سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازیى لە ئامادەکارانى فیلمی پێشمەرگە کرد
فڕانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا پێشوازیى لە ئامادەکارانی فیلمى دۆکیومێنتاریی پێشمەرگە کرد، کە لە فیستیڤاڵى کان نمایش کرا.
ئەمڕۆ ٢٢ى ئایاری ٢٠١٦ پەیجى فەرمیى کۆشکى ئیلێزی بڵاویکردەوە "فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا بە شەخسی چاوی کەوت بە چەند کەسێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق پاش نمایشکردنی فیلمی دۆکیومێنتاریی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵی کان".
فیلمی دۆکیومێنتاریى پێشمەرگە فیلمێکە لەبارەی پێشمەرگە و شهڕڤانانهوەیە، فیلمەکە کاتژمێرێک و ٣٢ خولەکە و باس لە ژیان و ڕووبەڕوبونهوەكانی پێشمەرگە دەکات لەگەڵ چەکدارانی داعش. فیلمى پێشمهرگه له دهرهێنانى دهرهێنهرى ناسراوى فهڕەنسى "بێرنانرد هێنری لێڤی" و بهرههمهێنانى فرانسو مارگۆیه، ئاڵا وشيار پەیامنێرى NRT لە کەرکوک وهك كامێرامانى سهرهكى بهشدرابووه.
فیلمى دۆکیومێنتاریى پێشمەرگە دوو جار و لە ڕۆژانى ٢٠ و ٢١ى ئایاردا لە فیستیڤاڵى کان نمایش کرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ فڕانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بەفەرمی داوای بینینی ئاڵا وشیار کامێرامانی فیلمی دۆکیومێنتاریى پێشمەرگە و پەیامنێری ئێن ئاڕ تیی کردبوو و دواتر ئاڵاهۆشیار سەردانى کردووە و چاوی پێیکەوتوە.
تا ئێستا کورد چەند جار بەشداریى فیستیڤاڵى کانى کردووە و چەند خەڵاتى فیسیتڤاڵەکەشى بە دەستهێناوە.
فێستیڤاڵی کان لە ١١ی ئایاری ئەمساڵەوە بەبەشداری ٢١ فیلمی درێژ و ١٠ فیلمی کورت دەستی بەکارەکانی کردوو وەها بڕیارە تا ٢٣ ئایاری ئەم ساڵ بەردەوام بێت لەکارەکانی، کە تێیدا خەلاتی چڵە خورمای زێڕین بەسەر براوەی فیستیڤاڵەکەدا دابەشدەکرێت و خەڵاتی چڵە خورمای فەخریش بەسەر باشترین فیلمدا دابەش دەکرێت.
وێنەکان لە پەیجى فەرمیى کۆشکى ئیلێزییەوە وەرگیراون
ر.م
نالیا
بهروار: 23/05/2016
562 جار خوێندراوهتهوه
|