"من خه‌ونێکم هه‌یه" ده‌قی وتاره به‌ناوبانگه‌که‌ی مارتن لۆسه‌ر کینگ
ده‌قی وتاره به‌ناوبانگه‌که‌ی مارتن لوسه‌ر کینگ، که 52 ساڵ پێش ئێستا له‌واشنتۆن له‌به‌رده‌م نزیکه‌ی 250 هه‌زار که‌سدا خوێندیه‌وه‌و دۆسیه‌ی یه‌کسانی ره‌شپێست‌و سپیپێستی هه‌نگاوێکی دیکه له‌سه‌رکه‌وتن نزیک کرده‌وه.
ده‌قی وتاره‌كه:
وه‌رگێڕانی: یاسین محه‌مه‌د
28/8/1963
شادومانم كه ئه‌مڕۆ له گه‌ڵتانم له‌م بۆنه مێژوییه له‌گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له‌پێناوی ئازادی له‌مێژوی نه‌ته‌وه‌ییماندا.
سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌وره پیاوێكی ئه‌مه‌ریكا، كه ئێمه ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ڕه‌مزێكی ئه‌ودا ڕاوه‌ستاوین، جاڕنامه‌ی ڕزگاركردنی كۆیله‌كانی واژۆ كرد. ئه‌م فه‌رمانه گرنگه مه‌شخه‌ڵێكی مه‌زنی ئومێدبوو بۆ ملیۆنان كۆیله‌ی ڕه‌ش پێست كه له‌نێو بڵیسه‌ی نادادپه‌روه‌ریدا هه‌ڵقرچا بوون. به‌ره‌به‌یانێكی دڵخۆشكه‌ر بوو بۆ كۆتاییهێنان به‌شه‌وی دوور‌و درێژی كۆیلایه‌تی.
به‌ڵام پاش سه‌ده‌یه‌ك، ڕه‌ش پێسته‌كان هێشتا ئازاد نه‌بوون. پاش سه‌ده‌یه‌ك، به‌داخه‌وه هێشتا ژیانی ڕه‌ش پێسته‌كان به‌هۆی كۆت‌و پێوه‌ندی ره‌گه‌زپه‌رستی‌و زنجیری جیاكاریه‌وه ئیفلیج بووه. پاش سه‌ده‌یه‌ك ره‌ش پێسته‌كان له‌نێو دورگه‌یه‌كی دابڕاوی هه‌ژاریدا ژیان ده‌به‌نه‌سه‌ر له‌چه‌قی ئۆقیانوسێكی مه‌زنی سه‌رفرازی مادیدا. پاش سه‌ده‌یه‌ك ره‌ش پێسته‌كان هێشتا سه‌ركوت ده‌كرێن له‌هه‌موو سوچێكی كۆمه‌ڵگای ئه‌مه‌ریكیدا، خۆیان وه‌ك ره‌هه‌نده‌یه‌ك ده‌بینن له‌نێو نیشتیمانی خۆیاندا. هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ ئێمه لێره‌ین بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و بارودۆخه شه‌رم ئاوه‌ره.
پێكه‌وه به‌یه‌ك هه‌ست هاتووین بۆ پایته‌ختی نیشتیمانمان بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌و قه‌واڵه‌یه. كاتێك داڕێژه‌رانی كۆماره‌كه‌مان وشه قه‌شه‌نگه‌كانی ده‌ستوره‌كه‌مانیان نوسیه‌وه‌و جاڕنامه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونیان بۆ گه‌ڵاڵه‌كردین، ئه‌وان به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیان واژۆكرد كه به‌وپێیه هه‌موو ئه‌مه‌ریكیه‌كان چاوه‌ڕوانی به‌ركه‌وتی میرات بوون. ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه په‌یماننامه‌یه‌ك بوو بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان، به‌ڵێ به‌ره‌ش پێست‌و سپی پێسته‌وه بۆ دڵنیابوون له هه‌بوونی مافی ژیانێكی ئازاد‌و خۆشگوزه‌ران. شتێكی روون‌و ئاشكرایه كه ئه‌مڕۆكه ئه‌مه‌ریكا دواكه‌وتووه له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه له‌و راده‌یه‌ی په‌یوه‌ندیداره به‌هاوڵاتیانی ره‌نگه جیاوازه‌كانه‌وه. له‌بری شانازیكردن به‌و به‌ڵێننامه پیرۆزه‌وه، ئه‌مه‌ریكا قه‌واڵه‌یه‌كی خراپی به‌خشیه ره‌ش پێسته‌كان، قه‌واڵه‌یه‌ك كه ئاماژه‌ی "نه‌مانی پشتیوانی مادی" پێگه‌یاندین.
