بارزانی بڕیاری "چاكسازیی ریشەیی" لەنێو پارتیدا دا


مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا "چاكسازیی ریشەیی" لەنێو پارتیدا بكرێت و داوا دەکات: "پێداچوونەوە بە موڵك و ماڵی بەرپرسان و كەسانی سەر بە پارتی یان ئەوانەی لەژێر سێبەری پارتیدا كاریان كردووە بکرێت و هەروەها هەر ئۆرگان و دەزگایەكی پارتی كە بە شێوەیەكی ناشەرعی و لەڕێگەی بەكارهێنانی پۆستی حیزبی موڵك و سامانیان بەدەستهێناوە و گێڕانەوەی ئەو موڵكانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان"

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای پەیامەكەدا ئاماژەی بە هۆكاری بڕیارەكان كردووە و رایگەیاندووە "لەپێناو رێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕیی و داراییی پارتی و لەپێناو شەفافیەت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی، ئەو بڕیارانە دەكراون".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە بەوەی کە: "پێویستە رێژەیەك لە سوودی ئەو كۆمپانیا و كەسانەی كە لەژێر سێبەر و دەستەڵاتی پارتیدا بەشێوەیەكی یاسایی كاریان كردووە و سەركەوتوو بوونە، بۆ حیزب تەرخان بكرێت و بۆ زیادكردنی داهاتی حیزب میكانیزمێكیشی بۆ دەستنیشان بكرێت كە بەشێوەیەكی راشكاوانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن".

رۆژی پێنجشەممە 10-2-2016 مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند بڕیارێكی چاكسازی راگەیاند.

دەقی بڕیارەكانی بارزانی:

پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی تەمەنی پڕشنگداری خۆی لە خەبات و قوربانیدان و ئازادیخوازیدا پێشەنگ بووە و ئێستایش پێویستە لەهەر هەنگاوێكدا پێشەنگ و دەستپێشخەر بێت كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكات. 

بۆیە لەپێناو بەدیهێنان و پتەوكردنی دادپەروەری و شەفافیەت و چاكسازی لە كوردستاندا پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێ پێشەنگ و نموونە بێت و بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێ لەناو پارتی و لەناو ماڵی خۆمان دەست پێ بكەین.

لەبەر ئەوەیش بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و دارایی پارتی و لەپێناو شەفافیەت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی بڕیارماندا بە:
ا. ئەنجامدانی چاكسازیی ڕیشەیی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. پێداچوونەوە بە موڵك و ماڵی بەرپرسان و كەسانی سەر بە پارتی یان ئەوانەی لەژێر سێبەری پارتیدا كاریان كردووە و هەروەها هەر ئۆرگان و دەزگەیەكی پارتی كە بە شێوەیەكی ناشەرعی و لەڕێگەی بەكارهێنانی پۆستی حزبی موڵك و سامانیان بەدەست هێناوە و گێڕانەوەی ئەو موڵكانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

2. پێداچوونەوە بە گشت كۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەكانی سەر بە ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان یان سەر بە بەرپرسانی حزبی یان كەسانێك كە لەژێر سێیەری پارتیدا كاریان كردووە، ئەویش لەپێناو دیاریكردنی سەرمایەی كۆمپانیاكان و داهاتەكەیان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنیان و گێڕانەوەی گشت داهاتی ئەو كۆمپانیانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

3. پێداچوونەوە بە گشت زەویوزار و موڵكی حكوومەت كە بە شێوەی (گرێبەستی كشتوكاڵی) یان (گرێبەستی موساتەحە) یان بە (وەبەرهێنان) یان (موڵك) یان بە هەر شێوەیەكی تر وەرگیرابێت لە لایەن هەر بەرپرسێك یان كەسانێك كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەویش بۆ وەرگرتنی ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كەسانە و گێڕانەوەیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

4. بەشێك لەو موڵك و داراییەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەپێی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەرژەوەندیی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە بەكار دێت.

5. پێداچوونەوە بە دەزگەی وەبەرهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی دەزگاكە و داهات و سەرمایەكەی بەشێوەیەكی گونجاو ئەویش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی سەرمایەی پارتی لەسەر بنەمایەكی شەفاف و گونجاو بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان.

6. پێویستە ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كۆمپانیا و كەسانەیش كە لەژێر سێبەر و دەستەڵاتی پارتیدا بەشێوەیەكی یاسایی كاریان كردووە و سەركەوتوو بوونە، بۆ حزب تەرخان بكرێت و بۆ زیادكردنی داهاتی حزب میكانیزمێكیش بۆ دەستنیشان بكرێت كە بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن.

7. پێكهێنانی دامەزراوەیەكی دارایی بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی ئەو موڵك و داراییانەی لەسەر بنەمای خاڵەكانی ئەو بڕیارە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە.

ب. لەپێناو جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەم بڕیارە لیژنەیەكی تایبەت لەلایەن سەرۆكی پارتی پێكدەهێندرێت و لیژنەكە میكانیزمی كاركردنی دەبێت و ڕاپۆرت و ئەنجامی كارەكانی بۆ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز دەكاتەوە.
 
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
10/2/2016
ڕووداو
به‌روار:  11/02/2016
647   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   476
کۆی سه‌ردان:   29219383