قاسم سولەیمانی فڕۆكەوانە ڕوسیەكەی ڕزگاركرد


ئاژانسەكانی هەواڵی ڕوسیا بڵاویانكردەوە، كە قاسم سولەیمانی ؛فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێران؛ شەرەفی ڕزگاركردنی فڕۆكەوانە ڕوسیەكەی پێ‌ بڕاوە، جەختیشدەكەنەوە، كە یەكەیەكی تایبەتی لە حزبوڵا و هێزی تایبەتی سوریا بەشداری لە پڕۆسەی ڕزگاركردنەكەدا كردووە.

ئاژانسی هەواڵی (سبۆتنیك)ی ڕوسی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، كە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە ڕوسیەكە لەلایەن توركیاوە، لیوا قاسم سولەیمانی ؛فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران؛ پەیوەندی بە حكومەتی ڕوسیاوە كردووە و پێی ڕاگەیاندوون، كە یەكەیەكی تایبەتی لە حزبوڵای لوبنانی و هێزی تایبەتی سوری پێكهێناوە و هەوڵی ڕزگاركردنی فڕۆكەوانە ڕوسیەكە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سولەیمانی داوای لە لایەنی ڕوسی كردووە، لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و زانیاری مانگە دەستكردەكانەوە یارمەتیان بدرێت بۆ ڕزگاركردنی ئەو فڕۆكەوانە ڕوسیە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كردووە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئامێری چاودێریكردنی مانگە دەستكردەكانەوە شوێنی فڕۆكەوانە ڕوسیەكە دیاری كراوە، ئەوە ڕوونبۆتەوە، كە فڕۆكەوانە ڕوسیەكە لە شوێنێكە، كە 6 كیلۆمەتر دەكەوێتە دواوەی بەرەی شەڕی نێوان سوپای سوریا و ئۆپۆزسیۆن.

ئەو سەرچاوە باڵایە بۆ ئاژانسەكە ڕوونیشی كردۆتەوە، كە 6 چەكداری یەكەیەكی تایبەتی حزبوڵای لوبنانی و 18 سەربازی یەكەی تایبەتی سوپای سوریا لە هێڵی شەڕ نزیك بوونەتەوە و بە هەماهەنگی بۆردومانی ئاسمانی ڕوسیا توانیویانە ناوچەكە پاكبكەنەوە و فڕۆكەوانەكە ڕزگار بكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو یەكەیەی كارەكەی ئەنجامداوە لە 24 سەرباز پێكهاتوون و لە ئێستادا بە بێ‌ زیان گەڕاونەتەوە بارەگای خۆیان و هیچ بریندارێكیشیان نەبووە.
خەڵک
به‌روار:  27/11/2015
1701   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   580
کۆی سه‌ردان:   29251601