لە یادی 31 ی ئابدا یەكێتی داوایەك ئاراستەی پەرلەمان دەكات

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی ٣١ی ئابی ٢٠١٥
١- سەرەتا لە یادی ١٩ یەمین ساڵڕۆژی كارەساتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و داگیركردنی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای رژێمی بەعسی رووخاوەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكارو هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەكەین كە لەو رۆژە رەشەدا سەدان كادیرو فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و سەدان هاوڵاتی بێتاوانی شاری هەولێرو دەوروبەری شەهیدكران و دەیان كەسی دیكەش دەستگیركران و بێسەرو شوێن كران، هەروەك دەیان هەزار هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون. ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیدانەی ئەو كارەساتە دەكەین و ئومێدەوارین جارێكی تر كارەساتی هاوشێوە رووبەرووی گەلی كوردستان نەكرێتەوە. هەر لەم یادەدا داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین وەك مەرجەعی باڵای ئاسایی و شەرعی گەلی كوردستان هەڵوێستێكی فەرمی بنوێنێت لەپێناو پاشەكشەی هێزەكانی توركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك.
٢- داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە چارەنووسی بێسەرو شوێنەكانی ئەو كارەساتە ئاشكرابكرێت و قەرەبووی زیان لێكەوتووەكان بكرێتەوە.
٣- سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پرۆسەی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئەنجومەنی ناوەندی جارێكی دیكە پشتگیری لە سیاسەت و هەڵوێست و پرۆژەی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە جەخت دەكاتەوە لەسەر سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان و هەمواركردنەوەی دەسەڵاتەكانی. لە بارێكیشدا ئەگەر سازان و رێككەوتن لەنێوان لایەنەكان لەسەر ئەم پرسە نەكراو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو بە چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە، ئەنجومەنی ناوەندی داوا دەكات كە جەماوەری كەركوك لەو هەڵبژاردنە بێ بەش نەكرێن و هاوڵاتیانی كەركوك و هەموو ئەو ناوچە كوردستانیانەی كە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكەن.
٤- لە كاتێكدا كە كەیسی داگیركردنی شاری موصل لە پەرلەمانی عیراق لێكۆڵینەوەی تیادا كراو كەسانی كەمتەرخەم رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، داواكارین لە پەرلەمانی كوردستان كە لێكۆڵینەوە لە كەیسی داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری و بەجینۆسایدكردنی كوردانی ئێزیدی بكات و كەمتەرخەمەكان رووبەڕووی یاسا بكرێنەوەو ئەنجامەكەش بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت.
نەمری بۆ شەهیدانی گەلەكەمان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان

ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٣١ی ئابی ٢٠١٥
نەوا
به‌روار:  01/09/2015
454   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   283
کۆی سه‌ردان:   29253001