كوردی سوید هەرێمی کوردستان دەبەن بەڕێوە
رووداو – هەولێر، ستۆكهۆڵم

سوێدییەكان خۆشحاڵن بەوەی هاووڵاتیانی ئەوان رۆڵیان لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی وڵاتێكدا هەیە كە ئێستا شەڕی گەورەترین هێزی توندڕەو دەكات لە عێراق. سیاسەتوانێكی سوێدی دەڵێت "باشووری كوردستان و سوێد بوونەتە دوو وڵاتی ئاوێتە بەیەك، كورد لە سوێد سیاسەت دەكەن و سوێدییەكانیش كوردستان بەڕێوە دەبەن".

لە پەنابەرییەوە، بۆ نوێنەری وڵات

كورد لە سوید جگە لە شەش پەرلەمانتار، زیاتر لە 250 كەسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كۆمۆن و فەرمانگە باڵاكانی دەوڵەتدا هەیە. بە پێچەوانەشەوە چەندین كۆنە پەنابەری كورد كە وڵاتینامەی سوێدیان هەیە، ئێستا لە كوردستان لە پلە و پۆستی كارگێڕیدان و سیاسەت دەكەن. 

ئانیكا ئیندرشۆن، سیاسەتوانی سوێدی بەدواداچوونێكی بۆ ئەو كوردە سوێدیانە كردووە كە ئێستا لە كوردستان پلەیان هەیە و دەڵێت "ئێستا وەزیرێك و زیاتر لە 58 كارمەندی پلە باڵا لە ئاستی راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی هەن كە چواریان لە ئەنجوومەنی وەزیرانن و ئەوانی دیكەش لە پەرلەمان و وەزارەتەكاندان. ئەوانە رەگەزنامەی دووەمیان سوێدییە". 

 ئیندرشۆن كە دەڵێت هاوڕێی كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، گوتی "كوردی سوێد رۆڵێكی كارایان هەیە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كوردستان. بۆ نموونە هاوڕێم كەریم شنگالی ئێستا وەزارەتێكی ئەمنی لە كوردستان بەڕێوە دەبات". گوتیشی "وەك سوێدیەك شانازی دەكەم كە هاوڕێكەم، بەو شێوەیە لەو ئاستە دەبینم".    

یەكەمین سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وڵاتینامەی سوێدی هەبوو، ئێستاش سوێدییەك جێگری سەرۆكی هەمان دامەزراوەیە. ئیندرشۆن دەڵێت "خوالێخۆشبوو جەوهەر نامیق و جەعفەر ئیمینكی دوو نموونەی سەركەوتووی سوێدیەكانن لە كوردستان".  

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) لە هەر هەشت كابینەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 11 وەزیری سوێدی هەبوون و سەدانی دیكەش پلەی باڵایان هەبووە. لە نێویاندا وەزیری بازرگانی، ناوخۆ، وەزرش و لاوان و سەرچاوە ئاوییەكان. 

لەهەر چوار خولی پەرلەمانی كوردستانیشدا نزیكەی 25 پەرلەمانتاری خاوەن رەگەزنامەی سوێدی هەبوون كە بە بڕوای ئیندرشۆن بوونی سەرۆك و جێگر لەنێویاندا "نیشانەی سەركەوتوویی سوێدییەكانە لە ئەزموونی ئیدارەی كوردی".  ئانیكا دەشڵێت "هاتنەوەی سەدان سوێدی بۆ بەرەكانی جەنگ لە دژی داعش، لایەنێكی دیكەی رۆڵی سوێدییەكان بوو لە كوردستان".  

سوێدییەكان و ئەو كوردانەی وڵاتینامەی سوێدییان هەیە، رۆڵێكی كارایان لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا هەبووە. پێشتر رادیۆی سوێد كە رادیۆی فەرمیی دەوڵەتە، لە راپۆرتێكدا بەنێوی "سوێدییەكان فڕۆكەخانەیەكی جیهانییان بنیات نا"، باسی رۆڵی دوو كەسایەتی سوێدیی كردبوو لە دروستكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا، ئەوانیش میكائیل هینریكسۆن و تاهیر هەورامی بوون. هەورامی یەكەمین بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بوو.

میكائیل هینریكسۆن كە ئێستا بەڕێوەبەری پڕۆژەیە لە دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنی سوێدی LFV ، دەڵێت 11 ساڵ بەر لە ئێستا كارمان لەو فڕۆكەخانەیەدا كرد كە ئێستا یەكێكە لە فڕۆكەخانە ناسراوەكانی جیهان.

كوردی سوێد لە سیاسەتی كوردستاندا

لەنێو ئەندامانی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی پارتی، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا وەك سێ هێزی سەرەكیی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 12 كەسی خاوەن رەگەزنامەی سوێدی هەن.   

سیامەند كە پێشتر لە سوێد ژیاوە و ئێستا بۆ كاری حیزبەكەی گەڕاوەتەوە كوردستان، دەڵێت "سوێد وڵاتی دووەممە و لەگەڵ كوردستان جیاوازیی ناكەم" هەروەها گوتیشی "بە شانازییەوە بەشێك لە داهاتەكەم لە سوێد خەرج دەكەم".

ئانیكا ئیندرشۆن كە سەرباری كارە سیاسییەكەی لە دامەزراوەی باج كار دەكات، دەڵێت "زۆربەی ئەو سوێدیانەی چوونەتەوە كوردستان و كار و سیاسەت دەكەن، لەو مووچە و داهاتەی لە كوردستان دەستیان دەكەوێت، باج بە دەوڵەتی سوێد دەدەن".

لەكاتی فەرمانڕەوایی پارتی مۆدێرات كە پارتێكی راستڕەوە، كونسوڵگەریی ئەو وڵاتە لە هەولێر كرایەوە. كارڵ بیڵد، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوێد كە بەرپرسێكی باڵای پارتی مۆدێراتە، پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو "بوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی سوێدی لە كوردستان، هانیداین بۆئەوەی كونسوڵخانە بكەینەوە".

هەر ئەو بەرپرسەی پێشووی حكومەتی سوێد لەكاتی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گوتبووی "لە سوێد كوردستانێكی بچووك هەیە و دەمانەوێت لە كوردستانیش سوێدێكی بچووك بنیات بنێین".

 بێڵد بەشداریی كوردی سوێدی لە حوكمڕانیی كوردستاندا بە سەركەوتن بۆ وڵاتەكەی وەسف كردبوو.

ئانیكا ئیندرشۆن دەڵێت "لەسەر ئاستی كەسی و وەك سەردان و وەك شاندی فەرمی، كاتێك سوێدییەكان دێنە كوردستان، هەست بە غەریبی ناكەن".

به‌روار:  27/05/2016
1291   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   695
کۆی سه‌ردان:   29260097