به‌ڵام ئێمه ئه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه باوه‌ڕ به‌وه بهێنین بانكی دادپه‌روه‌ری نابوت بووبێت. ئێمه ئه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه‌وا هیچ ئاماژه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ "نه‌مانی پشتیوانی مادی" پێویست له‌ناو ئه‌و گه‌نجینه گه‌ورانه‌ی ره‌خساندنی بوار له‌به‌رده‌می ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا. بۆیه ئێمه هاتووین تا ئه‌و قه‌واڵه‌یه ئاڵوگۆڕكه‌ین، قه‌واڵه‌یه‌ك كه خواستی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له‌ئازادی‌و ئاسایشی دادپه‌روه‌ریمان پێده‌دات.
هه‌روه‌ها ئێمه هاتووین بۆ ئه‌م شوێنه پیرۆزه تابیری ئه‌مه‌ریكا بهێنینه‌وه له‌راده‌ی خێرایی تێپه‌ڕبوونی كاتی ئێستا. ئێستا كاتی سه‌رقاڵ بوون نیه به‌رێكه‌وتن یاخود به‌كارهێنانی ده‌رمانی هێوركه‌ره‌وه‌وه. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه وابكه‌ین به‌ڵێنه‌كانی دیموكراسی بخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه له‌دۆڵه تاریك‌و چۆڵه‌كانی جیاكاریه‌وه هه‌ستینه‌وه به‌ره‌و راڕه‌وی شه‌به‌قی دادپه‌روه‌ری ره‌گه‌زی. ئێستا كاتی ده‌رهێنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه له‌نێو لیته‌ی سته‌مكاری ره‌گه‌زی‌و خستنی بۆ سه‌ر تاوێری بته‌وی برایه‌تی. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه وابكه‌ین تا دادپه‌روه‌ری ببێته واقیعی هه‌موو منداڵانی خودا.
مایه‌ی كاره‌ساته بۆ میلله‌تێك چاوپۆشی بكات له‌خێرا ره‌تبوونی ئه‌م ساته. ئه‌م هاوینه گه‌رمه‌ی ناڕازیه ره‌واكه‌ی ره‌ش پێسته‌كان نابێت كۆتایی بێت هه‌تاكو پایزی پڕ جۆش‌و خرۆشی ئازادی‌و یه‌كسانی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنێت. 1963 كۆتایی نیه، به‌ڵكو ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كه. ئه‌وانه‌ی كه خوازیارن ره‌ش پێسته‌كان كه‌ف‌و كوڵی دڵی خۆیان هه‌ڵڕێژن‌و قایلبن به‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا تیایدان ده‌بێت بزانن راچه‌ڵه‌كاندنێكی توند له‌ئارادایه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی هه‌روا به‌ئاسانی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كار‌و باره‌كانی پێشوویان. نه‌پشوو نه‌حه‌وانه‌وه نابێت له‌ئه‌مه‌ریكادا هه‌بێت هه‌تاوه‌كو ره‌ش پێسته‌كان مافی هاوڵاتی بوونیان پێده‌درێت. باهۆزی شۆڕش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ هه‌ژاندنی سه‌راپای دامه‌زراوه‌كانی وڵاته‌كه‌مان هه‌تا ئه‌وكاته‌ی رۆژی گه‌شی دادپه‌روه‌ری سه‌رهه‌ڵده‌دات.
