روونكردنەوەی عادل موارد بۆ رای گشتی
مالمۆکورد

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی
هاورێیان ماوەیەكە چەندین لاپەڕەی ساختە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەناوی منەوە كراونەتەوە بابەتی جۆراو جۆر سەبارەت بە پرسە گرنگەكانی هەرێم و عیراق بڵاو دەكەنەوە هەروەك پێشتریش چەندین جار رونكردنەوەم لەوبارەوە داوە و كە ئەو پەیج و ئەكاونتانە دوور و نزیك هیچ پەوەندییەكی بە منەوە نیە، مەبەستەكەیش زۆر رون و ئاشكرایە و بە بەرنامە وپیلانی داڕێژراو كار دەكەن بۆ ناو زڕاندنم لەرێی منیشەوە بۆ سەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەوبابەتانەی لەچەند روژی رابردو لەفەیسبوكێكی ساختەوە بە هەمان ناوی پەیجە تایبەتەكەمەوە بابەتیان لەسەر بەبارودۆخی شاری دوزخورماتوی خۆڕاگڕ بڵاوكردوەتەوە.
لێرەوە بەپێویستی دەزانم بۆ هەموو لاییەكی روون بكەمەوە كە هیچ هێزێك جگە لەهێزی پێشمەرگە بەپیرۆز نازنم و دڵۆپێك لەخوێنی شەهیدێك زۆر لەلام پیرۆز ترە لەهەموو بەرژەوەندییەك یان ئینتماییەكی لاوەكی، هەمیشە و هەموو كاتێك هەڵوێستەكانم لەپێناو پاراستنی بەژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەم بووە، شانازییش دەكەم كەیەكەم مەفرەزەی پارتی زانی چەكدار هێزی پێشمەرگەی (ی.ن.ك) كە بەفەرماندەیی شەهیدی ئەندازیار ئیبراهیم عەزۆ لە (١٩٧٦/٦/١) كە هاتنە خاكی كوردستان بەرەو ناوچەكانی بادینان لەكەڵ 37 پێشمەركەی تری هاوڕێی، بەپلان و بەرنامەی هەڤاڵ (مام جلال) وكاك (نەوشیروان مستەفا) و بەندە و عبد الرزاق عزیز فەیلی بوو، كە ئێمە خاوەنی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییە بین چۆن دوای چل ساڵ لەخەباتی بێ وچان قسەیەك یان لێدوانێك بە ناوی منەوە بڵاو بكرێتەوە بۆ لەكەدار كردنی متمانەمان بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە هەمیشە لەپێشەوەی بەرەی جەنگەوەن و سنگی خۆیان كردوە بە قەڵغان بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان. 
لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆ رای گشتی روون بكەمەوە كە ئەو پەیج و ئەكاونتانە دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەمنەوە نیە و بەوانەش دەڵێم كەدەیانەوێت بێ متمانەیی و دڵەراوكێ بخەنە ناو دڵی خەڵكەوە بەبڵاو كردنی هەواڵی بێ بنەما و چەواشەكار، خەیاڵیان خاوە و ئەو كارانە لە مایەپوچی و ئیفلاسبونی سیاسی و ئەخلاقیانە و دەیانەوێت شكستی خۆیان بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە لەبیری خەڵك بەرنەوە، بەڵام خۆشبەختانە خەڵك وشیارە و هەموو راستیەكان بە چاوی خۆیان بینیوە و دەبینن و وەك پەندە كوردییەكە دەڵێت"بەری خۆر بە بێژنگ ناگرێت" 
لەكۆتاییدا دووپاتی دەكەمەوە كە هەر لێدوان و بۆچونێكم هەبێت لە لاپەرەی تایبەتی خۆم لە فەیسبووك (https://www.facebook.com/AdelMuradOfficial) یان لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی (http://pukcc.net) بڵاوی دەكەمەوە، جگە لەوە هەر هەواڵ و لێدوانێك یاخود نوسێنێك پەیوەندی بەمنەوە نیە.
براتان 
عادل موراد
٢٠١٦/٤/٢٧

به‌روار:  28/04/2016
970   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   590
کۆی سه‌ردان:   29256776