ڕونکردنەوەی پەرلەمانی بەلجیکا سەبارەت بە شاندەکەی پێشمەرگە بۆ ئەو وڵاتە


دەقی نامەی ڕێکخراوی کوردستان فۆروم بۆ پەرلەمانتارانی بەلجیکا و سێناتۆرەکان

نامەیەکی کراوە بۆ پەرلەمانتارانی بەلجیکا و سێناتۆرەکان

پەرلەمانتاران خۆتان دامەبەزێنن بۆ ئاستی پیاوکوژ و تاوانباران

کۆتایی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ شاندێك بە بەرگی پێشمەرگەوە وەکو نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە هاتنە برۆکسل. لە ڕاستیدا سەرۆکی شاندەکە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ناسراوە بە کەسێکی پیاوکوژ و لۆردی شەڕ. کەسی دوهەم سیروان بارزانی بازرگانێکە و تەنها لە ڕێگای پەیوەندی بنەماڵەییەوە بە پلە سەربازیەکانی گەیشتووە.

زۆر بەداخەوە بۆ کوردە دیموکراتخوازەکان ، ئەم جۆرە کەسە نەخوازراوانە لە لایەن ژمارەیەك سێناتۆر و ئەندامانی پەرلەمانی بەلجیکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا میوانداری بکرێن. واپێدەچێت پێشوازیکەران ئاگادارنەکرابن لە چ هەلومەرجێکدا ئەم شاندە پێکهێنراوە و لە کێ پێکهاتووە. 

ڕەخنە بە پلەی یەکەم ئاراستەی پێشوازی کەران ناکرێت بەڵکو ئاراستەی ئەو کەس و دەزگایانە دەکرێت کە ئەم سەردانەیان ڕێکخستووە. ئەوانە سەرباری ئەوەی کە زۆر باش ئاگادارن کە کەسانی ئەو شاندە چ جۆرە خەڵکانێکن، بەڵام ڕێگایان بەخۆیان داوە نوێنەرانی گەلانی بەلجیکا لەگەڵ پیاوکوژ و تاوانباران لە دەوری هەمان مێز کۆبکەنەوە.

گوایە ئەم شاندە بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە هاتووە، ئەوەش لە سەردەمێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پدك) لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و شەرعی سەرۆکی پەرلەمان و پێنج وەزیر، کە هەمویان سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بون بە زەبری چەك و هێز لەسەر کاری لابردن و ڕێگیریان لێ کرا بگەڕێنەوە پایتەختی هەرێم. ئەوانیش لە ناچاریدا پەنایان بردە بەر ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (ینك) کە ناسراوە بە زۆنەی سەوز. یەکێك لەو وەزیرانە مستەفا سەید قادر بو وەزیری فەرمی و شەرعی پێشمەرگە، ئەو کەسەی کە دەبوایە شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ ئەوروپا ڕابەری بکردایە. هەر ئەوەش هۆکارەکە شاندی ناوبراو هیچ مافێکی یاسایی و شەرعی ئەو نوێنەرایەتی کردنەی وەزارەتی پیشمەرگەیان نەبێت و سەرانی ئەو شاندە هەر خۆشیان بەشێك بون لەو کودەتایە.

 سەرۆکی شاندەکە شێخ جەعفەر قەرەداخی، هیچ پەیوەندیەکی فەرمی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نیە و بەرپرسی هێزە میلیشیاییەکانی (ینك)ە، کە ناسراوە بە (هێزەکانی حەفتا). شێخ جەعفەر کوڕی پیاوێکی ئایینی خاوەن نفوزە لە ناوچەی قەرەداخ، کە چەندین دێ بەخۆوە دەگرێت. لە ڕێگای بەشداری شێخ جەعفەر وەکو فەرماندەیەکی سەربازی لە ناو (ینك) دا توانیویەتی نفوزی ئایینی بنەماڵەکەی وەرچەرخێنێت بۆ دەسەڵاتێکی دونیاوی و کرداری و وەکو لۆردێکی جەنگ خۆی سەپاندووە. خۆی و براکانی، بەتایبەتی شێخ دلێری برای و کەسە نزیکەکانی مافی ئەوە بە خۆیان دەدەن دەسبخەنە سەرجەم کاروبارێکی سیاسی و سەربازی و فەرمانبەری و تەنانەت تایبەتی دانیشتوانی ناوچەی قەرەداخ . تەواوی کوڕ و کچەکانی ئەو بنەمالەیە ناڕەوا لە پۆستە سیاسی و سەربازی و تەنانەت پەرلەمانتاریەکاندا دانراون. شێخ جەعفەر ناسراوە بە کەسێکی دڕندە و لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان زۆر تاوانی گەورەی بەوپەڕی دڕەندەیی و ئاشکراو  بێئابڕوانە ئەنجام داوە. وەکو تۆڵە کردنەوە لە کوشتنی خوالێخۆشبو شێخ حەسەنی برای، دو لاو کە بەشداربون لە شەرەتەقەکان دا لە دێی ( شیوی قازی) بەدەستی خۆی دەکوژێت و بۆ ڕۆژێکی تەواو لاشەکەیان بە تراکتۆر بە ناوچەکەدا ڕادەکێشێت بۆ چاوترساندنی خەڵکی. 

