دژی داخستنی دەروازەی‌ سێمالكا خەڵکی جەزیرە خۆپێشناندان دەكەن
دوای تێپەڕبوونی 42 رۆژ بەسەر داخستنی دەروازەی‌ سنووری سێمالكا، ئەمڕۆ دانیشتوانی‌ كانتۆنی جزیرە بە خۆپێشاندانێك داوای كردنەوەی دەروازەكەیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد .

 نوری مەحمود، بەرپرسی دەروازەی‌ سنوری سێمالكا تایبەت بە خەندانی راگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتوانی‌ كانتۆنی جزیرە لە رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانێكیان لە دەروازەی سنووری سێمالكا ئەنجامدا".

 وتیشی‌: "شاندێك لە سەر ناوی گەلی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی فیشخابوور بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری سێمالكا كۆبوونەتەوە ".

 بەرپرسی دەرگای سنوری سێمالكا راشیگەیاند: "داواكاری سەرەكی خۆپێشاندانی ئەمڕۆی كانتۆنی جزیرە بۆ كردنەوەی دەروازەی‌ سێمالكا بووە و بە رووی رۆژئاوای كوردستان، تائێستاش هیچ زانیارییەكمان لە سەر كوبوونەوەی ئەو شاندە لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی فیشخابوور بە دەست نەگەیشتووە". 

بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی هاوار نیوزیش، بە دەیان خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە بەرامبەر داخستنی دەروازەی سنوری سێماڵكا خۆپێشاندان ئەنجامیدان و لیژنەیەك كە لە شەش كەس پێكهاتبوون، هەوڵیاندان بچنە باشوری كوردستان بۆ گفتوگۆ لە گەڵ بەرپرسان، بەڵام بەرپرسانی پەیوەندیدار لەو ناوچەیە ئامادە نەبوون چاویان بەو لیژنەیە بكەوێت. 

غەسان روستەم ئەندامێكی ئەو لیژنەیە بە ئاژانسەكە راگەیاندووە، دەروازەكە داخراوە و ناهێڵن خوراك و كەلوپەل بێتە رۆژئاوا، بۆیە ئێمە بەردەوامدەبین لەسەر خواستەكانمان بۆ چاوپێكەوتن لە گەڵ بەرپرسان و جەختیش لەسەر جێبەجێكردنی داواكانمان دەكەینەوە. 

شەوكەت بەربوهاری بەرێوەبەری دەروازەی پیشخابور بۆ خەندان ووتی: " ئەو خۆپیشاندانەی ئەمرۆ لە دەروازەی سێمالكا كرا ئەوان كارمەدانی گومرگی سنور و بەشێك لە خەڵكی سێمالكایان هێنابوو بە زۆر بۆ ئەو خۆپیشاندانە كە هەمووی چەند كەسێك بوون، بەشێك لە خۆپیشاندەران پەیوەندیان بە ئێمەوە كرد كە ئەوان بەزۆریان هێناون بۆ ئەو سنورە".

وتیشی: "دوێنێ‌ و ئەمڕۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی رۆیشتوە بۆ رۆژئاوا ئەی بە كوێدا رۆیشتووە، بەشێك لەهێزی ئاسایشیان نیگەرانن لەو سیاسەتە هەڵەیەی ئەوان بە شێوەیەكی چەواشەكاری ئەیكەن، چیتر ئەو درۆیانەیان بۆ نارواتە سەر باخەڵكی لەوەش بكات ئەوان رەش سپی ئەكەن  و سپی رەش ئەكەن تەنها بەشێكە لە چەواشەكاری بەو هیوایەین كە خەڵكی لەو سیاسەتە دوو فاقیەی پەیەدە تێبگات" .

خەندان
به‌روار:  26/04/2016
1405   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   619
کۆی سه‌ردان:   29251563