تاجیکستان ریشی 13 هەزار ئیسلامی تاشیوە
دەوڵەتی تاجیکستان ریشی 13 هەزار ئیسلامی بەزۆر دەتاشێت و رای دەگەیەنێت ئەو کردەوەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامیی توندڕەو ئەنجام داوە و هەزار و 700 ژنی باڵاپۆشیشی ناچار کردووە جلە باڵاپۆشەکانیان فڕێ بدەن.

بەپێی راپۆرتێکی "گوناز تیڤی" ئاژانسی هەواڵی حکوومەتی تاجیکستان، پۆلیسی ئەو وڵاتە، لەم هەفتەیەدا 13هەزار هاوڵاتی گرتووە کە ریشیان درێژ بووە و بە زۆر ریشی پێ تاشیون.

وەک ئاژانسەکە ئاماژەی پێ دەدات، پۆلیسی تاجیکستان هەزار و 700ژنی ناچار کردووە جلە باڵاپۆشەکانیان فڕێ بدەن و راشی گەیاندووە، 89 ژنیان بە پەچە و باڵاپۆشەوە گرتووە کە لەشفرۆشییان کردووە.

پۆلیسی تاجیکستان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بیری توندڕەوی ئیسلامی 169 دوکانی تایبەت بە فرۆشتنی جلی باڵاپۆشیان داخستووە و مۆڵەتی کار کردنیان لە خاوەنەکان ئەستاندووەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پەرلەمانی تاجیکستان هەفتەی رابردوو یاسایەکی نوێی پەسند کردووە و بەگوێرەی یاساکە رێگە نادرێت ناوی عەرەبی لە مناڵانی ئەو وڵاتە بنرێت.

دوو مانگ لەمەوبەر حزبی نیهزەتی ئیسلامی تاجیکستان، تاکە حزبی ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتە بە بڕیاری دەوڵەت هەڵوەشایەوە و تاوانبار کران بەوەی نیازی کودەتای سیاسییان هەبووە. 
لڤین
به‌روار:  14/02/2016
1286   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   545
کۆی سه‌ردان:   29261528