ئەرسەلان باییز تێبینی لەسەر رێككەوتنەكە هەبووە بەڵام لیژنەی لەسەر نەکراوە
شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رونكردنەوەیەك لەسەر پێكهێنانی لیژنە لەسەر ئەرسەلان بایز رەتدەكاتەوە.

لەرونكردنەوەیەكەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە وێنەیەكی بۆ شارپرێس نێردراوە هاتووە"سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵە بێ‌ بنەمایانە رەتدەكەینەوە كەلەلایەن مەكتەبی سیاسیەوە لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەڤاڵ دكتۆر ئەرسەلان بایز پێكبهێنرابێت و ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەكی نیە و هەواڵێكی هەڵبەستراوە".

مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەرسەلان بایز وەك تێكۆشەرێكی دێرین‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە لە قۆناغی جیاجیای خەباتدا بەرپرسیارێتی ئیعلامی، رێكخراوەیی، سیاسی‌و حكومی گرتۆتە ئەستۆو سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستانیش بووە، هەمیشە جێی متمانەو باوەڕی حزبەكەیەتی‌و هەواڵی چەواشەكارانەی وا، مێژووی خەباتی هەڤاڵ ئەرسەلان بایزو یەكێتی لەكەدار ناكات.

 سەبارەت بە هەڵوێستی ناوبراو لەسەر رێكەوتنی یەكێتی‌و گۆڕانیش مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرای كردوە كە ئەرسەلان بایز لەگەڵ هێڵی سەرەكی رێكەوتنەكە بووەو ئەگەرچی هەندێك تێبینی لەسەر بەشێكی مادەكانی رێكەوتنەكە هەبووە كە لە كۆبوونەوەكەدا بە ئازادانە دەریبڕیووە.

ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:

روونكردنەوەیەك لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ەوە سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵە بێ‌ بنەمایانەرەتدەكەینەوە, كەلەلایەن مەكتەبی سیاسیەوە لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەڤاڵ دكتۆر ئەرسەلان بایز پێكبهێنرابێت و ئەو هەواڵە بە ناڕاست دەزانین و هیچ بنەمایەكی نیە و هەواڵێكی هەڵبەستراوە. تەئكیدیش لەوەدەكەینەوە,كە هەڤاڵ د.ئەرسەلان بایز وەك تێكۆشەرێكی دێرین‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی, كە لە قۆناغی جیاجیای خەباتدا بەرپرسیارێتی ئیعلامی، رێكخراوەیی، سیاسی‌و حكومی گرتۆتە ئەستۆو سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی كوردستانیش بووە، هەمیشە جێی متمانەو باوەڕی حزبەكەیەتی‌و هەواڵی چەواشەكارانەی وا، مێژووی خەباتی هەڤاڵ د.ئەرسەلان بایزو یەكێتی لەكەدار ناكات. سەبارەت بە هەڵوێستیشیان لە رێكەوتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان، د.ئەرسەلان بایز لەگەڵ هێڵی سەرەكی رێكەوتنەكە بووەو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیشدا دەنگی بۆ داوە، ئەگەرچی هەندێك تێبینی لەسەر بەشێكی مادەكانی رێكەوتنەكە هەبووە كە لە كۆبوونەوەكەدا بە ئازادانە دەریبڕیووە. دیارە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك حزبێكی دیموكراتی، هەمیشە رێزی لە بیروڕای جیاوازی هەموو هەڤاڵانی گرتووەو ئەمەش پرەنسیپێكی سەرەكیی تێكۆشانی سیاسیی یەكێتییە, كە لێی پاشگەزنابێتەوەو لەسەری بەردەوام دەبێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
23/5/2016
به‌روار:  24/05/2016
648   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   942
کۆی سه‌ردان:   29235485