به‌ڵام چه‌ند شتێك هه‌یه پێویسته من به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆمانی رابگه‌یه‌نم ئه‌وانه‌ی كه ئێستا له‌لێواری ئه‌و گه‌رماییه‌دا راوه‌ستاون كه ده‌مانبات به‌ره‌و ته‌لاری دادپه‌روه‌ری: له‌پڕۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی یاسایی خۆماندا نابێت بهێڵین به‌كرده‌وه‌ی چه‌وت تاوانبار بكرێین. لێگه‌ڕێن با له‌پێناوی پاراوكردنی تینوێتیمان بۆ ئازادی نه‌گه‌ڕێین به‌دوای نۆشكردنی په‌یمانه‌ی پڕ له‌تاڵاو و رق‌و كینه‌دا. پێویسته بۆ هه‌تا هه‌تایه خه‌باتی خۆمان بگه‌یه‌نینه سه‌ر ئاسته بڵنده‌كانی شكۆمه‌ندی‌و دیسپلینه‌وه. نابێت بهێڵین ناڕه‌زایبوونه خولقێنه‌ره‌كه‌ی ئێمه نزم بێته‌وه بۆ ئاستی توندوتیژی جه‌سته‌یی. دووباره‌و دووباره پێویسته به‌رزببینه‌وه بۆ پله باڵاكانی شكۆمه‌ندی بۆ گه‌یاندنی هێزه جه‌سته‌ییه‌كان به‌هێزه رۆحیه‌كان.
ئه‌و توندوتیژیه نوێیه‌ی كه گه‌مارۆی كۆمه‌ڵگای ره‌ش پێسته‌كانی داوه نابێت وامان لێبكات متمانه‌ی هه‌موو سپی پێسته‌كان له‌ده‌ست بده‌ین، بۆ زۆرێك له‌برا سپی پێسته‌كانمان كه ئه‌مڕۆ به‌به‌ڵگه‌وه بوونی خۆیان لێره ئیسپات كردووه، به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ روون بۆته‌وه كه چاره‌نوسی ئه‌وان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌چاره‌نوسی ئێمه‌وه. گه‌یشتونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئازادی ئه‌وان له ئازادی ئێمه جیانابێته‌وه.
ئێمه ناتوانین به‌ته‌نیا هه‌نگاو هه‌ڵبێنین.
ئه‌وكاته‌شی كه هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێین، ده‌بێت به‌ڵێن بده‌ین كه هه‌میشه به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕۆین.
چیدی ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه.
كه‌سانێك هه‌ن پرسیار له‌هه‌وادارانی مافه مه‌ده‌نیه‌كان ده‌كه‌ن "كه‌ی ئێوه وازدێنن؟" ئێمه هه‌رگیز وازناهێنین له‌كاتێكدا ره‌ش پێسته‌كان قوربانی تۆقاندنی سیاسه‌تێكی دڕندانه‌ن. ئێمه هه‌رگیز وازناهێنین له‌كاتێكدا لاشه‌كانمان كه به‌هۆی شه‌كه‌تی گه‌شته‌وه قورس بوون، نه‌توانن له‌مۆتێلی سه‌ر رێگا سه‌ره‌كیه‌كان‌و ئوتێلی شاره‌كان بحه‌وێنه‌وه. ئێمه وازناهێنین له‌كاتێكدا ته‌نیا جموجوڵی سه‌ره‌كی ره‌ش پێسته‌كان گواستنه‌وه‌یان بێت له‌گیتۆیه‌كی بچوكه‌وه بۆ یه‌كێكی گه‌وره‌تر. ئێمه هه‌رگیز وازناهێنین له‌كاتێكدا منداڵه‌كانمان هێڵ به‌ژێریاندا بهێنرێت به‌هۆی جۆری بونیادیانه‌وه هه‌روه‌ها له شكۆیان كه‌مبكرێته‌وه به‌و بڕگه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت "ته‌نیا بۆ سپی پێسته‌كانه".
ئێمه هه‌رگیز به‌وه رازی نابین كه ره‌ش پێستێك له‌میسیسیپی نه‌توانێت ده‌نگ بدات‌و ره‌ش پێستێكی تریش له‌نیۆرك بڕوای وابێت كه هیچ شتێك نیه له‌پێناویدا ده‌نگی بۆ بدات. نه‌خێر نه‌خێر ئێمه هه‌رگیز رازی نابین ناشتوانن رازیمان كه‌ن تا ئه‌و ده‌مه‌ی دادپه‌روه‌ری وه‌ك ئاو داده‌بارێت‌و راستیش وه‌ك ته‌وژمێكی به‌هێز.
