عەلی باپیر هۆشداری دەداتە پێنج لایەنەکە
بۆ ئەوەی پەنجەی پەشیمانیی نەگەزین
با لەهەوڵی پێكگەیشتندا نەبەزین!
دوێنێ‌ {30/8/2015} كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووەو، مەوعیدێكی دووریش دانراوە بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو: (6/9/2015) بەوبۆنەوەیەش دەڵێم:
یەك:
پێموایە ئەگەر نەگەینە لێك تێگەیشتن "گرێ‌ی دەستان دەخەینە ددانان"و بارودۆخەكە لەخۆمان ئاڵۆزتردەكەین‌و، دەرگای ئەگەری جۆراوجۆر بەسەرخۆماندا دەكەینەوە.
دوو:
بۆیە پێویستە هەموولایەك لەسەر هەوڵی پێكگەیشتن سووربین‌و، لـێ‌ی ماندوو نەبین‌و، لەوڕاستییەش دڵنیابین كە لەئەنجامی پێك نەگەیشتندا هەموومان –هەركەسە لەقەدەر خۆی- زیانبار دەبین‌و، لە سەودای {پێك نەگەیشتن}دا هیچكەس براوە نابێ‌.
سـێ‌: 
وەك پێشتریش گوتوومە: بەبێ‌ بۆ یەكدی دابەزین (تنازل) ناگەینە ئەنجام، كێش زیاتری لەلابێ‌ دەبێ‌ پتر ببەخشێ‌‌و، هەبوونی نیەتی چاكسازیی‌و پێكگەیشتنیش، هەوێنی پڕۆسەی پێكگەیشتن (اتفاق)ە: {...إِنْ يُرِيدَآ إِصْلاَحَاً يُوَفِّقِ اللهُ بَيْنَهُمَا...} النساء -35-،هەرلایەنێكیش بەجیددیی مەبەستی سازان بێ‌، دەبێ‌ لەئاقار خۆیەوە بەرەو لایەنەكانی دیكەو، خاڵە هاوبەشەكانی نێوانیان بچێ‌، ئەگەرنا هەڵوێستەكەی ناچێتە بازنەی (سازان)ەوەو، وادیارە (سازاندن)ی گەرەكە!
چـوار:
شایانی باسیشە لەنێوان: 11/8/2015و 16/8/2015دا هەوڵێكی پێكهاتنی لایەنە سەرەكییەكانمدا "دوور لە چاوی ڕاگەیاندن" بۆ مێژوو ئاماژەی پێكدەكەم:
11/8/2015 سەردانی كاك مەسعود بارزانیی.
11/8/2015 سەردانی كاك كۆسرەت ڕەسول.
شەوی 13-14/8/2015 سەردانی مامۆستا موحەممەد فەرەج.
15/8/2015 پێشوازیی كردن لە د. بەرهەم صاڵح.
16/8/2015 سەردانی كاك نەوشێروان موستەفا.
16/8/2015 سەردانی هێرۆخان.
16/8/2015 پێشوازیی كردنی كاك نێچیرڤان بارزانیی‌و كاك فازل میرانیی.
16/8/2015 پێشوازیی كردنی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان.
پێشموایە هەوڵەكەم "وێڕای هەوڵەكانی دیكە" كاریگەریی هەبوو بۆ زەمینەسازیی كردن بۆ كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی.
پێنج:
لەكۆتاییشدا دەڵێم:
با هەرچی زووترە بە ئیرادەیەكی پتەوی پێكگەیشتن‌و دڵسۆزیی بۆ خەڵك‌و وڵات، دوور لە دەمارگیریی‌و، گرێ‌‌و گۆڵی دەروونیی‌و مێژوویی‌و، پارێزگاریی لێكردنی بەرژەوەندیی تەسك، هەر پێنج لایەنەكە كۆبینەوەو دەست لە پێكگەیشتن بجووڵێنین، بەرلەوەی هەلێكمان لەدەست بچێ‌ كە قەرەبوو نەبێتەوە.
عــەلــی بــاپــیـر
16/زولقەعیدە/1436 كـ
31/ئابی/2015ز
هەولێر
پەیجی عەلی باپیر
به‌روار:  01/09/2015
506   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   809
کۆی سه‌ردان:   29234615