وەزیری بودجەی فەرەنسا دادگایى دەکرێت.

ژیرۆم کایڤ ژاک وەزیریى پێشووى وەزارەتى بودجەى فەڕەنسا بەهۆى بوونى ژمارە بانکییەوە لە دەرەوەى فەڕەنسا، بۆ خۆ دزینەوە لە دانى باج دادگایى دەکرێت.

ئەمڕۆ ٨ى شوباتى ٢٠١٦ دادگاى شارى پاریس بڕیاریداوە ژیرۆم کایڤ ژاک وەزیرى پێشووى وەزارەتى بودجەى فەڕەنسا بانگهێشت بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەربارەى شاردنەوەى ئەو ژمارە بانکییانە، کە لە بانکەکانى دەرەوەى فەڕەنسادا هەیبووە.

ئاژانسى هەواڵى فەڕەنسا بڵاویکردووەتەوە، ئەو وەزیرەى حکومەتى فەڕەنسا بەهۆى شاردنەوەى ژمارە بانکییەکانییەوە لە دەرەوەى فەڕەنسا دادگایى دەکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژیرۆم کایڤ ژاک لە سەرەتاى مانگى ئازارى ٢٠١٣دا بە تۆمەتى ساغکردنەوەى پارە و شاردنەوەى ژمارە بانکییەکانى لە دەرەوەى فەڕەنسا ناچار بووە دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لێکۆڵینەوەکانى دادگا لە دۆسیەى گەندەڵیى ئەو وەزیرە لە ئەمڕۆوە دەستپى پێکردووە و دەبێت تاوەکو ڕۆژى ١٨ى شوباتى ٢٠١٦ وەڵامى هەموو ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە ڕووبەرووى دەکرێتەوە.

ماڵپەڕى مەدیا پارت لە ساڵى ٢٠١٢ ڕاپۆرتێکى لەسەر ژمارە بانکییەکانى ژیرۆم کایڤ ژاک بڵاوکردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەکرابوو، کە ئەو وەزیرەى حکومەتى فەڕەنسا ژمارە بانکیى شاراوەى لە سویسرا و سەنگافورەدا هەیە. سەرەتا ژیرۆم کایڤ ژاک هەوڵیدابوو نکۆڵى بوونى ژمارە بانکییە نهێنییەکانى بکات، بەڵام لە کانوونى دووەمى ٢٠١٣دا و لە دواى لێکۆڵینەوەکانى دەزگاى دادوەرى فەڕەنسا ئەو تۆمەتانە لەبارەى بوونى ژمارە بانکیى نهێنى لە دەرەوەى فەڕەنسا سەلمێنران.

سەلماندنى ئەو تۆمەتانە بەرامبەر بە وەزیرى پێشووى بودجەى فەڕەنسا دەبێتە هۆى ئەوە ئەو وەزیرە سزاى حەوت ساڵ زیندانیکردن و سزاى دارایى دوو ملیۆن یورۆى بەسەردا بسەپێنرێت.

دۆسیەى گەندەڵیى ژیرۆم کایڤ ژاک یەکێکە لە گرنگترین بابەتە سیاسى و دادوەرییەکانى سەردەمى سەرۆکایەتیى کۆمارى فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆمارى ئێستاى فەڕەنسا.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژى ٣٠ى کانوونى دووەمى ٢٠١٦ دەزگاى دادوەریى فەڕەنسا بە تۆمەتى بە تۆمەتى ساختەکارى و دروستکردنى بەڵگەى ناڕاست بۆ قومارخانەیەک و سەرپێچیى دارایى و خراپ بەکارهێنانى دارایى گشتى لێکۆڵینەوەى لەگەڵ تۆما فابیۆسى تەمەن ٣٤ ساڵ و کوڕى لۆران فابیۆسى وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا کرد.

ر.م
نالیا
به‌روار:  09/02/2016
779   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   547
کۆی سه‌ردان:   29229559