بێ ئاگانیم له‌وه‌ی كه هه‌ندێك له‌ئێوه به‌بێ رێپێدانی دادگا‌و به‌ده‌رده‌سه‌ری هاتوون بۆ ئێره. هه‌ندێًك له‌ئێوه تازه له‌ژوره ته‌سكه‌كانی زیندانه‌وه هاتوون. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ئێوه له‌و ناوچانه‌وه هاتوون كه داخوازیتان بۆ به‌دیهێنانی ئازادی كردوونی به‌دڕنده. ئێوه ئه‌زمونتان هه‌یه له چه‌شتنی ئازاره‌كاندا.
به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر كاركردن به‌پێی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئازارچه‌شتنی ناشایسته پاكبوونه‌وه‌یه له‌گوناه. بگه‌ڕێنه‌وه بۆ میسیسیپی، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌لاباما، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كارۆلاینای باشور، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ جۆرجیا، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لویزیانا، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گه‌ڕه‌كه هه‌ژار نشینه‌كان‌و گیتۆكانی شاره‌كانی باكور، بزانن ئه‌م بارودۆخه هه‌ر ده‌بێت بگۆڕدرێت.
هاوڕێیان ئه‌مڕۆ پێتانده‌ڵێم با نه‌تلێینه‌وه له‌ناو دۆڵی نائومێدیدا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ده‌بینه‌وه، به‌ڵام من هێشتاش خه‌ونێكم هه‌یه. خه‌ونێك كه له‌خه‌ونی ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه راده‌په‌ڕێت‌و له‌گه‌ڵ مانای راسته‌قینه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌دا ده‌ژی "ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و راستیه ببێت به‌شتێكی به‌ڵگه نه‌ویست كه‌وا هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌یه‌كسانی خولقێندراوون".
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك له‌سه‌ر ته‌پۆڵكه سوره‌كانی جۆرجیا نه‌وه‌ی كۆیله‌كانی پێشووترو نه‌وه‌ی خاوه‌ن كۆیله‌كانی پێشووتر بتوانن پێكه‌وه له‌سه‌ر مێزی برایه‌تی دابنیشن.
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك بێت ته‌نانه‌ت ویلایه‌تی میسیسیپیش ئه‌و ویلایه‌ته‌ی كه به‌گه‌رمای نادادپه‌روه‌ری هه‌ڵقرچاوه، هه‌ڵقرچاوه به‌سه‌ركوتكردن ده‌بێت سه‌ره‌نجام ببێت به‌په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری.
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك بێت هه‌ر چوار منداڵه خنجیله‌كه‌م له‌وڵاتێكدا بژین به‌هۆی ره‌نگی پێستیانه‌وه حوكمیان به‌سه‌ردا نه‌درێت، به‌ڵكو به‌هۆی لێهاتووییانه‌وه.
ئه‌مڕۆكه من خه‌ونێكم هه‌یه.
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك بێت له ئه‌لاباما به‌و ره‌گه‌زپه‌رسته توندانه‌وه، به‌حاكمی ویلایه‌تیشه‌وه كه سه‌ری زمانی "ده‌ستێوه‌ردان"و "ره‌تكردنه‌وه‌یه" رۆژێك بێت هه‌ر رێك له‌وێ له ئه‌لاباما كوڕ و كچی ره‌ش پێست له‌گه‌ڵ كوڕ و كچی سپی پێست پێكه‌وه ده‌ست له‌ناو ده‌ست وه‌ك خوشك و برا هه‌ڵكه‌ن.
من ئه‌مڕۆ خه‌ونێكم هه‌یه!
خه‌ونێكم هه‌یه كه رۆژێك بێت هه‌موو دۆڵه‌كان به‌رزببنه‌وه و ته‌پۆڵكه‌و شاخه‌كانیش نزم ببنه‌وه شوێنه ره‌قه‌ڵانه‌كان ده‌شتایی لێ‌دروست بكرێت‌و شوێنه خوارو خێچه‌كانیش رێك بكرێنه‌وه "ئیدی شكۆمه‌ندی خواوه‌ند ده‌ربكه‌وێت و هه‌موو بونه‌وه‌ر پێكه‌وه به بینینی شادبن".