کەسی دوهەمی شاندەکە ، سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی. فەرماندەی میحوەری (گوێر)ە  دژ بە داعش. هیچ مافێکی یاسایی و شەرعی نیە کە هەمیشە نوێنەرایەتی هێزە سەربازیەکانی هەرێمی کوردستان بکات. بە تایبەتی کە پلە سەربازیەکانی وەکو زۆر لە ئەندامانی تری بنەماڵەکەی تەنها و تەنها لەسەر بنەمای بنەماڵەیی وەرگرتووە. هیچ ڕابردویەکی سەربازی نیە ( نە تاقیکردنەوەی کرداری نە پەروەردە و ئەکادیمیای سەربازی).

سیروان بارزانی شتێك نیە جگە لە  بازرگانێك. خاوەندی کۆمپانیای کۆڕەك تێلەکۆمە. ئەم کۆمپانیایە دەستی بەسەر تەواوی تۆرە پەیوەندیە تەلەفۆنی و ئەلەکترۆنیەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (پدك) دا گرتووە. سەرمایەی ئەو کۆمپانیایە بە چەندین ملیارد دۆلار مەزەندە دەکرێت. چەند مانگێك لەوەو بەر سیروان بارزانی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە وخێزانی پێشمەرگە یەك ملیۆن دۆلاری تەنها بۆ خۆدەرخستن پێشکەش کرد. لە پرنسیپدا خێزانی پێشمەرگە دەبوایە لە لایەن سیستەمێکی فەرمانبەری ڕێکخراوەوە هاوکاری بەردەوام بکرێن نەك خێر و سەدەقە و بۆ شاردنەوەی حوکمڕانی خراپ و تێکەڵکردنی بەرژەوەندیەکان و شیرینکردنی پیاوانی تێکەڵەی سیاسەت و بازرگانی.  

سیروان بارزانی بەهۆی نەبونی شارەزایی و تاقیکردنەوەی لەبواری سەربازی زۆر خاڵی لاوازی داوەتە دەست داعش. لە ناوەندی کانونی دوهەمی ئەمساڵ گروپێکی داعش توانیان خۆیان بخزێننە ناوچەکانی ژێر فەرمانبەری ئەوەوە و بە چەکی بێدەنگ زیاتر لە سی (٣٠) پێشمەرگە شەهید بکەن و سیروان بارزانیش ڕاوبنێن. لە دوانێکی تەلە فیزیۆنی، سیروان بارزانی دان بە هەڵاتنەکەیدا دەنێت و وەکو ئاسایی ترین شتی دونیا تێی دەڕوانێت. ئەنجامی ئەوەش لە ناو خەڵکی کوردستان و میدیا کۆمەڵایەتیەکان نازناوی (سیروان ماراتۆن) و (سیروان مامز)ی بەسەردا دابڕاوە. لەبری ئەوەی ناوبراو بۆ لێپێچینەوە ببرێتە بەردەم دادگای سەربازی، وەك ئەوەی زۆرکەس و لایەن داواکاری ئەوەن، مەسعود بارزانی و سەرانی (پدك) بۆ ئابڕو بۆ کڕینەوەی بەردەوام لەگەڵ شاندەکانی پێشمەرگەدا دەینێرن بۆ ئەوروپا. ناوبراو چەند مانگێك لەوە و بەر بۆ کۆشکی ئێلیزێ نێردراو ئێستاش بۆ برۆکسل بە مەبەستی نمایشکردنی وەکو پاڵەوانێك بەرامبەر تێرۆریستانی داعش.  

