆ هێز ئەبات كارێكی ئاسان نییە.
 
لەكۆتاییدا هاتە سەر مەسەلەی دەوڵەتی كوردی وئەو پێیوابو" پێشكەوتنێكی باش لەهزری كورددا هەیە سەبارەت بەمەسەلەی چارەنوس، ئێستا گۆڕانێك بەدیئەكرێت لەدروشمەكاندا لەحوكمی زاتیەوە بۆ دەوڵەتبون، بەڵام سەرنج بدەن هەر كاتێك قسە لەسەر ویلایەتەكەی مەسعود بارزانی بكرێت باسی دەوڵەت ئەبێتە باسی گەرمی پارتییەكان ئەمەش زیاتر موزایەدەیە، چونكە دەوڵەت پرۆژەیەكی نیشتمانی میللیە،بۆ تەنها كەسێك نیە، بەڵكو بۆ میللەتە، جارێ پێش هەمو شتێك ئەبێت هێزەكانمان یەكبخەین ئاسەواری دو ئیدارەیی نەهێڵین، پەیوەندی باشمان لەگەڵ رۆژئاواو باكوردا هەبێت، ئینجا باسی دەوڵەتبون بكەین، چونكە زەمەنی دروستكردنی ئیماراتی بچوك كۆتایی هاتوەو ئەمە بیركردنەوەیەكی زۆر كۆنەو بەسەرچوە".
به‌روار:  27/05/2016
1041   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   314
کۆی سه‌ردان:   29232218