موسه‌نا ئه‌مین: هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی رزگاری كردین
سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوو چۆنێتی رزگاربوونی خۆی له ئوتێله‌وه بۆ فرۆکه‌خانی به‌غدا بۆ ''میلله‌ت'' ئاشکراده‌کات و ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که ئه‌و که‌سه‌ی ئێمه‌ی رزگارکرد له هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی کار ده‌کات .
موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی تایبه‌ت به ''میلله‌ت''ی راگه‌یاند، دوێنێ شه‌ممه کاتێک خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر په‌رله‌مانی عیراق، ئێمه به‌ره‌و ئوتێل ره‌شید به‌رێکه‌وتین که به ئۆتۆمبیلی تایبه‌تی خۆمان چوینه ئوتێله‌که‌وه و هیچ که‌سێک به‌هانامانه‌وه نه‌هات.
وتیشی '' دواتر په‌یوه‌ندیم کرد به‌چه‌ند که‌سێکه‌وه و پێیان راگه‌یاندم که ته‌له‌فون بۆ که‌سێک بکه‌م به ناوی کاک فارس که کورده و له ئیداره‌ی هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی کارده‌کات ووتیان، ئه‌و ئۆتۆمبیلت بۆده‌نێرێت و ده‌تگه‌یه‌نێته فرۆکه‌خانه، له راستیدا من کاک فارس ناناسم و له‌پێشه‌وه نه‌مبینیوه، به‌سوپاسه‌وه ته‌له‌فونم بۆکرد ئۆتۆمبیلێک و دوو براده‌ری بۆ ناردین''.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی بۆیان ناردین تایبه‌ت بوو به سوپای عێراق و هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی، وه به‌و ئۆتۆمبیله ئێمه گه‌شتینه فرۆکه‌خانه‌ی به‌غدا، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌کم نیه که ئه‌و به‌ڕێزه نوێنه‌ری مه‌سرور بارزانی یاخود سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم بوبێت و ته‌نها پێیان راگه‌یاندم که ئه‌و به‌ڕێزه له هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی کارده‌کات.
چه‌ند میدیایه‌کی نزیک له‌پارتی دیموکراتی کوردستان له‌زاری جه‌مال کۆچه‌ر په‌رله‌مانتاری یه‌کگرتووی ناوچه‌ی بادینان له په‌رله‌مانی عێراق رایانگه‌یاندووه که هه‌ریه‌ک له جه‌مال کۆچه‌ر و دکتۆر فارس وعوسمان تاهیر و ئاسیا و شیرین دینۆ و موسه‌نا ئه‌مین، له‌لایه‌ن نوێنه‌ری مه‌سرور بارزانی راوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌به‌غدا رزگارکراون، به‌ڵام موسه‌نا ئه‌مین ره‌تیکرده‌وه که له‌لایه‌ن نوێنه‌ری تایبه‌تی مه‌سرور بارزانیه‌وه رزگاركرابن و رایده‌گه‌یه‌نێت که ئۆتۆمبیله‌که تایبه‌ت بووه به هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراقی.
دوێنێ شه‌ممه لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر بینای په‌رله‌مانی عێراقی و به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتار له‌نێو بینای په‌رله‌ماندا گه‌مارۆ دران و چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی تریش به ئه‌سته‌م توانییان خۆیان رزگاربکه‌ن.
میللەت پرێس
بهروار: 02/05/2016
815 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|