بؤ جهلالهدین رومی
مەولانا جەلالەددین محەمەد
{بەلخی} {رومی}
جلالالدین محمد بلخى
جلالالدین محمد رومی
30 September 1207 – 17 December 127
گەورەم مەولانا
پێم بڵێ ماڵی خودا
لە کوێ یە
هەتا پرسیاری
عیشقی مردنی لێ بکەم
دوێنێ بوو
لە [ترجمان الاشواق]ی
[ابن العربی]م
پرسیار کرد
گووتی بڕۆ
لە مثنوی مەولانا جەلالەددین رومی
بپرسە
بە سەمای دەنگی بلوێرەکەی
وەڵامت دەداتەوە
کەچی تۆ بێدەنگ
بەرامبەرم دانیشتووی
هیچ نابیستم
هیج نابینم
تەنها شێوەی فریشتەیی
جەنابت نەبێت ئەی گەورەم
کەی وەڵامم دەدەیتەوە
ئەگەر سەرم
هەتا بەیانی
ئەژنۆم ماچ بکات و
خرپەی دڵم
خەو لە چاوانی مرۆڤ
حەرام بکات
دێتە گۆ
ئەو دەمە شەکرەی مەولانا و
ئاشنام دەکات
بە عیشقی خۆشەویستی
مرۆڤ بۆ مرۆڤ
یان دەبێ جارەکی تر
بەدوای شەمسەدین بگەڕێم و
پرسی تۆ لەو بپرسم
بزانم کامە پرسیار
دەبیتە پرسیاری بێ وەڵام
گەورەم لە بەردەمی
شیعری دیوان و نووسینەکانی مثنوی
سەر دادەنوێنم و گۆڕەکەت ماچ دەکەم
مەولانا
لە دەرگای رووحم دا
چاوەکی جوان
لە پەنجەرەیەکی بچووک
سەیری کردم
ئەوەندە جوان بوو
وەکو برووسکە دەبریسکایەوە
نەمزانی هیمای بۆ تۆی
مەزن بوو
یان بانگی منی کرد
دەمزانی لە قۆنیەوە
نزیکترم لە رووح
بەڵام دڵم هەر بۆ هەولێر
ترپەی دەهات و
حەزی دەکرد لەگەڵ
دڵی پاکی تۆدا
میوانداری ئەو گەورەیە بکەین
کە تۆ بۆی دییتە سەر ئەژنۆ
جارێک و دە جار و سەد جار و هەزاران جار
ڕۆژانە دەتبینم
لەگەڵی دەدوێی بە بێدەنگی
کەس تێناگات باسی چی دەکەن
راز و نازی یەکتر چۆن دەگۆڕنەوە
گەورەم ژێ لە کونەکانی
شمشاڵەکەت
بلوێرەکەت
نایەکەت
دێتە دەرێ و نازانم
وەکو فرمیسک خۆی نیشانم دەدات
یان خوێنە دەڕژێتە خوار
لەو دووریە رەنگی خوێن و فرمێسک
لێک جیا ناکەمەوە
ئەی لەوێ دەتوانم
رەنگی رووباری هەنگوین و
رووباری شەراب
لێک جیابکەمەوە
یا دەبی هەرتۆ بۆم ڕوونبکەیەوە
گەورەم
یەک قلە هەنجیری
ئەوێم دەوێ
تا تەمەنم بگاتە تەمەنی ئیبراهیم و
نامەوێ وەکو محەمەد کەم بژیم
یەک سێوم بۆ بێنە
با تەمەنم وەکو نوح درێژ بێت
نامەوێت وەکو عەلی
لە تەمەنی بچوکیدا بکوژرێم
ئەو هەموو شەڕە شیرەم ناوێت
ئەو کەللە سەرانە
بۆ دەکەنە تۆپ و یاری پێ دەکەن
ئەوە رەحمەتە
یا غەزەبە
نیشانی ئینسانی دەدەن
ئەوە سۆزی دایکە بۆ نەوەکەی
یا سۆزی نەوەیە بۆ باوکی
ئەو کورسیانە تێک دەشکێنم
