یەپەسە: لە نسێبین ٢٢ سەربازى سوپاى تورکیا کوژران

یەپەسە ڕایگەیاند، لە پێکدادانەکانى نێوان سوپاى تورکیا و شەڕڤانەکانیاندا لە قەزاى نسێبینى پارێزگاى مێردین ٢٢ سەرباز و ئەندامى هێزە تایبەتەکانى تورکیا کوژارون و سێ شەڕڤانیان شەهید بوون.

ئەمڕۆ ٢٦ى نیسانى ٢٠١٦ دەستەى هەماهەنگیى یەکینەکانى پاراستنى سڤیڵ (یەپەسە و یەپەسە ژن) ڕاگەیاندراوێکى لەبارەى پێکدادانەکانى ڕۆژانى ٢٤ و ٢٥ى نیسان لە قەزاى نسێبین بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە، لە پێکدادانەکانى نێوان هێزەکانیان و سوپاى تورکیادا لە قەزاى نسێبین ٢٢ سەرباز و ئەندامى هێزە تایبەتەکانى تورکیا کوژارون و دوو تانکی سوپاى تورکیاش لەلایەن شەڕڤانەکانیانەوە تەقێنراونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئەنجامى پێکدادانەکاندا سێ شەڕڤانى یەپەسەش لە نسێبین شەهید بوون.

میدیاکانى حکومەتى تورکیا لە بارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى یەپەسەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

حکومەتى تورکیا لە ڕۆژى ١٣ى ئازارى ٢٠١٦ەوە لە قەزاى نسێبینى سەر بە پارێزگاى مێردین قەدەغەى هاتووچۆى ڕاگەیاندووە و ئە و قەزایە بە هێزى سەربازى گەمارۆداوە و بەو هۆیەوە چەندین پێکدادان لە نێون شەڕڤانانى یەپەسە و هێزەکانى سوپاى تورکیادا ڕوویانداوە.

لە ڕۆژى ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیا دەستیان کرد بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى پەکەکە و لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین پێکدادن لە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیا و هەروەها چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانى یەپەسە و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانى باکوورى کوردستان ڕوویانداوە.
ئەو شوێنانە کە بە ڕەنگى زەرد دیاریکراون ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵى شەڕڤانانى یەپەسەن لە باکوورى کوردستان

ئەو ناوچانەى بە ڕەنگى سەوزى کاڵ دیاریکراون ئەو ناوچانەن کە لە حاڵەتى "بارى نائاسایى سەربازیدا" پێکدادانیش تیاندا ڕوو دەدات

ئەو شوێنەى لە ناو لاکێشە پەمییەکەدایە ناوچەى نسێبین و شوێنى پێکدادانەکانى پەیوەندیدار بەم هەواڵەوەن

نالیا
به‌روار:  27/04/2016
903   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   998
کۆی سه‌ردان:   29236267