پارتی خەتابارە

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە 38 كورسی پەرلەمان، هەموو جومگە هەستیارەكانی حوكمڕانیی لە كوردستان كۆنترۆڵ كردووە. بەرامبەرەكانی پارتی داد و بێدادیانە لەوەی كە چۆن دەبێ پارتی بەوەندەوە حوكمی كوردستان بكات؟ هەر بۆیەشە یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان لە رێككەوتنە ستراتیژییەكەیاندا، وەك دوو حیزبی ئۆپۆزیسیۆن (كە وەك ئەوە وایە قەت رۆژێك لە رۆژان لە حوكمڕانیی كوردستاندا نەبووبن!) داواكارییەكانی خۆیان لە پارتی خستووەتەڕوو. بەڵام سەیر لەوەدایە لە خۆیان نەپرسیوە كە پارتی چۆن بووەتە خاوەنی ئەو هەموو هێزە؟

ئەسڵی مەسەلەكە نە پۆستە و نە ژمارەی كورسییەكانی پارتی، بگرە سیاسەت و روانگای پارتییە. تا رووخانی سەددامیش، دروشمی یەكێتی (مافی چارەی خۆنووسین) بوو. هەر بۆیە لە 2005 و لە یەكەم هەڵبژاردندا، سەرەتا لە سلێمانییەوە بزووتنەوەی ریفراندۆم دروست بوو (تا راددەیەك وا دەزانرا كە پارتی لەگەڵی نابێت) و پارتیش پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی. بەڵام هەر ئەوەندە كە مام جەلال بووە سەرۆك كۆمار، ئیتر عەشقی پلاتۆنیكی یەكێتی و بەغدا و یەكپارچەیی خاكی وڵاتی بەناو عێراق دەستی پێكرد و، هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە. لەبەرامبەر ئەوەدا پارتی و بارزانی هەر زوو باوەڕیان بە وڵاتی هیوا و ئاشتی! نەما و بە هێمنی خەریكی بنیاتنانی ژێرخانی سەربەخۆیی كوردستان بوون. راستە پارتیش لە بەغدا بوو، بەڵام سەرباری هەموو دژایەتی و رێگرییەكان، بۆندی نەوتی ئیمزا دەكرد، پاڵاوگەی دادەمەزراند، وێستگەی كارەبای دروست دەكرد، بیری لە راكێشانی بۆڕیی نەوت و غاز دەكردەوە، خەونی بەوەوە دەدیت نەوت بەدنیا بفرۆشێت، كەچی بەرامبەرەكانی پارتی لە بەغدا خەریكی شتی دیكە بوون و دەبووایە لە هەولێریشەوە بارزانی پێگەیان بۆ قایم و قایمتر بكات. بە كورتی سیاسەتی نەتەوەیی كوردستان كەوتە دەست پارتی و ئەوانەیش كە لە كاروانەكە بەجێمان، كەوتنە دوای دۆزینەوەی ئەو تێزەی كە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوە نەماوە و یەكگرتنی گەلان و كۆنفیدراڵی باشترین مۆدێلن!

گۆڕان و یەكێتی دەبێ لە خۆیان بپرسن كە بۆ لە 24 ساڵی رابردوودا، نەیانتوانیوە پێش بە پارتی بگرن؟ بۆ ناپرسن كە لەبەرچی مەیدانی سیاسەتی نەتەوەییتان بۆ پارتی چۆڵ كرد؟ بۆ ناپرسن كە سەرباری ئەوەی دەڵێن ماوەی سەرۆكایەتیی بارزانی تەواو بووە، بۆچی ئەو هەموو سەركردە و وزیرە لاقێكیان لە هەولێرە و، كەسیش حیساب بۆ ئێوە ناكات؟

ئەوە سیاسەت و تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆنانەی ئێوەیە كە پارتی كردووەتە حوكمڕان، ئەگەرنا هیچ حیزبێك بە 38 لەسەدی پەرلەمانی ناتوانێ ببێ بەو دێوەزمەیەی ئێوە دەیبینن.