کە دەبیتە سەرپانکردنەوەی
مرۆڤ بۆ مرۆڤ
گەورەم
ئەوە یەکەم
وانەی خۆشەویستی منە
بۆتۆ دەنووسم
جا نازانم کەی وەڵامم دەدەیەوە
یان لەوێ
لەبن دار توەکان
بەیەکتر دەگەینەوە و
باسی نامەکانم بۆ دەکەی
مەولانا
حەز دەکەم هەندێکی تر
لە ناو شیعرەکانت
مەلەبکەم
تا پشووەک بدەم
باوەڕبکە
نازانم خوێنە
یان فرمێسکە
لە چاوانم دێتەخوارێ
بەڵام دەزانم سوێرە
کە دەگاتە ناو دەمم
سوێرە لەخۆشیان
سوێرە لە ناخۆشی ساتی ژیان
لێرە پشوو دەدەم
مەولانا لە بەختی من
یان لە بەختی تۆ بوو
وەختێ سەیری
ڕووی نورانیتم دەکرد
لە لای گوێی ڕاستت
هەندێک بەرەو لای ملت
مانگ دەرکەوت و
خۆی خستە پێش چاوانم
باوەڕبکە لە ناو مانگدا
یەکسەر وێنەی تۆم بەدی کرد
دەمزانی ئەوە خەیاڵە و
چاوانم تێک دەسوڕێنێ
یان ڕەنگە ڕەشکەوپێشکەبکات
بە هەردوو دەست
چاوەکانم پاک کردەووە
وێنەی جوانی تۆ
دەقی لەسەر مانگ گرتبوو
دەدرەوشایەوە
بەو ئێوارە جوانەی قۆنیە
نا ببوورە من لە سەر قەڵاتی هەولێرەوە
تەماشای مانگم دەکرد
گەورەم ئەوەش
بەمن بە تۆ بە کەسانی تر
باوەڕناکرێت
خۆشەویستی شیعرەکانە
بەوخەیاڵانە مەستی کردووم
خۆ هێشتان
قومیکم لە ویسکی یەکەی
بەردەمم نەداوە هەتا بڵێم مەستی ئەوە
ئەگەر دەزانی
مەستی شەڕابی بەهەشتە
ئاوا زەفەرم بۆ دێنێ
پێم بڵێ و ڕزگارم کە
لەو دیلی خەیاڵە
مەولانا
لە بەرزایی چیاکانی لای خۆمان
گەنجانی جوانی دەور و بەری دەشتەکان
وێنەی شێخ خالیدی نەقشبەندی یان بینیبوو
لەسەر دەریای ناوەڕاست چەق دانیشتبوو
پرسیان شێخی مەزن
بۆ لە دەریا خۆت نیشانمان دەدەیت
هاواری وەکو
دەنگی بلوێرەکەت
دەهاتە بەر گوێ مان
دەیگووت
چاوەڕوانی مەولانەم
بەڵکو پێکەوە
سەفەری لای خودا بکەن و
هەندێک شیرناتی
بۆ ئەو مرۆڤە دڵ رەقانە بێنین
کە حەز لە ئینسان ناکەن
نەمانزانی
بە دیدارت شاد بۆوە
یان لە دیمەشق
لەیەکتر دابڕان
گەورەم
هەردەم بەبێ تۆ
سەری ئەو خاکەی ماچ نەدەکرد
هەردەم بەبێ تۆ
سەری کڕنووشی بۆ ئەژنۆی نەدەبرد
گەورەم
بەبی تۆ
ژیانی یەک چرکەش
هەناسەی نەدەدا
ئەوە چ عیشقێکی پیرۆز بوو
لەگەر یەکتر دەتان کرد
ئەوە چ خۆشەویستی یەکە
پێکەوەی گرێ دابوون
هەتا ئەمڕۆ
کەس لەو نهێنی یە جوانە
شارەزا نی یە
کەس لەو خۆشەویستی یەی
سوزدەبردنتان شارەزا نی یە
فەهد گردەوانی 17 ئۆکتۆبەر 2012 ستۆکهۆڵم
بهروار: 07/10/2015
1300 جار خوێندراوهتهوه
|