پشتیوانی پێشمەرگە و گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان لە لایەن بەلجیکا و سیاسەتمەدارانی نێونەتەوەیی و دەزگاکانیان جێگای خۆشحاڵی تەوای نیشتیمان پەروەرانی کوردە. تەوای گەلی کورد زۆر سوپاسگوزارن و بەرز دەینرخێن. بەڵام ئەم پشتیوانیە تەنها بەس نیە ئەگەر هاوڕا نەبێت لەگەڵ گوشار بۆ سەر دەسەڵاتدارانی کورد کە بنەماکانی دیموکراتی ڕێزلێبگرن، بە تایبەتی لە بوارەکانی گۆڕینەوەی دەسەڵات بە شێوازی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافە گەردونیەکانی مرۆڤ و مافی ڕا دەربڕین و ... هتد

پاش سەد ساڵ لە خەبات دژی کۆڵۆنیالیزم و داگیرکەرانی ناوچەیی، هەزاران قوربانی و چەندین ژێنۆسید، پاش خەباتی چەکدارانە و ڕاپەڕینی جەماوەری، گەلی کورد شایانی ئەوەن کە لە سەرخاکی خۆیان خاوەند ماڵی خۆیان بن و خاوەندی سیستەمێکی سیاسی بن کە جێگای شانازیان بێت. خەڵکی کوردستان شایستەی ئەوەن خاوەندی حوکمڕانیەك بن کە ببێتە نمونەیەکی زیند و بۆ دیموکراسی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا. بەلایەنی کەمەوە شایانی ئەوەن کە شاند و نوێنەرانیان لە ناو خەڵکەوە پەسەندکراو بێت و ڕەنگدانەوەی حوکمداریەکی شایستە بن. لەبری ئەوانەی کە مۆرکی پیاوکوژی و گەندەڵی و بنەماڵەیی لۆردانی جەنگیان بە ناوچەوانەوە بێت. بەداخەوە کە ئەوانە  لە برۆکسلی پایتەختی ئەوروپا و لە پاریسی شاری لەدایكبونی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ نوینەرایەتی پێشمەرگە دەکەن.

ئێمە هیوادارین لەمەوبەر ئەندامانی پەرلەمان و سێناتۆرەکان لە بەلجیکا و پەرلەمنتارانی ئەوروپا هۆشیار بن لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە دیدارانە. بۆ میوانداری ئەو جۆرە شاندانە زانیاری پێویست لە سەرچاوە بێلایەنەکان وەربگرن لەبری وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمیەکان و گوێلێگریان. پێویستە بەئاگابن لە مامەڵەیان لەگەڵ کەسان و دەزگاکانی پارتە سیاسیەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و نەیانخەنە بارێکی پڕ لە شەرمەزاریەوە.

دەقی رونکردنەوەی  فراکسیۆنی (هاوپەیمانی نوێی فڵامی) NV-A لە پەرلەمانی بەلجیکا

بەڕێزانی ڕێکخراوی کوردستا فۆڕوم

 سوپاسمان بۆ پەیوەندیتان و بەتەنگەوە هاتنتان

سەردانی ئەوم شاندە بۆ پەرلەمان ئەنجامی ئەو سەردانە بو کە چەند سێناتۆرێك بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە ئێراق بە ئەنجام گەیاند.

 سێناتۆرەکان لە لایەن خۆیانەوە نوێنەرانی پێشمەرگەیان بانگهێشت کردبو.

دوائەنجام ئەوان لەلایەن کۆمیتەی پەرلەمان بۆ کاروباری بەرگری میوانداری کران کە تیایدا سێناتۆرەکانیش بەرشدار بون.

میوانداری کردنی ئەو شاندە لە لایەن پەرلەمانەوە بەو مەبەستە بووە کە پشتیوانیمان بەرامبەر پێشمەرگە و گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان نیشان بدەین.

ئێمە بەتەنگەوەهاتنتان سەبارەت بەو مەسەلەیە بە گرنگی پێدانەوە وەردەگرین و سوپاستان دەکەین بۆ ئەو زانیاریانەی کە بە ئێمەتان گەیاندووە. 

ڕێز و سڵاومان لەگەڵ

بە ناوی فراکسیۆنی هاوپەیمانی نوێی فڵامی

 مریەم کار

ئەندامی فراکسیۆن لە کاروباری دەرەوەی هاوپەیمانی نوێی فڵامی  

ماڵی پەرلەمانتاران

شەقامی لۆڤن ژمارە ٢١

نوسینگەی ژمارە ...

ژمارەی تەلەفۆن ...

 

 

 
به‌روار:  27/11/2015
849   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   829
کۆی سه‌ردان:   29234895