ئێران لە شەڕی خورماتوودا هاوکاری شیعەکان دەکا
جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان باس لە ڕۆڵی ئێران دەکات لەشەڕی ئەمدوایەی قەزای خورماتوو و ڕایدەگەینێت کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری سەربازی بۆ هێزە شێعەکان ناردووە و چەندین سەربازیشی بەناوی ڕاوێژکارەوە بۆ هەمان شەڕ ناردووە.

حسێن یەزدان پەنا، جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای NRT ڕاگەیاند "لەکاتی شەڕی خورماتوودا هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بە زووی گەیشتوونەتە ناوچەکە و لەیەک باردا ٧ شاحنە لە چەک و تەقەمەنی هێنراونەتە سنوری قەزای خورماتوو".

ئەو بەرپرسەی پارتی ئازادی کوردستان خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات و دەڵێت "پێدەچێت ئەم شەڕەی ئێستا لەمە زیاتر مەترسی بۆسەر کورد هەبێت چونکە هێزە شێعەکان بەهاوکاری ئێران دەیانەوێت کورد بەتەواوی نەتوانێت دەوروبەری خۆی بپارێزێت و بەهۆی بۆشایی هێزەوە بتوانن ڕووبەڕی خاکی شعە زیادبکەن بۆ چەند ئامانجێک".

یەزدان پەنا باسلە ئامانجەکان دەکات و دەڵێت "نزیکبوونەوە لە کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکان یەکێکە لە ئامانجەکان کە ئێران کاری بۆدەکات و هەروەها کارکردن بۆ کردنەوەی ڕێگایەک بەرەو سوریا و لەوێوە بەرەو لوبان کە ئەوە خەتێکی شێعەیە و کاردەکرێت بۆ کردنەوەی ڕێگایەک لەوشێوازە".
نالیا

جێگری سەرۆکی پارتی ئازادی ئاماژەبەوەشدەکات "زانیاریمان هەیە کە هێزە شێعەکان بەسەرپەرشتی هێزی قودسی سەربە سوپای پاسداران لە دەوروبەری کەرکوک کۆبوونەوەتەوە و کار بۆ هەژموونی زیاتری خۆیان دەکەن لەو ناوچەیە کە ئەوەش یەکێکە لەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی کەرکوک دەبێتەوە".

بەرپرسەکەی پارتی ئازادی دەڵێت ئەوان ئامادەن وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بچنە خورماتوو بەرگری لەشارەکە بکەن، وەک چۆن پێشتر ماوەی چەندساڵێکە لە سەنگەردا بوون دژی چەکدارانی داعش.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکدادان لە قەزای خورماتوو لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا ڕوویدا و چەندین کوژراو و بریندار لەهەردولا کەوتەوە.

لەدوای هاتنی داعش، ئێران لەڕێگای سوپای قودسەوە (کە چالاکییەکانی لەدەرەوەی خاکی ئێراندایە) هاتە ناوخاکی عێراقەوە و ساڵی پاریش لەکاتی گرتنەوەی ناحییەی ئامرلی کە ناحیەیەکی شێعەنشین بوو سوپای قودسی سەربە سوپای پاسداران دەوری کاریگەری هەبوو لەشەڕەکەدا.
به‌روار:  27/04/2016
984   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   364
کۆی سه‌ردان:   29218675