تەندروستی نەوشیران مستەفا لە جاران باشترە وهیچ عەیبی نییە


دوای بڵاوكردنەوەی چەند هەواڵێك لە سەر تەندروستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەپێش جەژنی قوربانەوە بە سەردانێكی كۆمەڵایەتیی لە وڵاتی ئەڵمانیایە، هەڵسوڕاوێكی گۆڕان زانیاری لە سەر تەندروستی نەوشیروان مستەفا بڵاودەكاتەوە.

دلاوەر حاجی عوسمان، پێشمەرگەی دێرین و هەڵسوڕاوی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ئەمڕۆ سێشەممە 6 ی تشرینی یەكەمی 2015، بۆ ماوەی 10 خولەك پەیوەندیم بە كاك نەوشیروان كرد و لە هەواڵی تەندروستی خۆیم پرسی، پێی راگەیاندم كە هیچ عەیبم نییە و تەندروستیم لە جاران باشترە".

دلاوەر حاجی عوسمان گوتی:" كاك نەوشیروان پێی گوتم نەیارەكانمان دەیانەوێت بەم درۆیانە گەلەكەمان چەواشە بكەن، بەم نزیكانەش دەگەڕێمەوە با ئەو میدیا و كەناڵە چەواشەكارانە باش بزانن بەم هەواڵە درۆیانەیان بڵاویدەكەنەوە گەلەكەمان لە داوای خۆیان سارد نابنەوە".

نەوشیروان مستەفا ئەمین، لە ساڵی 1944 لەسلێمانی لە بنەماڵەیەكی ناسراو لە دایكبووە، یەكەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە.

لە ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە. لە ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان. لە ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان. لە ساڵی 1969 خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووە. 

نەوشیروان مستەفا یەكێک لەو 7 ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بووە، بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی چەكداری نەوشیروان مستەفا خوێندنی دكتۆرای جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە باشووری كوردستان. دوای هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بووە تا ساڵی 2006 كە دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دروستكرد و بە رێكخەری ئەو بزووتنەوەیە داندرا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە دوو كوڕ و كچێكی هەیە، جگە لە كاری سیاسی، خاوەنی زیاتر لە 22 كتێبی ئەدەبی، مێژووی، سیاسی و یاداشتنامەیە.
ڕووداو
به‌روار:  06/10/2015
806   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   474
کۆی سه‌ردان:   29233159