ئێراق پەنابەرەکانی ئەڵمانیا وەرناگرێتەوە

عیراق گەڕانەوەی بە زۆری پەنابەران رەتدەكاتەوەو داوا لە ئەڵمانیا دەكات لەگەڵ توركیا هەماهەنگی بكات بۆ رێگریكردن لە قاچاخچیەكان.

نوسینگەی رۆژنامەوانی د. دەرباز محەمەد، لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكیان بۆ خەندان ناردووە تیایدا رایگەیەندراوە: "لە كۆبونەوەی وەفدی عیراق لەگەڵ ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، پرسی كۆچبەران ئەو هاوڵاتیانە تاوتوێكراوە كە داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەكەن".

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، "وەفدی عیراق كە د. دەرباز محەمەدیش بەشدارە تێیدا بە ئەنجیلا مێركڵیان راگەیاندووە، دەبێت مامەڵەیەكی مرۆییانە لەگەڵ ئەو كۆچبەرانە بكرێت كە داوای مافی پەنابەرێتی دەكەن و بەزۆر ناردنەوەی كۆچبەران بۆ عیراق رەتكراوەتەوە".
نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری كۆچ و كۆچبەران راشیگەیاندووە: "داوایان لە ئەڵمانیا كردووە، داواش كرا لەگەڵ توركیا هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی رێگە لە قاچاخچیەكان بگیرێت كە بازرگانی بە گیانی كۆچبەرانەوە دەكەن و هەروەها لە رووی سەربازی و مرۆییەوە هاوكاری عیراق بكرێت بۆ ئەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی كۆچبەران روو لە ئەڵمانیاو ئەوروپا نەكەن".

لەبارەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراقیشەوە، جەخت لەوە كرایەوە كە عیراق پێویستی بە ئەڵمانیایە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان سەقامگیركردنیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەڵمانیا بڕیاریدا بڕی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ قەرز بداتە عیراق.
خەندان
به‌روار:  12/02/2016
1584   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   679
کۆی سه‌ردان:   29251541