هەڵوەرینی سیاسی
(2)

دوای رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایەی كە لە 1964 بزووتنەوەی سیاسی و چەكداریی كوردستانی كردە دوو لەت و، پێشتریش نائومێدیی خەڵكێكی زۆر لەو دروشمانەی كە بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵانی رابردوودا بەرزی كردبوونەوە، ئەگەری ئەوە دێنێتە پێش كە خەڵكێكی زۆر لەناو جەماوەر و تەنانەت سەركردایەتیی دوو حیزب بێ هیوا بكات و دووربكەونەوە. ئەگەرچی یەكێتی بەپێی رێككەوتنەكە هێشتا خەتێكی گەڕانەوە بۆ لای پارتیی هێشتووەتەوە و دەتوانێ لە حكومەتدا بێت، بەڵام زیندووكردنەوەی مەدرەسەی ئیبراهیم ئەحمەد لە سیاسەتدا، زیانێكی زۆر بەو دوو حیزبە و پێگە جەماوەرییەكەیان دەگەیەنێ.

 هەر وەك چۆن كاتی خۆی لە 1965، نووری شاوەیس، عەلی عەبدوڵڵا و نووری ئەحمەد تەها و...تاد، پشتیان لە ئیبراهیم ئەحمەد كرد و چوونەوە بن باڵی بارزانی، ئاواش خەڵكێكی زۆر كە باوەڕیان بەو عەقڵیەتە نییە لە سیاسەتدا، دوور دەكەونەوە و رەنگبێ بچنە ژێر باڵی پارتی یان حیزبەكانی دیكە. یەكگرتووی ئیسلامی (بە تایبەتیش دوای گەڕانەوەی سەلاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمیندارێتیی یەكگرتوو) شانسێكی زۆری هەیە كە ئیستیعابی ناڕازییەكانی ئەو دەڤەرە بكات و، هاوكات دەستی پەكەكەش لە ناوچەی نفوزیان پتر لە جاران بەهێزتر دەكات.

ئەمە بە نیسبەت فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیش هەر راستە كە ئێستا وەلائێكی ئەوتۆیان بۆ سەركردایەتیی یەكێتی نەماوە و پتر لە ژێر سەركردایەتیی بارزانیدان تا ئەوان.

رێكخستنەوەی شار
(3)

بینینی ئەو دەموچاوانەی كە رۆژانێك لەسەر تەلەڤزیۆنەكان یەكتریان بە خائین و ناپاك وەسف دەكرد و، لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی بە تەنیشت یەكەوە دانیشتبوون و، فیكەی سمێڵیان دەهات، دەلالەتی لە شارچێتی و رقێكی قووڵ دەكرد، بەرامبەر بە پارتی. پەیامەكە ئەوە بوو كە بزانە چیتان پێ دەكەین!

دەڵێن سیاسەت دایك و باوكی نییە! بەڵام ئەو سیاسەتەی یەكێتی و گۆڕان دایك و باوكی هەبوو: دایكی سیاسەتەكە شارە حەیاتەكە و، باوكەكەشی ئیبراهیم ئەحمەد بوو. ئەگەرچی بۆ ئەوەی مۆركی ناوچەگەریی پێوە دیار نەبێ و بتوانێ رەزامەندیی فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگەی یەكێتیش دەستەبەر بكات بە كاك كۆسرەتیان ئیمزا كرد، بەڵام ئەم دایك و باوكە بوون كە توانییان ئەو هەموو جوێن و موهاتەراتەی رابردوو لە بیر ئەو زاتانە ببەنەوە كە چەند ساڵ بوو بەیەكتریان دەدا.

ئیتر لێرە بەولاوە یەكێتی و گۆڕان هیچ پاساوێكیان بۆ ئەوە نامێنێت كە نەتوانن خزمەتی ناوچەی نفوزی خۆیان بكەن، ئیتر سلێمانی چەقی ململانێی سیاسی نییە تا ببێتە بیانوو بۆ كەموكوڕیی ئیداری و خزمەتگوزاری. پارتی نە ئەو نفوزەی هەیە كە بتوانێ رێگرییان لێ بكات و نە ئەو هێزەشی لەوێ هەیە كە كێشە بخولقێنێ. 
ڕووداو
به‌روار:  25/05/2016
860   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   835
کۆی سه‌ردان:   29257990