ئه‌مه ئومێدی ئێمه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌و بیر و باوه‌ڕه‌یه كه من له‌پێناویدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ باشور.
به‌م بیر و باوه‌ڕه‌وه ئێمه ده‌توانین تاشه به‌ردی هیوا له‌شاخی نائومێدی داتاشین. به‌م بیر‌و باوه‌ڕه‌وه ده‌توانین ده‌نگی ژاوه‌ژاوی نه‌شازی وڵاته‌كه‌مان بگۆڕین به‌سیمفۆنیای دڵگیری برایه‌تی. به‌م بیر‌و باوه‌ڕه‌وه ئێمه ده‌توانین پێكه‌وه كاربكه‌ین، پێكه‌وه نوێژبكه‌ین، پێكه‌وه ركابه‌ری یه‌كتر بكه‌ین، پێكه‌وه بچینه زیندان، پێكه‌وه هه‌ستینه سه‌رپێ له‌پێناو ئازادی‌دا، ده‌زانین كه ئه‌و رۆژه هه‌ردێت ئازاد ببین.
ئه‌مه‌ش ئه‌و رۆژه‌یه.. ئه‌و رۆژه‌ی كه منداڵانی خودا ده‌توانن به‌مانای نوێوه پێكه‌وه گۆرانی بچڕن:
وڵاته‌كه‌م ئه‌مه بۆ تۆیه، خاكی شیرینی ئازادی بۆ تۆیه من گۆرانی ده‌چڕم.
ئه‌ی مه‌زارگه‌ی باو و باپیرمان، سه‌رزه‌مینی جێی شانازی گه‌ڕیده‌كان.
له‌گشت لاپاڵی شاخه‌كانه‌وه با ئازادی بزرنگێته‌وه!
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ببێته وڵاتێكی مه‌زن ئه‌وكات ئه‌وه ده‌بێته راستی.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌لوتكه‌ی گرده‌كانی نیو هامپاشایه‌ره‌وه.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌چیا سه‌ركه‌شه‌كانی نیۆركه‌وه.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌سه‌ر لوتكه‌ی زنجیره چیاكانی په‌نسلڤانیاوه.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌سه‌ر لوتكه‌ی به‌فرگرتووی چیاكانی رۆكیه‌وه له‌كۆلۆرادۆ.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌لێژاییه‌كانی كالیفۆڕنیاوه.
به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ش نا:
با ئازادی بزرنگێته‌وه له‌تاشه به‌ردی چیاكانی جۆرجیاوه.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له قوله‌كانی چیای تینسیه‌وه.
با ئازادی بزرنگێته‌وه له هه‌موو گردو گردۆڵكه‌كانی میسیسیپیه‌وه.
له‌هه‌موو لاپاڵی چیاكانه‌وه با ئازادی بزرنگێته‌وه.
كاتێكیش كه ئه‌وه روویدا، كاتێك لێگه‌ڕاین ئازادی بزرنگێته‌وه، كاتێك هێشتمان له‌هه‌موو گوند‌و كوێره‌دێیه‌ك، له‌هه‌موو شار‌و ویلایه‌تێك ئازادی بزرنگێته‌وه، ئه‌وا ئێمه ده‌توانین گوڕ‌و تین بده‌ینه ئه‌و رۆژه كاتێك كه هه‌موو منداڵانی خودا: ره‌ش پێست‌و سپی پێست، جوله‌كه‌و ناجوله‌كه، پڕۆتستانت‌و كاسۆلیك، پێكه‌وه ده‌توانن ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستی یه‌ك گۆرانی بڵین به‌هه‌مان ئه‌و وشه روحانیه كۆنانه‌ی ره‌ش پێسته‌كان:
سه‌ره‌نجام گه‌یشتین به‌ئازادی! سه‌ره‌نجام گه‌یشتین به‌ئازادی!
سوپاس بۆ خوای میهره‌بان دواجار ئێمه ئازادین!
ئاوێنە
به‌روار: 30/08/2015
559 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|