ئەردۆغان دەڵێ کۆچبەرەکان بە پاس دەنێرین بۆ ئەوروپا


ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرا دەبێت، کە تێیدا ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکات، هەرکاتێک وڵاتەکەی بیەوێت کۆچبەران سواری پاس دەکات و دەیاننێرێت بۆ بولگاریا و یۆنان، بەرپرسانی ئەوروپاش دانبەوەدا دەنێن کە لەلایەن ئەردۆغانەوە فریو دراون.

ماڵپەڕی یۆرۆتودای یۆنانی رایگەیاندووە، بەڵگەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، دۆناڵد توسک سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا و یان کلاود یانکەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپای دەستکەوتووە کە لە میانەی لوتکەی G20دا لە 16-11-2016 ئەنجامیانداوە و بڵاویکردەوە، بەڵام باسی لە شێوازی دەستکەوتنی بەڵگەکە نەکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئەردۆغان بە دوو بەرپرسە ئەوروپییەکەی راگەیاندووە کە "ئەگەر دوو ساڵ جارێک 3 ملیار یۆرۆ دەدەن بە تورکیا با هەر لە سەرەتاوە کۆتایی بە قسەکانمان بهێنین" و لە بەرانبەردا دوو بەرپرسە ئەوروپییەکە بەڵێنیانداوە ساڵانە ئەو بڕە پارە بۆ تورکیا تەرخان بکەن و یانکەر گوتویەتی: "تکایە لەبیرتان بێت کە راپۆرتی تورکیامان بۆ دوای هەڵبژاردنەکە دواخست و بەو هۆیەوە رەخنەشمان لێگیرا. لەگەڵ دۆناڵد ناتوانین زیاتر لەسەر ئەو بڕەپارەیە کار بکەین، دەبێت هەرچی زووە رایبگەیەنین."

کە یانکەر باسی پارەی هێناوەتە ئاراوە، ئەردۆغان گوتویەتی: "پێویستمان بە پارەی ئەوروپا نییە. هەرکاتێک بمانەوێت سنووری یۆنان و بولگاریا دەکەینەوە و کۆچبەرەکان سواری پاس دەکەین و رەوانەی ئەوروپایان دەکەین. ئەگەر دوو ساڵ جارێک 3 ملیار یۆرۆ دەنێرن، پێویست بە بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکە ناکات. لە قەیرانی دارایی ئەوروپادا، یۆنان 400 ملیار یۆرۆی وەرگرت، ئەگەر بڕێک لەوپارە دابین بکەن، دەتوانین لە سووریا ناوچەیەکی ئارام دروست بکەین، ئیتر قەیرانی کۆچبەریش نابێت."

لەبارەی راپۆرتەکەی یەکێتی ئەوروپاوە کە تێیدا رەخنە لە تورکیا گیرابوو، ئەردۆغان بە توڕەییەوە بە بەرپرسە ئەوروپییەکانی گوتووە: "کێ راپۆرتەکەی ئامادە کرد؟ چۆن راپۆرتێکی وەها بڵاو دەکەنەوە؟ ئەمە راستی تورکیا نییە، بۆ باسکردنی راستی تورکیا نەهاتن لە من بپرسن." لە بەرانبەردا یانکەر گوتی: "ئەگەر وا نییە بۆچی درەنگ بڵاومانکردەوە و خۆمان خستە بەر رەخنە؟ وامزانی دەتانەوێت لەگەڵ ئەوروپا رێکبکەون، خۆم وەک فریودراو دەبینم."

مشتومڕی نێوان ئەردۆغان و ئەو دوو بەرپرسە لەبارەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا درێژەی کێشاوە و ئەردۆغان گوتویەتی: "ئەم پارە بۆ تورکیا نییە بۆ کۆچبەرانە. لە کاتی تاوتوێکردنی ئەندامێتی تورکیادا ئەم بابەتە بەکاردەهێنن، 53 ساڵە چاوەڕێین، پێمان رادەبوێرن." 

یانکەریش رایگەیاندووە: "لەو 53ساڵەدا تورکیا نەیتوانیوە دیموکراتییەکی نمونەیی پیشان بدات."

یانکەر داوای لە ئەردۆغان کردووە کە لەماوەی 15رۆژدا چارەسەرێک بۆ قەیرانی کۆچبەری بدۆزنەوە و پێی گوتووە: "لەم لووتکەیەدا هەر 28 وڵاتەکەی ئەوروپا بەشداریمانکردووە لەگەڵ تورکیا، ئەوروپا ئەمە بۆ هیچ وڵاتێک ناکات. لە برۆکسلیش وەک پاشا پێشوازیمان لێکردیت." 

ئەردۆغانیش پێی گوتوون: "وەک پاشا؟ ئێ وایە خۆ من سەرکردەی وڵاتانی جیهانی سێیەم نیم. بۆ بەشداریشتان، منیش بوایەم هەروام دەکرد. بەڵام روبەڕوو سوکایەتیم پێمەکەن. بە بڕوای من ئەوروپا تورکیای ناوێت، کەوایە ئەمە بە روونی رابگەیێنن با ئێمەش ئیسراحەت بکەین."
ڕووداو
به‌روار:  09/02/2016
1929   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   941
کۆی سه‌ردان:   29264260