بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەتوانن دۆخی هەرێم ئاسایی بکەنەوە
بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - پاراستن ڕایگەیاند، هەریەک لە مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەتوانن دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ئاسایی بکەنەوە.
نەزهەت حالی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - پاراستن لە نووسینێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە وتوویەتی "به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كه ئەرکی ڕێبه‌رایه‌تی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانی باشووری له‌سه‌ر شانه و به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا کە خەباتکەرێکی ناسراوی بزاڤی شۆڕشگێری کوردستانە، ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه بەدڵنیایەوە ئەو دوو کاراکتەرە سیاسییه‌ن كه ده‌توانن دۆخه‌كه زۆر به ئاسانی ئاسایی بكه‌نه‌وه، پێكه‌وه‌ش ده‌توانن وه‌كو سەردەمی سەرهەڵدانی ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه كوردستانییه‌كان له یه‌ك به‌ره‌ی نیشتیمانیدا کۆببنەوە بۆ شادبوون و گەیاندنی گه‌لی كوردستان به دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆ."
ئەوەشی نووسیوە، ململانێی ئێستای نێوان پارتی و گۆڕان له ڕووی قه‌باره‌ی زیانی گیانی و ماددییەوە بەراورد ناکرێت بە ناکۆکی نێوان پارتی و یه‌کێتی یا خود "جه‌لالی و مه‌لایی" لە شەستەکانی سەدەی ڕابروودا، لەگەڵ ئەوەشدا "بەرژەوەندی نیشتیمانی وایکرد هەردوولایان سازش بۆ یەکتری بکەن و ڕێکبکەونەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، به‌رده‌وامیدان به‌و سه‌نگه‌ر به‌ندییه توند و زیانبه‌خشه‌ی ئێستای نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان زیانی نه‌ته‌وه‌ی زۆر گه‌وره‌تری ده‌بێت له‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕووی داوه.
نەزهەت حالی نووسیویشیەتی "هێرشی نابەرپرسانە و مەترسیدارانەی لایەنە سیاسییەکان لە ڕاگەیەندنەکانەوە دژی یەکتری كه‌شێكی سایكۆلۆژی زۆر خراپ و مه‌ترسیداری دروست كردووه و به‌داخه‌وه متمانه‌ی هاونیشتمانیانی به پرسی نه‌ته‌وه‌یش لاواز كردووه."
ئەوەشی وتووە "پێموایە ئێستاش هه‌موو ده‌رگاكان دانه‌خراون، هێڵی سور نابێت له‌نێوان ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا هه‌بێت، به‌ڵكو پێویستە وەکو کورد هێڵی سور به ده‌وری یه‌كڕیزی و ته‌بایی بەرەکانی ناوخۆیی دا بكێشین، بۆئه‌وه‌ی ڕێگا نه‌درێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌و چوارچێوه‌یه ده‌ربچێت و هیچ ده‌ستێكی بێگانه‌ش نێو ماڵی كوردی دووبارە تێك بدات."
لەدوای دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان گرژی تێکەوت، هەروەها ئەوەش بارودۆخی هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، هەرچەندە هەندێک لە لەلایەنەکانی تر هەوڵی نێوەندگیرییان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان داوە و داوای کۆبوونەوەی لایەنەکانیان کردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان مەرجی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی بەستووەتەوە بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانییەوە.
نالیا
به‌روار: 12/02/2016
643 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|