ئەو كەسەی قایشی پانتۆڵەكەی پێ‌ چارەنەكرا، شكۆی پەرلەمانی خستە ژێر پیێڵاوەكان
پەرلەمانتارێكی مانگرتووی كورد نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی رۆژی رابردوو لە بەغدا دەردەبڕێت و هاتنی خۆپیشاندەران بۆ ناو ناوچەی سەوز بە شكاندنی شكۆی پەرلەمان لەلایەن عەبادییەوە ناودەبات.

عادل نوری لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: ئەو كەسەی قایشی پانتۆڵەكەی پێ‌ چارەنەكرا، شكۆی پەرلەمانی خستە ژێر پیێڵاوەكان. وتمان بانگهێشتی پەرلەمانی بكەین و متمانەی لێوەرگرینەوە تا زیاتر سوكایەتی بە پەرلەمان و دەستوور نەكات ، د.سلیم جبوری بەرگری لێكرد و نەیهێشت. هەربۆیە دەڵێت: جەناب خۆ بە چاوی خۆت دەیبینی، ئێستاش باوەڕ ناكەیت؟ تۆ سەرۆكی باڵاترین دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانانیت، تۆ متمانە بە سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی دەدەیت و لێشیان وەردەگریتەوە، بینیت چی بەسەر هێنایت؟!

لە درێژەی نوسینكەیدا ئەو پەرلەمانتارە كە بەهۆی مانەوەی لە ریزی پەرلەمانتارانی مانگرتوودا لە لیستەكەی دەركرا، دەڵێت: سەد حەیف هەموو كەس خۆی قیت دەكاتەوەو لافی سیاسەتمەداری لێدەدات، كەسانێك خۆیان بە سیاسەتمەدار دەزانن و دێن چێشتخانەی سیاسەت دادەنێن، بەڵام لە بازاڕی سیاسەتدا شیاوی قاپ شۆرینیش نین. 

پێشیوایە ئەوەی روویدا شكاندنی شكۆی پەرلەمان بوو، بۆیە نوسیویەتی: ببینن عەبادی دوای كاولكردنی پەرلەمان و شكۆ شكاندنی، چۆن بە ناو هۆڵی پەرلەمان و ژوورە كاولكراوەكەی د.سلیم جبوریدا دەگەڕێت، ئەو سەرۆكەی ئەمەی پێ قەبووڵەو غیرەتی ناجوڵێ‌، من هەرگیز بە سەرۆكی نازانم.
نەوا
به‌روار:  02/05/2016
697   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   563
کۆی سه‌ردان:   29250330