ئاری هه‌رسین مووچه وه‌رناگرێ تا كۆتایی قەیرانەکە
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌تیكرده‌وه مووچه‌ی مانگانه وه‌ربگرێت تا ئه‌م قه‌یرانه كۆتایی دێت، داواش له هه‌موو سیاسه‌توانان و به‌رپرسان ده‌كات، مووچه وه‌رنه‌گرن و هه‌ست به ئازار و كێشه و گرفتی هاوڵاتیان بكه‌ن.
ئاری هه‌رسین، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان به خه‌ندانی راگه‌یاند: "به‌بڕوای ئێمه، هه‌موو كه‌سێكی مه‌بده‌ئی و نیشتیمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز كه سیاسه‌ت ده‌كات، له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری میلله‌ته‌كه‌ی ده‌یكات، له‌خۆشیدا له‌گه‌ڵیدایه‌تی و له ناخۆشیدا به هه‌مان شێوه‌یه و به‌جێی ناهێڵێت، بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی سیاسه‌توانن و خۆیان به مه‌بده‌ئی و نیشتیمانپه‌روه‌ر ده‌زانن، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازاری میلله‌ته‌كه‌یان بن و له مووچه‌كانیان خۆشببن".
ئاری هه‌رسین وتیشی: "خۆم له‌پێش هه‌موانه‌وه، له‌م مانگه‌وه مووچه وه‌رناگرم تا ئه‌م قه‌یرانه كۆتایی دێت"، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه ئه‌و هه‌نگاوه موزایه‌ده كردن بێت به‌سه‌ر كه‌سه‌وه، ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی زۆرێك له فراكسیۆن و به‌رپرسان و سیاسه‌توانان كرده‌وه بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی.
به‌وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه، ئه‌و داواكارییه‌ی کردووە بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان و پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان كه مووچه‌ی مانگانه‌یان بۆ بڕدراوه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانی پێشمه‌رگه‌ش، ئاری هه‌رسین وتی: "به‌لامه‌وه سه‌یره پێشمه‌رگه خۆپیشاندان بۆ مووچه بكات، چونكه پێشمه‌رگه مووچه‌ی مانگێكی زیاتر له فه‌رمانبه‌رانی تر وه‌رگرتووه و بڕیاریشدراوه له كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌دا پێشمه‌رگه به‌ده‌ربكرێت.
به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان كه هه‌رێمی كورستان به‌ڕێژه‌ی زیاتر له 90% پشت به داهاته‌كانی ده‌به‌ستێت، ته‌نگژه‌یه‌كی دارایی له هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ته‌ئارا و زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌زگا حكومییه‌كان، بۆ زیاتر له چوار مانگ ده‌چێت مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه.
خەندان
بهروار: 09/02/2016
482 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|