بریتی پارتی بۆ یەكێتی، هەر یەكێتییە
(فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی كۆتایی هەفتەی "كوردستان تیڤی" ڕایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی لە بەڕێوەبردنی پەرلەماندا سەركەوتوو بێت. دەشڵێت، بریتی ئێمە بۆ یەكێتی، هەر یەكێتییە. بە پێویستیشی دەزانێت، لایەنە سیاسییەكان ناكۆكییە لاوەكییەكان وەلاوە بنێن.

(فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی رەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە رایگەیاند، پێویستە هێزە سیاسییەكان بە یەكەوە دابنیشن و شیكردنەوەیەكی هاوبەش و یەك گوتاریان هەبێت بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەدا روو دەدەن. ئاماژەیشی بەوە دا كە، ‌پێویستە جیاوازییە لاوەكیەكان وەلاوە بنێن و دیراسەی بارودۆخەكە بكەن، هەروەها تیروانینی هاوبەشیان بەرانبەر ئەو دۆخە هەبێت كە لە ناوچەكەدا دێتە پێشەوە.

(میرانی) پێوەست بە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتییش دەڵێت: "دانیشتنەكانی پارتی و یەكێتی ئەجێندایەكی فراوانە و ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوانەیش، نیشانەی هەستكردن بە بەرپرسیارەتییە و هەردوولایشمان كۆكین لەسەر ئەوەی لە كۆبوونەوەكان بەردەوام بین تا دەگەینە هەڵوێستێكی هاوبەش، بۆ ئەوەی ئەمنییەتی كوردستان بپارێزین و تا دە ساڵی دیكەیش‌ پێویستمان بە یەكتر هەیە و لە پێشتر و لە ئێستایشدا بریتی یەكێتی بۆ پارتی، هەر یەكێتییە".

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی روون كردەوە كە، پارتی و یەكێتی ناتوانن بە بێ یەكتری حكوومەت بەڕێوە ببەن، ئەوەیش بەو مانایە نییە كە لایەنەكانی دیكە پەراوێز دەخەن.

(میرانی) لەبارەی ئەدای (یوسف محەممەد) لە راییكردنی كارەكانی پەرلەمان ئاماژەی دا، سەرۆكایەتیی پەرلەمان و بە تایبەت سەرۆكی پەرلەمان، سەركەوتوو نەبوو لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و نەیتوانی ململانێی سیاسی لە پەرلەمان دوور بخاتەوە، هەر بۆیەیشە كە پێویستە سەرۆكی پەرلەمان بە شێوەیەكی یاسایی بگۆڕدرێت.

گوتیشی: "بە دیتی من، گۆڕان ئەو چانسەی نییە سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە".
سایتی پارتی
به‌روار:  28/11/2015
863   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   503
کۆی سه‌ردان:   29250075