حەشدی شەعبی هەڕەشە لە كوردو توركمان دەكات
بەرپرسێكی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەوەی بیەوێت قەزای دوزخورماتوو، بكات بە كوردی یان توركمانی، ئەوا لە خەیاڵدا دەژی. وتیشی: "خاڵەكانی رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان حەشدو هێزەكانی پێشمەرگە پێویستی بە گرەنتی هەیە".

شەوی 1/5، كەریم نوری ئەندامی دەستەی راوبۆچوون لە حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی كەناڵی سۆمەریەدا وتی: "ئەو چارەسەرانەی چەند مانگێك لەمەوبەر بۆ قەیرانی دوز دانرابوون، پینەو بێهۆشكردن بوون نەك ریشەیی، بۆیە قەیرانێكی نوێ سەریهەڵداو بارودۆخەكە مەترسیدار بوو".

وتیشی: "ئەوەی بیەوێت دوز بكات بە كوردی یان توركی ئەوا لە خەیاڵدا دەژی".

كەریم نوری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە رێككەوتنی ئەمدواییەی لە قەزای دوزخورماتوو كرا، پێویستی بە گرەنتی هەیە بەوەی سەرجەم خاڵەكانی بە پراكتیكی جێبەجێ بكرێن‌و هاوسەنگی سەرجەم پێكهاتەكانیش بپارێزرێت.

نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆی سەرهەڵدانی كێشەیەكەوە لە دوزخورماتووی باشووری كەركوك، شەڕو پێكدادانێكی خوێناوی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەو قەزایە روویداو پاشان لە رۆژی 24/4دا بەرپرسانی هەردوولا رێككەوتن لەسەر هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو كشاندنەوەی هێزەكانیان لەنێو شارەكەدا.

نەوا
به‌روار:  02/05/2016
659   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   399
کۆی سه‌ردان:   29227999